‌چۆنیه‌تی پاراستنی كه‌سانی به‌ساڵاچوو له‌ كه‌وتن له‌م سه‌رمایه‌دا



ته‌ندروستی‌ - 

کەسانی بەساڵاچوو ئێسکەکانیان لاواز و فشەڵە، بۆیە لەوانەیە بە کەوتنێکی ئاسایی تووشی شکانی ئێسک ببن، بە تایبەت لە سێ ناوچەی زۆر ناسک دا: مەچەک، حەوز، و بڕبڕەکانی پشت.

دكتۆر سەروەر پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم له‌م بابه‌ته‌دا ئامارێكی جیهانی و سەرسوڕهێنەر له‌باره‌ی‌ کەوتن له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی وه‌ك ئێستا ده‌دات، له‌گه‌ڵیدا باس له‌ چۆنیه‌تی پاراستنی به‌ته‌مه‌نه‌كان ده‌كات له‌م سه‌رمایه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌وتووه‌.

لە ئەمریکا بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەموو چرکەیەک کەسێکی بەتەمەن دەکەوێت، هەموو ساڵێک ٢٥٪ی کەسانی بەتەمەن لە ئەمریکا تووشی رووداوی کەوتن دەبن، لە هەر پێنج کەوتن یەکێکیان بە شکانی ئێسکی کەسە بەتەمەنەکە کۆتایی دێت، ٩٥٪ی حاڵەتەکانی شکانی حەوز بەهۆی کەوتنەوەیە.

بۆچی کەسانی بەتەمەن زیاتر مەترسیی کەوتنیان هەیە؟
1- پێیەکانیان هەستی کەمدەبێتەوە: لەگەڵ چوونە تەمەندا توانای هەستکردنی دەمارەکان کەمدەبێتەوە، خۆ ئەگەر کەسەکە شەکرەی هەبێت یان پێشووتر تووشی جەڵتەی مێشک بووبێت، یان خوێن بۆ پەلەکانی کەمتر هاتوچۆ بکات، یاخود سەوەفانی زۆری هەبێت، ئەوە دۆخەکەی زۆر خراپتر دەبێت. هەموو ئەمانە وادەکەن کەسی بەتەمەن بە ئاسانی هاوسەنگیی خۆی ڕانەگرێت و بە ئاسانی بە لادا بکەوێت لەگەڵ هەر خزانێکی کەم.

2- زۆرێک لە کەسانی بەتەمەن دەرمانی جۆراوجۆریان هەیە، کە هەندێکیان دەبنەهۆی گێژبوون و کەمبوونەوەی هاوسەنگی، ئەوەش مەترسیی کەوتنیان زیاتر دەکات.

3- هەندێکی دیکەیان بەهۆی نەخۆشیی دیکەوە هەنگاونان و رۆیشتنیان ئاسایی نییە  تەنانەت لە کەشوهەوای ئاساییدا، لە کەشی سارد و نالەباردا ئەگەری خلیسکان و کەوتنیان زۆر زیاترە.

4- چاوکزی و لاوازیی بینایی، وادەکات شوێنی دانانی پێیەکان وەکو پێویست گونجاو نەبێت و ئەگەری خلیسکان زۆرتر بێت.

5- هەر خودی تۆقینی کەسە بەتەمەنەکە لە کەوتن، وادەکات جووڵەیەکی بچووکی نائاسایی، بە کەوتن کۆتایی بێت.

هەندێک ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری کەوتن:
1- هەنگاونان بە لەسەرخۆیی: پەلەکردن و هەڵەشەیی، ئەگەری خلیسکان و کەوتن زیاتر دەکەن.
2- بە وریاییەوە سەرکەوە بەسەر بارستە و شۆستە و قادرمەدا، هەروەها لەکاتی سەرکەوتن بۆ ئۆتۆمۆبێل و دابەزین لێی، بە باشی دەست بگیرێت بە کەسێک یان هەر شتێکی جێگیرەوە لەمکاتانەدا
3- بە وریاییەوە شوێنی ڕەوتەکەت دیاری بکە، با خاوێن بێت لە سەهۆڵ یا چاڵ و چۆڵیی زۆر.
4- داوای یارمەتی لە کەسێک بکە کە لە نزیکتەوە دەڕوات ئەگەر شوێنەکە خلیسک و ناڕێک بوو.
5- پێڵاوی ئەوتۆ بەکاربهێنرێت کە لەسەر شوێنە ساف و خزەکان توانای جێگیربوونی هەبێت.
6- لەم ڕۆژە سارد و سەهۆڵبەندانەدا، با دەستت خاڵی بێت، هەڵگرتنی کەرەستەی جگە لە گۆچانەکەت، باڵانست تێکدەدات
7- دەستگرتن بە دیوار و محاجەرەوە ئەگەری کەوتن کەمدەکاتەوە.
8- پێڵاوی کەسانی بەتەمەن دوای داکەندنی خاوێن و وشک بکرێتەوە، چونکە بەجێمانی ئاو و بەفر بە پێڵاوەوە، بۆ رۆیشتنی داهاتوو ئەگەری خزان زۆر زیاد دەکات.

ئەگەر کەوتیت چی بکەیت؟
1- مەشڵەژێ و تووشی شەرمەزاری مەبە و ئارام بە. هەوڵدان بۆ خێرا هەستانەوە، وادەکات ئەگەر درزێکی بچووکت هەبێت، ببێت بە شکانێکی گەورە. بۆیە کە کەوتیت ئارام بە و هەڵسەنگاندن بکە کە چۆن هەڵت بستێننەوە تاوەکو کەمترین زیانت بەربکەوێت.
2- ئەگەر کەسێک هات بە هاناتەوە، داوای لێبکە بە هێواشی بەرزت بکاتەوە و لەسەر ئەو لایەت داتبنێ کە زیانی نەگەیشتووە
3- ئەگەر کەوتنەکە سەخت و مەترسیی شکان هەبوو، سەردانی نزیکترین یەکەی تەندروستی بکرێت و پزیشک خەمڵاندن بۆ حاڵەتەکە بکات.
لە هەموو کەوتنێکەوە فێر ببە
پاش هەر کەوتنێک لێکی بدەرەوە کە چ هەڵەیەک وای کرد بکەویت و هەوڵبدە ئیدی ئەو هەڵەیە دووبارە نەبێتەوە.



PM:03:47:20/01/2022




ئه‌م بابه‌ته 1192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌