خەلیل عەبدولڵا: ئەمە كتێبێكی گرنگی دكیۆمێنتاری وەرزشییە



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - تایبه‌ت

بەچاودێری خەلیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و ژمارەیەك لەیاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی كورد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە (7-8-2022) لەنێو هۆڵی عەبدولخالق مەعروف-ی بەڕێوەبەرایەتی مەشق و راهێنانی میدیایی، بەسپۆنسەری كۆمپانیای حاجی دیدار شێڕوانی پرێس كۆنفرانسی ناساندن و پێشكەش كردنی كتێبی (كورد لەتۆپی پێی عێراقدا) بەڕێوەچوو.

لەدەستپێكی پرێس كۆنفرانسەكەدا خەلیل عەبدوڵڵا وتی: خوشك و برایانی بەڕێز میوانانی بەڕێز وەرزشكاران و كەسوكاری وەرزشكاران بەناوی وەزارەتی رۆشنیری و لاوانەوە بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ رێوڕەسمی ناساندنی كتێبی كورد لەتۆپی پێی عێراقدا كە ئەم كتێبە كتێبێكی دیۆكۆمێنتارییە و مێژووی 71 ساڵی وەرزشی یاریزانەكان و راهێنەرەكان و ناوبژیوانەكانی لەكوڕان و كچان خستووەتەڕوو كە هەردوو برای خۆشەویست كاك سەنگەر و كاك زاگرۆس ئامادەیان كردووە و لێرەوە پڕبەدڵ پیرۆزباییان لێ دەكەم و بەناوی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە دەستخۆشی ئەمكارە مەزنەیان لێ دەكەم.

هەروەها لەدرێژەی قسەكانیدا وتی: بەڕاستی ئەمە كارێكی گرنگ و كتێبێكی گرنگی دیۆكۆمێنتاری وەرزشییە و مێژووی 71 ساڵی وەرزشی نوسیووە لەساڵی 1951ەوە هەموو یاریزان و راهێنەر و ناوبژیوانانی لەخۆگرتووە بەشێوەیەكی جوان ژیاننامە و بیۆگرافی ئەم كەسایەتییانە نووسراوەتەوە و بەكاغەزی ئاڕت و بەڕەنگاوڕەنگی، بەڕاستی ئەمە نووسینەوەی مێژووی وەرزشی كوردستانە.

دواجاریش وتی: ئەمە كارێكی گرنگ و جێگەی دەستخۆشی و جێگەی شانازییە و جارێكی تریش بەناوی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم لەكاك سەنگەر و كاك زاگرۆس و پیرۆزبایی لەهەموو ئەو كەسایەتییە وەرزشییانە دەكەم كە لەدوو توێی ئەم كتێبەدا ژیاننامەكەیان نووسراوەتەوە وەك میژوویەكی گرنگی وەرزشی تۆمار دەكرێت و دەمێنێتەوە بۆ نەوەی ئێستا و داهاتووی گەلی كوردستان و زۆر سوپاستان دەكەم.

دوای ئەوە هەردوو نووسەری كتێبەكە پاش بەخێرهێنانی ئامادەبووان، سوپاسی تایبەتی بەڕێز خەلیل عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیان كرد كە پاڵپشتی لەپڕۆژەكەیان كرد و لەسەر ئەركی دیوانی وەزارەت بەچاپی گەیاند، هەروەها چەند زانیارییەكی گرنگیان لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكە پێشكەشی ئامادەبووان كرد و رایانگەیاند كە ئامانجێكیان هەبوو توانییان كاری لەسەر بكەن ئەویش كاركردن بوو لەسەر نەفەوتانی ئەرشیف و ژیانی وەرزشی وەرزشوانانی كوردستان و ئاشناكردنیان بەنەوەكانی ئێستا و ئایندە، دواجاریش كتێبەكە بەدیاری پێشكەش بەیاریزانان و راهێنەران و ناوبژیوانانی شاری هەولێر كرا.


PM:03:30:08/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 2344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌