چه‌ند نیشانه‌یه‌ك له‌ تێكچوونی ده‌رونت ئاگادارت ده‌كاته‌وه‌



ته‌ندروستی‌ -

لە پێناو دەرووندروستیدا، پێویستە مرۆڤ ئاماژەکانی تێکچوونی دەروونی بناسێتەوە و بزانێت کە چی کاتێک پێویستی بە چارەسەر و هاوکاری هەیە! بە زوترین کات چارەسەری پزیشکی وەربگرێت و لە لێکەوتەکانی گرفتەکەی ڕزگاری ببێت. ئاماژەکانیش بۆ تێکچوونی دەروونی زۆر و هەمەچەشنن، لێرەدا دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی بە کورتی ئاماژەی بۆ دەکات کە کەی پێویستە ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌رونیان تێكچووه‌ داوای هاوکاری بکەن.
 
هەرکات سەرجەم ئەم خاڵانە هاتنە دی، پێویستە تاک بەئاگابێت لە خۆی و داوای هاوکاری و چارەسەر بکات:

یەک. ئەگەر لایەنێکی دەروونی توشی کێشە و گرفت بوو؛ هەر تێكچونێک لە لایەنی هەڵچوون، پێزانین، بیرکردنەوە، تەرکیز، یادگە، دەروونجوڵە، قسەکردن، ڕەفتارە دەرەکییەکان، .. ڕووبدات و کەسەکە هەستبکات وەکو پێشووتر نەماوە و بەرەو لاوازی چووە، ئەوە ئاماژەی یەکەم و سەرەتایە! مرۆڤ هەستبەخۆی دەکات کە یەکێک لەم لایەنانەی دەروونی کێشەی هەیە، یان چواردەورەکەی هەستی پێدەکەن!

دوو. بوونی چەند نیشانەیەک بەیەکەوە؛ ئەم نیشانانەش بەهۆی خاڵی یەکەمەوە ڕوودەدەن. نیشانەکان دەروونی بن وەکو؛ وەهم، دڵتوندی، ترس، بیرکردنەوەی دووبارە، ... یان جەستەیی بن وەکو؛ دڵەکوتە، تەنگەنەفەسی، تێکچوونی خەو و خواردن، شەکەتی، ... یاخود ڕەفتاری بن وەکو؛ بێئۆقرەیی، جوڵەزۆری یان کەمجوڵەیی، کەمدوویی، توندوتیژی، .... پێویستە زیاتر یەکێک لەو نیشانانە لە کەسەکەدا دەرکەوێت و هەستی پێبکرێت.

سێ. بەهۆی تێکچوونەکانی خاڵی یەکەم و نیشانەکانی خاڵی دووەمەوە، 
1-کەسەکە لە ڕووی کۆمەڵایەتی یان پیشەییەوە بێتوانا بێت و کاربکاتە سەر تواناکانی لەو لایەنانەدا و وەکو پێشوو نەمێنێت. 
2- کەسەکە هەست بە بێزاری و ناڕەحەتی بکات و بەدەستیانەوە بێزاربێت! هەرکام لەم دوو خاڵە هاتنەدی ئەوە مانای ئەوەیە کە نیشانەکان کاریانکردۆتە سەر کەسەکە!
هەرکات خاڵی یەک، دوو، سێ، بەیەکەوە ڕوویاندا، ئەوە ئاماژەیە بۆ بوونی نەخۆشی و گرفتێکی دەروونی! لەبەرئەوە ئەگەر هەستکرا کەسێک ئەو سێ خاڵەی لەسەر جێبەجێدەبێت باشترە ڕاوێژی پزیشکی وەربگرێت.


PM:03:03:21/07/2022




ئه‌م بابه‌ته 1292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌