تهندروستی -
چارەسەری دەروونی؛ زاراوەیەکی گشتییە کە بەکاردێت بۆ وەسفکردنی پرۆسەی چارەسەرکردنی شڵەژان و تەنگەژە دەروونییەکان لە ڕێگەی دانیشتن و قسەکردن لەگەڵ چارەسەرکاری دەروونی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنیکی زارەکی و دەروونییەوە، سەرهەنگ ئیبراهیم چارەسەرکاری دەروونی لهم بابهتهدا ڕونكردنهوهی زیاتر دهخاته ڕوو.
چارەسەری دەروونی؛ چارەسەرێکی هاوبەشە لەسەر بنەمای پەیوەندی نێوان تاکێک و چارەسەرکار یان دەروونناسێک. لە میانەی گفتوگۆی چارەسەری دەروونیدا، ژینگەیەکی چارەسەری و پاڵپشت فەراهەم دەکرێت کە ڕێگە بە چارەخواز دەدات بە ئاشکرا قسە لەگەڵ کەسێک بکات کە (شارەزا و گوێگر و بابەتی و بێلایەن و بێ حوکم بێت).
لە ماوەی ئەم پرۆسەیەدا، چارەسەرکاری دەروونی ڕاهێنراو، یارمەتی چارەخواز دەدات بۆ تێگەیشتن و خۆگونجاندن یان چارەسەرکردنی کێشە تایبەتەکان یان گشتییەکان وەک نەخۆشی دەروونی تایبەت یان سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی فشارەکانی ژیان.
گرنگترین و سەرەتاییترین ئەرک لە پرۆسەی چارەسەری دەروونیدا بریتییە لە بنیادنانی پەیوەندییەکی چارەسەریی (لە نێوان دوو کەس یان دوو مرۆڤدا نەک چارەسەرکار و نەخۆش) لەسەر بنەمای متمانە و ڕێز و پاراستنی نهێنی و سەروەری چارەخواز.
لە ماوەی چارەسەری دەروونیدا، تاکی چارەخواز، گرێی دڵی بۆ بابای چارەسەرکار دەکاتەوە و بێ دوو دڵی و شەرم کردن و ترس لە باسکردنی کێشە و گرفتە کەسی و تایبەتیەکانی، باس لە ئەزموونی ناخۆش و گرفتی ئێستا و هەموو ئەوەی بۆتە مایەی خەم و ناڕەحەتی بۆی باسی لێوەدەکات و چارەسەرکار بە وردی و تێگەیشتنەوە گوێی بۆ دەگرێت، دوور لە ئامۆژگاری و حوکمدان و بە کەم سەیرکردن.