‌13 نیشانه‌ ئاشكرای ده‌كات توشی نه‌خۆشیی ده‌رونی بوویت



ته‌ندروستی‌ - 

زۆر گرنگە بۆ هەموو تاکێک هۆشیاری دەروونی هەبێت لەبارەی نەخۆشیە دەرونیەکانەوە، بۆ ئەو مەبەستەی کاتێک خودی خۆی یان ئەندامێکی خێزانەکەی یاخود هەرکەسێکی نزیکی دووچاری نەخۆشیەکی دەروونی ئەبێت هەستی پێبکات و بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیەکە بکرێت. چونکە بەهۆی ئەم هۆشیاریەوە تاکی توشبوو زووتر بە دوای چارەسەری پێویست دەگەڕێت، و زوو دەستنیشان کردنی نەخۆشیەکە لە لایەن پزیشکی پسپۆڕی دەروونی وا دەکات کەسی توشبوو چارەسەری خێرا و پێویست وەربگرێت و ئەگەری کۆنترۆڵکردن یاخود چارەسەرکردنی بنەڕەتی نەخۆشیەکە زیاتر بێت، دكتۆر هێمن پزیشکی پسپۆڕی دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا ڕونكردنه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات كه‌ پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك لێی به‌ئاگا بێت.

دكتۆر هێمن ده‌ڵێت"بێگومان نەخۆشیە دەرونیەکان زۆرن و هەر نەخۆشیەک کۆمەڵێک نیشانە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ کەس و کاری نەخۆش ئەو نیشانانە بناسنەوە کە وەک سەرەداوێکە بۆ بە ئاگابوون لە توشبوونی تاک بە نەخۆشیی دەروونی، بۆ نمونە وەک گۆڕانی لە پڕی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە، یاخود لاوازی لە کار و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، و یان گۆڕانی نائاسایی لە مەزاج، نوستن، خواردن، توانای جەستەیی، و ئارامگری.
لێرەدا کۆمەڵێک نیشانە باس دەکەین کە باون و نیشانەن بۆ ئەو نەخۆشیە دەرونیانەی لە نێوان خەڵکدا بەڕێژەیەکی بەرچاو دەبینرێن، وەک؛"

1-دڵتەنگی: دڵتەنگی بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ، و هەموو مرۆڤێکی دەروون ساغ جار و بار دڵی تەنگ دەبێت وەک کاردانەوەیەک بۆ فشار و ڕووداوە ناخۆشەکان، بەڵام ئەمە کاتێک ئاساییە کە ماوەیەکی کەم بخایەنێت و لەژێر کۆنترۆڵی کەسەکە دابێت، و کاریگەری توندی نەرێنی لەسەر کار و فرمان، و پەیوەندی کۆمەڵایەتی دانەنێت. بە پێچەوانەوە، کاتێک زۆر دەخایەنێت، و زۆربەی ڕۆژەکانی هەفتە دووچاری کەسەکە ببێت و کاریگەری توندی نەرێنی دروستبکات، بە نیشانەیەکی نەخۆشی دەرونی ئەژمار دەکرێت. ئەم نیشانەیە لە بەشێکی بەرچاوی نەخۆشیە دەرونیەکان دەبینرێت، وەک خەمۆکی، وەسواسی، دڵەڕاوکێ، شیزۆفرینیا،.... هتد. 

2- ترس: هەروەها ترسیش بە بەشێک لە سروشتی مرۆڤ دادەنرێت تا ئەو ڕادەیەی لە ئاستێکی کەمدا بێت، و هەر لە تەمەنی منداڵیەوە تا تەمەنی پیری دەبینرێت. بەڵام کاتێک ترسەکە لە ڕادەبەدەربوو و کۆمەڵێک نیشانەی دەروونی و جەستەیی دروستکرد، و کاریگەری توندی لەسەر لایەنە سەرەکیەکانی ژیان هەبوو بە نائاسایی و نیشانەی نەخۆشی دادەنرێت. 

3- گۆشەگیری: مرۆڤ بە سروشتی خۆی بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە، پێویستی بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی هەیە، بۆ کارئاسانی لە ژیان و دەرونێکی تەندروست، بەڵام هەندێک جار بەهۆی فشارە دەرونیەکان یاخود نەخۆشیە دەرونیەکان کەسی توشبوو دوچاری گۆشەگیر بوون یاخود لاوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەبێت، و بەمەش کاریگەری فشارەکە لەسەری زیاتر دەکات.

4- گۆڕانی بەرچاو لە کات و شێوازی نووستن: بۆ هەموو کەسێکی کامڵ ماوەی ٧ بۆ ٩ کاتژمێر نووستن پێویستە. هەروەها خەوی سروشتی خەوێکی قوڵە و پشوویەکی تەواوەتی بە مێشک دەبەخشێت. واتە هەردوو کات و چۆنیەتی نوستنەکە گرنگە. بۆ نمونە دەگونجێت کەسێک ٩ کاتژمێر بخەوێت بەڵام خەوەکەی پچڕ پچڕ بێت و بە درەنگ خەوی لێبکەوێتەوە، خەوی ناخۆش و ترسناک زۆر ببینێت، و یان بەیانیان دوای هەستان لە خەو هەست بە شەکەتی و ماندوێتی بکات، ئەوکات بە خەوێکی تەندروست ئەژمارناکرێت.

5- گۆڕانی بەرچاو لە بڕ و شێوازی خواردن: ئەگەرچی گۆڕانی گەورە لە ئارەزووی خواردن، دەگونجێت هۆکاری پزیشکی زۆربێت وەک لە نەخۆشیە جەستەییەکان، بەڵام بەشێکی سەرەکی لە هۆکارەکان نەخۆشیە دەروونیەکانە وەک؛ خەمۆکی گەورە، دڵەڕاوکێ ی توند، نەخۆشی ئەنۆرێکسیا،.....هتد.

6- تووڕەبوون و توندوتیژی: توڕەبوون کاتێک لە کۆنترۆڵی کەسەکە دەرچوو، نەیتوانی لەناخیدا چارەسەری بکات، و بەشێوازی قسە یان هەڵسوکەوت دەریبڕی، و زۆربەی کاتەکان دوبارەبوویەوە و بوو بە بەشێک لە سروشتی ئەو کەسە بە نیشانەیەکی نەخۆشی دادەنرێت. توڕەبوون و توندوتیژی لە نەخۆشیە دەرونیەکان زیاتر لە نەخۆشییەکانی وەک؛ شیزۆفرینیا، پەشێوی کەسێتی گوماناوی، پەشێوی دووجەمسەری، و پەشێوی ڕەفتاری،....هتد دەبینرێت.

7- گۆڕانی کتوپڕ لە هەڵسوکەوت: گۆڕانی کتوپڕ لە هەڵسوکەوت وەک؛ گۆڕان لە سروشتێکی هێمنەوە بۆ کەسێکی توندوتیژ، یاخود ئەنجامدانی هەندێ هەڵسوکەوت کە نائاسایین لەڕووی تەمەنی کەسەکە و ئەو ژینگەیەی تێیدایە و پێشتر بەشێک نەبووە لە ئاکاری کەسەکە، ئاماژەیەکە بۆ بارێکی نائاسایی و پێویستە بە هەند وەربگیرێت.
گۆڕانی کتوپڕ لە بیروبۆچوون: مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات، و بەوەرگرتنی ئەزمونی ژیان و هەروەها بە کاریگەری دەوروبەر دەگونجێت بیروبۆچوون و باوەڕیان بگۆڕێت بە شێوەیەکی لەسەرخۆ، بەڵام گۆڕانێکی کتوپڕ و تەواو پێچەوانەبوون لە بیروبۆچوون و شێوازی بیرکردنەوە، زۆرجار ئاماژە بۆ حاڵەتێکی ناجێگیری دەروونی دەکات.

8-گرفتی خۆگونجاندن لەگەڵ فشارەکان: گۆڕانی گەورە بەدیدەکرێت لە مامەڵەی کەسەکە لە گەڵ فشارە دەرونی، خێزانی و ژینگەییەکان، بەجۆرێک کەسەکە بێ توانایی پێوە دیاردەبێت، و هەستی کۆڵدان و بێزاری و ڕەشبینی تێدا دەبینرێت. یاخود لەبری هەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی کاتی خەو و خواردن، وەرزشکردن، و گرنگیدان بە وەرگرتنی ڕاوێژ و یارمەتی کەسانی تر، بەڵکو پەنا دەباتە بەر بەکار‌هێنانی دەرمانی خەو، جگەرەکێشان، و یان خواردنەوەی مادە کحولیەکان. هەروەها لەبری ڕوبەڕوبونەوەی گرفتەکە و هەوڵی چارەسەرکردنی، خۆی دورەپەرێزدەکات و هەوڵی ڕاکردن لە ڕاستیەکە دەدات.

9- ئاوات خواستن بە مردن یان بیر و هەڵسوکەوتی خۆکوژی: لە نێو نەخۆشیە دەروونیەکاندا، خەمۆکی باوترین هۆکارە بۆ ئەوەی کەسێک بگاتە ڕادەی ئەوەی کە ئاوات بە مردن بخوازێت، بەڵام هۆکاری تری دەرونی و کۆمەڵایەتی زۆرن وەک؛ نەخۆشی شیزۆفرینیا، پەشێوی دووجەمسەری، وەسواسی کرداری، لەدەستدانی کەسێکی پلەیەک، و بچڕانی لەپڕی پەیوەندیەکی توند. 

10- ڕەفتاری دووبارە: وەک زیاد لە چەند جارێک دەست شۆردن، ژماردنی زیاد لە پێویست، چەندبارەکردنەوەی ڕەفتاری دڵنیابوونەوەی وەک دەستدان لە قوڵفی دەرگا و سەیارە، ئاماژەن بۆ نەخۆشی وەسواسی.

11-بزە و قسەکردنی لەبەرخۆوە: هەندێک جار زۆر قسەکردن لەبەرخۆوە و دەست جوڵاندن و بزەکردن وەک ئەوەی لەگەڵ کەسێک قسەبکات، ئاماژەیە بۆ نیشانەی هەلوەسە کە لەو کەسانە دەبینرێت کە نەخۆشی دەرونی توندیان وەک شیزۆفرینیا هەیە.

12-بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان: بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەگونجێت هۆکاربێت بۆ نەخۆشی دەروونی و هەروەها دەگونجێت ماکی نەخۆشی دەرونیش بێت.

13-خراپ بەکارهێنانی مادەکحولیەکان: سەرەڕای ئەوەی ماددە کحولیەکان بە بەشێک لە ماددە هۆشبەرەکان دادەنرێت، بەڵام خواردنەوەی کحولی لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە. لەبەرئەم هۆکارە کاتێک کەسێک کحول دەخواتەوە، بە نیشانەی نەخۆشی دانانرێت تا ئەوکاتەی کە بڕی خواردنەوەکە لەوە زیاتر بێت کە لە ڕووی زانستیەوە سنوردارکراوە.


PM:03:07:08/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 3432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌