باسكه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ گه‌یشتنه‌ كۆتاییه‌كانی‌ عێراق


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باسكه‌ی‌ عێراق به‌ هاوكاری‌ لقی‌ هه‌ولێری‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێر و له‌ نێو هۆڵی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ ئه‌كاد پاڵه‌وانێتی‌ باسكه‌ی‌ 3 × 3 ی‌ كوڕانی‌ لاوانی‌ بۆ یانه‌كانی‌ باكور ئه‌نجام دا .

له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا كه‌ 11 یانه‌ به‌شدار بوو دواجار و دوای‌ ڕكابه‌ری‌ یاریزانانی‌ تیمی‌ یانه‌كان ، پێشمه‌رگه‌ توانی‌ بگاته‌ قۆناغی‌ چوار گۆشه‌ی‌ زێڕین و له‌و قۆناغه‌شدا پله‌ی‌ سێهه‌می‌ ڕیزبه‌ندی‌ یانه‌كانی‌ به‌ده‌ست هێنا .

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی‌ تیمه‌كه‌یان كامه‌ران محه‌مه‌د ڕاهێنه‌ری‌ تیمی‌ باسكه‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت ووتی‌ ، ئاماده‌كاری‌ ته‌واومان بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ كردبوو كه‌ خۆش به‌ختانه‌ توانیمان به‌ پله‌ی‌ سێهه‌م و جامی‌ سێهه‌می‌ له‌ شاری‌ هه‌ولێره‌وه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ .

كامه‌ران ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ به‌ به‌ ده‌ست هێنانی‌ پله‌ی‌ سێهه‌م له‌ پاڵه‌وانێتی‌ عێراق دا به‌شدارده‌بن له‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی‌ كۆتایی‌ كه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌نجام ده‌درێت .

جێگه‌ی‌ باسه‌ له‌ دوای‌ ئه‌نجام دانی‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی‌ كۆتایی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ باشترین چوار یاریزانی‌ ده‌ست نیشان ده‌كرێن بۆ به‌شداریان له‌ پاڵه‌وانێتی‌ باسكه‌ی‌ 3 × 3 ی‌ ولاَتانی‌ ڕۆژ ئاوای‌ ئاسیا كه‌ بڕیاره‌ ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و له‌ مانگی‌ 4 - نیسانی‌ 2025 ئه‌نجام بدرێت .

هه‌روه‌ك یه‌كێتی‌ ناوه‌ندی‌ باسكه‌ی‌ عێراق بڕیاری‌ داوه‌ كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پاڵه‌وانێتی‌ 3 × 3 ی‌ كچان له‌ به‌رواری‌ 1 ی‌ ئابی‌ 2024 و له‌ شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌نجام بدات و له‌وێوه‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ عێراق دیاری‌ بكرێت تا شان به‌ شانی‌ هه‌ڵبژارده‌ی‌ كوڕان به‌شداری‌ له‌ هه‌مان پاڵه‌وانێتی‌ ساڵی‌ داهاتوودا بكه‌ن .

یه‌كێتی‌ باسكه‌ی‌ عێراق چالاكییه‌كانی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ به‌رواری‌ 2 ی‌ مانگی‌ ئابی‌ 2024 و له‌ شاری‌ سلێمانی‌ پاڵه‌وانێتی‌ بێچوه‌ شێرانی‌ كچانی‌ یانه‌كانی‌ عێراق ئه‌نجام ده‌دات و پاشان و له‌ ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌و مانگه‌دا له‌ شاری‌ دهۆك قۆناغی‌ یه‌كه‌می‌ پاڵه‌وانێتی‌ باسكه‌ی‌ پێشكه‌وتوانی‌ كچانى یانه‌كانی‌ عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات .



AM:12:00:27/07/2024




ئه‌م بابه‌ته 1372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌