پێكانه‌كان چاوان - ی‌ نه‌وه‌ستاندوو زیوی‌ عێراقی‌ به‌ده‌ست هێنا


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

له‌ په‌ڕاوێزی‌ یارییه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ یانه‌كانی‌ عێراق كه‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌ چوو ، له‌ یارییه‌كانی‌ یه‌ك باز و سێ‌ بازی‌ كچان ، چاوان به‌هادین ی‌ كیژه‌ یاریزانی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ و یاریزانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق توانی‌ دوو ئه‌نجامی‌ كاریگه‌ر بۆ یانه‌كه‌ی‌ به‌ده‌ست بهێنێت .

چاوان پێش به‌شداری‌ له‌ یارییه‌كانی‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ و به‌ر له‌ 21 ڕۆژ له‌ كاتی‌ مه‌شق و ئاماده‌كاری‌ توشی‌ پێكان هاتبوو به‌لاَم به‌هۆی‌ به‌هێزی‌ پاڵه‌وانێتی‌ گۆڕه‌پان و مه‌یدانی‌ عێراق و ململانێكانی‌ ، ئه‌و كیژه‌ پاڵه‌وانه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ چڕ كرده‌وه‌ و توانی‌ پله‌ی‌ دووه‌م و سێهه‌م له‌ هه‌ردوو یارییه‌كانی‌ سێ‌ باز و یه‌ك باز به‌ده‌ست بهێنێت .

وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێكرد كه‌ ژماره‌ی‌ پێوانه‌ی‌ یاری‌ سێ‌ بازی‌ عێراق به‌ ناوێتی‌ و ویستیشی‌ هه‌بووه‌ كه‌ له‌م پاڵه‌وانێتیه‌دا دووباره‌ ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌ تۆمار بكات به‌لاَم پێكان ڕێگر بووه‌ له‌ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ی‌ ، چاوان ووتیشی‌ ، له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ میدالیایی‌ ئاڵتونم به‌ر له‌ مانگێك به‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌ ته‌واوی‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ ده‌ره‌كی‌ و نێو خۆیانه‌شدا پله‌كانی‌ یه‌كه‌م و دووه‌مم له‌ده‌ست نه‌داوه‌ .

دواجار كیژه‌ پاڵه‌وانه‌كه‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ ژماره‌ی‌ پێوانه‌یی‌ یاری‌ سێ‌ بازی‌ عێراق و كوردستانی‌ به‌ ناوه‌وه‌یه‌ ووتی‌ ، له‌ پاش وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر به‌ چڕی‌ ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ست پێده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌مه‌وێت دووباره‌ ژماره‌ی‌ پێوانه‌ی‌ نوێ‌ تۆمار بكه‌م ، هه‌روه‌ك سوپاسی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌كه‌یان و نزار ئه‌كره‌می‌ ڕاهێنه‌ری‌ كرد كه‌ هاوكار و پاڵپشتی‌ ده‌كه‌ن .


PM:11:13:09/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 4060 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌