‌نیشانه‌ و هۆكار و چاره‌سه‌ری ئازاری دەماری پێنجەم



ته‌ندروستی‌ - 

پێشتر باسی مێشکە دەمارەکانمان کرد کە دوانزە جووت دەمار لە کاسەی سەرمانەوە دەردەچێت، پێنجەم پێی دەوترێت ترایجێمینەڵ واتە دەماری سێ سەر یان سێ بەش، کە هەربەشێکی دەمارەکە دەچێت بۆ بەشێکی دەم و چاو، دكتۆر ئامانج پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و دەمار و بڕبڕەکان له‌م بابه‌ته‌دا زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ ڕوو.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" نەخۆشەکان دێن بە ئازاری لایەکی دەم و چاو کە کاتێکی زۆرە هەیەتی، زۆربەی کات دەست پێدەکات وەک ئازارێکی زۆری کورت خایەن کە دووبارە دەبێتەوە و جار بە جار زیاتر لەوانەیە بخایەنێت، زۆربەی کات تەمەنی نەخۆشەکان سەرو پەنجا ساڵە، لە ژندا زۆرترە وەک لە پیاو. زۆربەی کات کۆمەڵێک شت هەن کە ئازارەکە دروست دەکەن وەک: دەم و چاو شتن، دان شتن، مکیاج کردن، جوینی شت، هەوایەکی بەهێز، وە هەروەها دەستکاری کردنی دەم و چاو بەهەر شێوەیەک بێت. "

نیشانەکانی: بریتین لە ئازاری لایەکی دەم و چاو کە چەند چرکەیەک دەخایەنێت و دووبارە دەبێتەوە و بەو هۆکارانە دروست دەبێت کەپێشتر باسمان کرد. ئازارەکە هەندێجار وەک سوتاوی وایە و لەگەڵ دوبارە بوونەوە زۆرتر دەمێنێتەوە. 

هۆی دروستبونی: ئەم دەمارە لە ڕەگی مێشکەوە دەردەچێت، زۆربەی کات بەهۆی خوێنبەرێک یان خوێنهێنەرێک لە شوێنی دەرچونی دەمارەکە فشار دەکەوێتە سەر دەمارەکە و دەبێتە هۆی ئەم ئێش و ئازارە، هەندێک جار بەهۆی گرێ وە دروست دەبێت، هەندێکیتر بەهۆی ڕەق بوونی دەمارەکان دەبێت.

چارەسەر: سێ جۆر چارەسەر هەیە بۆ ئەم ئازارە:
1- حەب کە زۆرێک لەو حەبانەی بۆ گەشکە بەکاردێت یارمەتیدەرە بۆ لابردنی ئازارەکە بەڵام کێشەکە ئەوەیە تا ئازار هەبێت دەبێت حەب بەردەوام بێت.
2- دەماری پێنجەم کەلەبەشی ژێر کاسەی سەرمانەوە دەردەچێت دەتوانین دەرزی گلیسرۆڵی بۆبکەین بە ڕێنوێنی ئامێری تیشک، زۆربەی کات شەش مانگێک ئازار نامێنێت، بۆی هەیە دوبارەبێتەوە.
3- نەشتەرگەری دوورخستنەوەی خوێنبەر کە فشاری خستۆتە سەر دەمارەکە باشترین ئەنجام بۆ ئەم جۆرە چارەسەرەیە. 
بێگومان هەرجۆرێک لە چارەسەرەکان باشەو خراپی خۆی هەیە، لەکتێبدا کە باس دەکرێت نەشتەرگەری ٩٥٪ زیاتر چاکبوون بەدەست دێت.



PM:04:04:23/07/2021




ئه‌م بابه‌ته 1740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌