تهندروستی -
هەرکات یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوەت لە منداڵەکەتدا بەدی کرد، پێویسته سەردانی پزیشکی چاوی پێ بکەیت بۆ زانینی بوون و نەبوونی گرفت لە چاوەکانیدا، دکتۆر ئاری پزیشكی پسپۆری چاو 10 نیشانه بۆ دایكان و باوكان دهخاته ڕوو كه پێویسته زانیارییان لهبارهیهوه ههبێت.
1- چاو تروکاندنی زۆر: لەوانەیە نیشانە بێت بۆ بوونی نەخۆشی چاو، بە تایبەتی هەستیاری و وشکبوونەوەی چاو.
2- جوڵەی نائاسایی و لەرزینی چاوەکانی: لەوانەیە نیشانەی لاوازی تۆڕەی چاو و نەخۆشی زگماکی چاوەکانی بێت وەک لەرەلەری چاو (نستاگمز).
3- ئاوکردن و ڕیپۆقی چاو: لەوانەیە نیشانەی نەخۆشی هەوکردنی میکرۆبیی چاو یان گیرانی بۆری فرمێسکی بێت.
4-چاو هەڵنەهاتن بە ڕووناکی: ئەگەری هەیە نیشانەی برینداری و تەنی نامۆی سەر گلێنەی یا هەوکردنی گلێنەی چاو یان فرە هەستیاری چاوەکانی بێت.
5- زۆر لە نزیکەوە تهماشاكردنی تیڤی: ئەگەری ئەوەی لێ ئەکرێت چاوی مناڵەکە کز بێت بۆیە لە نزیکەوە سەیری دەکات، نەک ئەوەی لە نزیکەوە سەیرکردن بووبێتە هۆی کزبوونی چاوی.
6- هەر پەڵەیەکی سپی لەناوەڕاستی ڕەشێنەی چاوی مناڵدا ئەگەری نەخۆشی مەترسیداری لێ دەکرێت.
7- تیلی و سوڕانی چاو بۆ ناوەوە یان دەرەوە واتە کێشەیەکی گرنگ لە چاویدا هەیە و پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، وەک خێلی وتەمبەڵی .
8- پێ هەڵکەوتن و خۆکێشانی بە شتەکانی ناوماڵدا، بە تایبەت لە شەواندا ئەگەری چاوکزی یان شەوکوێری لێ دەکرێت، پێویستی بە پشکنینە.
9- تەمەڵی لە قوتابخانە و نەبوونی تاقەتی سەعیکردن ئەگەری هەیە نیشانەیەکی چاوکزی بێت.
10- بوونی سەرئێشە بەبێ بوونی هۆکاری دیاریکراوی تر، ئەگەری هەیە بگەڕێتەوە بۆ هەندێک جۆری کزی یان نەخۆشی چاو.