یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ ساڵی‌ (1999) ،بیری‌ له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن داهاتویه‌كی‌ پرشنگدار بۆ وه‌رزش ده‌سته‌به‌ربكات ، نه‌ك ته‌نیا له‌سنوری‌ یانه‌كه‌ به‌ڵكو له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌ به‌گشتی‌ ئه‌ویش به‌ پێ‌ی‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ جێگیر و به‌ڕه‌چاوگرتنی‌ بنه‌ما و ناسنامه‌ی‌ وه‌رزشی‌ گه‌لان هه‌نگاوه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌نێت، ئه‌گه‌ر له‌نزیكیشه‌وه‌ چاوێك بخشێنیت به‌ ئامانجه‌كانی‌ دروست بوونی‌ ئه‌م یانه‌یه‌ ده‌بینیت كه‌ ئه‌م یانه‌یه‌ ته‌نیا ئامانجی‌ وه‌رزشه‌ ، بێگومان به‌ڵگه‌شمان بوَ دروستی‌ ئه‌م ووته‌یه‌  له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخوَی هاوكاریكردنی‌ چه‌ند تیپ و ده‌زگا و گروپ و گه‌نجان و لاوانی‌ ورزش دۆستی‌ گوند و لادێكانی‌ كورستان كه‌ سه‌ر به‌ هیچ یانه‌یه‌كی‌ وه‌رزشی‌ نین،ئه‌ویش به‌دابینكردنی‌ كه‌ل وپه‌لی‌ وه‌رزشی‌ بۆیان ،هه‌روه‌ها پاڵپشتی‌ كردنی‌ ئه‌و تیپ و لاوه‌ به‌هره‌مه‌ندانه‌ كه‌ سه‌ر به‌هیچ یانه‌یه‌ك نه‌بوون و به‌شدار بوون له‌ پاڵه‌وانێتیه‌ جۆراو جۆره‌كاندا، ئه‌ویش به‌گرتنه‌ ئه‌ستۆی‌ خه‌رجیه‌كانی‌ به‌شدار بونیان.
 
 
    له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی‌ خولی تاقیكردنه‌وه‌ی‌ ناوبژیوانانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ یاری‌ شه‌تره‌نج به‌ به‌شداربوونی‌ (6) وڵاتی‌ عه‌ره‌ب، و رێكخستنی‌ خولێكی‌ تری‌ ڕاهێنانی‌ بواری‌ (قوتابخانه‌كانی‌ تۆپی‌ پێ) به‌ هاوكاری‌ ڕێكخراوی‌ (CCPA) ی‌ دانیماركی بۆ ڕاهێنه‌رانی‌ یانه‌كانی‌ كوردستان و پاشان  له‌سه‌ر ئاستی‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ریش توانیویه‌تی‌ یاریزان به‌ به‌شێوه‌ی‌ خواستن بداته‌ یانه‌ی‌ مه‌له‌كی‌ ئوردنی‌.....هتد.به‌ڵگه‌ی‌ ڕوون و ئاشكران بۆ هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ یانه‌كه‌مان بوَ به‌روپێش چوونی‌ وه‌رزش له‌ هه‌رێم و ولاَته‌كه‌مان.
                به‌گشتی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆیدا له‌سه‌رجه‌م یاریه‌كاندا توانیویه‌تی‌ ئه‌نجامی‌ به‌رچاوی‌ به‌ده‌ستبهێنێت و ببێته‌ جێگه‌ی‌ متمانه‌ و ستایشی‌ عاشقان و لایه‌نگرانی‌ یانه‌كه‌،هه‌واڵی‌ چالاكی و وێنه‌ی‌ پاڵه‌واناكانی‌ له‌ (كوڕان،كچان) بوته‌ مانشێت و ڕوپه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ و گوَڤاره‌ وه‌رزشییه‌كانی‌ ناو خوَیی‌ و ده‌ره‌كی‌.
       ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم كه‌ به‌ڕێنماییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌و هه‌وڵ و تێكۆشانی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ یانه‌كه‌  به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌مان داوه‌ كه‌ بێوچان له‌ خزمه‌تكردن كۆڵنه‌ده‌ین و خه‌رمانی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ یانه‌كه‌ به‌ره‌و ئاستێكی‌ باڵاتر به‌رین، ئه‌ویش به‌ دابینكردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ئارام و بلاَوكردنه‌وه‌ی‌ گیانی‌ خۆشه‌ویستی‌ و ته‌بایی‌ له‌ سه‌رجه‌م پێكهاته‌و تیپه‌ جۆراوجوره‌كانمان و دابینكردنی‌ هه‌موو كه‌ل و په‌ل و پێداویستیه‌كی‌ به‌شه‌كان و هه‌وڵی‌ جدی‌ تر بدرێت بۆ پته‌و كردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو یانه‌كانی‌ كوردستان و عیراق و دروست كردنی‌ پردێكی‌ هاوكاری‌ له‌نێوانماندا.

مێژووی‌ كورتی‌ یانه‌كه‌
یانه‌یه‌كی‌ وه‌رزشی‌ كوردستانیه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شه‌ سه‌ندنی‌ بواری‌ وه‌رزش و پێگه‌یاندنی‌ نه‌وه‌یه‌كی‌ ته‌ندروست و به‌سود بۆ گه‌له‌كه‌مان تێده‌كۆشێت.
ئه‌م یانه‌یه‌ له‌ڕووی‌ فه‌رمییه‌وه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌و له‌ڕووی‌ كارگێڕییه‌وه‌ خاوه‌نی‌ په‌یكه‌ری‌ خۆی و سیستمی‌ كاری‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌یه‌، سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی‌ یانه‌كه‌ش راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ یانه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ یانه‌كه‌ش به‌هه‌نده‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ئاسۆیه‌كی‌ ڕوون و گه‌شتر بۆ یانه‌كه‌.
ئامانجه‌كانی‌ یانه‌كه‌
1-ناساندنی‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌موو جیهان كه‌ جگه‌ وه‌كو كه‌سێكی‌ خه‌باتكه‌ر دژ به‌ڕژێمی‌ داگیركه‌ر له‌بواری‌ وه‌رزشدا هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشه‌وه‌یه‌.
2-دابینكردنی‌ ژینگه‌یه‌كی‌ ئارام و په‌روه‌رده‌یی‌ له‌بار بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی‌ یانه‌كه‌.
3-به‌رز كردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ شاره‌زایی‌ و لێهاتووی‌ راهێنه‌رانی‌ یانه‌كه‌ و ناردنیان بۆ خوله‌ جیاوازه‌كان.
4-ده‌سته‌به‌ر كردنی‌ ئه‌نجامی‌ شیاوو به‌رچاوو دیار له‌یارییه‌ جیا جیاكاندا له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كی‌.
5-گرنگیدان به‌پێگه‌یاندنی‌ ( منداڵان و بێچوه‌شێران) تاوه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر ئه‌وان پاڵپشتی‌ نه‌وه‌كانی‌ داهاتووی‌ خۆیان بن و ژێر خانێكی‌ سودمه‌ندیش بن بۆ یانه‌كه‌.
6-له‌ڕێگه‌ی‌ وه‌رزشه‌وه‌ ڕۆڵه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌موو نه‌ته‌وه‌ جیاجیاكانی‌ جیهان ده‌ناسێنن.