‌6 سودی گرنگی بەڕۆژوو بون بۆ تەندروستی



ته‌ندروستی‌ - 

ڕۆژوو سوودی بۆ ته‌ندروستی زۆره‌، به‌م دواییانه‌ پزیشكان سیستمی ڕۆژووی پچڕ پچڕیان وه‌ك ڕێگایه‌ك بۆ دابه‌زاندنی كێش داناوه‌، دكتۆر بڕوا پسپۆڕی هه‌رس و جگه‌ر له‌م بابه‌ته‌دا 6 سوود و گرنگی ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان باسده‌كات.

1-بە ڕۆژوبون بەسوددە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی لەش، چونکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی (Oxidative Stress), بەتایبەت بۆ نەخۆشییەکانی هەوکردنی تێکچونی سیستەمی بەرگریی و هەستیاریی (inflammatory diseases and allergies), وەکو هەوکردنەکانی ڕیخۆڵە و کۆڵۆن، هەوکردنی جومگەکان وە نەخۆشییەکانی پێست.

2- ڕۆتینی لە ٪ ٦٥ ووزەی جەستەمان سەرف دەبێت بە کرداری هەرسەوە دوای نان خواردن. لەکاتی بەڕۆژووبوون، سیستەمی کرداری ھەرس پشوو دەدات و ئەو ووزەیە دەمێنێتەوەو بەکاردەهێنرێت بۆ ئەو شوێنانەی کە جەستەمان پێویستییەتی لە کرداری ساڕێژبوندا. یاریدەدەرە بۆ جێگیرکردنی سیستەمی مێتابۆلیزم. 

3- ژەهرێکی زۆر دەخەینە جەستەمانەوە لە ڕێگەی خواردنەوە، بەشێکی زۆری ئەم ژەهرە دەمێنێتەوە بەشێوەی چەوری. بەڵام لەکاتی بەڕۆژوو بون، چەورییەکە دەسوتێ و ژەهرەکە دەچێتە دەرەوەی جەستەمان، لە ڕێگەی جگەر چەوری دەسوتێنێ و دەیکات بە وزەی داواکراوی پێوست بۆ بەجێ گەیاندنی فرمانەکانمان. 

4-لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە کە بەڕۆژووبوون ئارەزوی خواردن کەمدەکاتەوە بەرەو شێوازی خواردنی تەندروست و دروستی ژیانمان دەبات. دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆلیستڕۆڵ و (lipid Profile) . 

5-بەڕۆژووبوون، بەسودە بۆ لابردنی هەستەوەری ئەنسۆلین و کەمکردنی ڕێژەی گلوکۆز لە خوێندا. 

6-دەروون جێگیر دەکات، توانای بیرکردنەوەو ژیری چالاکتر دەکات: کاتێك بەڕۆژویت، ڕێژەی ژەهر لە لەش کەمتر تێپەڕدەبێت بە سوڕی خوێن و سیستەمی لیمفەکی (lymphatic system) بۆیە بیرکردنەوە ئاسانتر دەبێت، هەروەها بەشێک لەو ووزەیەی کە لەکرداری هەرسدا ڕۆتینی سەرفی دەکەین لێرەدا لەکاتی بەڕۆژوبوندا مێشک سودی لێ دەبینێت. لەگەڵ ئەوانەشدا بەهۆی ئەو سترێسەی لەسەر دەمارە خانەکانە لەکاتی بەڕۆژوبوندا وەکو ڕاهێنان و مەشقکردن وایە، دەبێتە هۆی بە هێز بوونی کۆئەندامی دەمار، بەهۆی هاندانی دەردانی جۆرە پڕۆتینی Brain-derived neurotrophic factor (BDNF) لەدەمارە خانەکاندا. ڕێکخستنی ڕێژەی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین، دەبێتە هۆی ڕێکخستنی (خەوتن، جوڵەی ڕیخۆڵە، دڵخۆشی و لابردنی دڵتەنگی، خوێن مەین، تەندروستی ئێسک و توانای جووت بوون).
بۆیە لەبەر ئەم سودانەو چەندانی تریش, لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بەدەر لە مسوڵمانان ئەوانەی بەخەم تەندروستیانن بەڕۆژوو دەبن، بەشێوازی جیاواز. 
بەڵام سەرەرای ئەم سوودە باشانەی بەڕۆژووبون، چەندین حاڵەت و نەخۆشیمان هەیە کە نەخۆش نابێت بەڕۆژوو بێت. وە هەندێ بارودۆخی تریشمان هەیە، نەخۆش دەتوانێ بەڕۆژوو بێت بەڵام لە ژێر چاودێری پزیشکی پسپۆردا.



PM:08:32:15/04/2022




ئه‌م بابه‌ته 1308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌