‌هۆكاره‌كانی ئاره‌قكردنه‌وه‌ی‌ زۆر



ته‌ندروستی‌ - 

زۆر جار ئارەقە دەکەینه‌وه‌، یان زیاد لەڕادەی ئاسایی ئارەقە دەکەینه‌وه‌، هەندێک کەس هەیە گوێی پێ نادات، یان ئاگادار نیە، ئەو لێکدانەوەیەش بە کەس دەگۆڕێت، دكتۆر یوسف پزیشكی نه‌خۆشییه‌كانی هه‌ناویی له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌و حاڵه‌تانه‌ باس ده‌كات كه‌ واده‌كات مرۆڤ زۆر ئاره‌ق بكاته‌وه‌.

ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" ئارەقەکردنه‌وه‌ کردارێکی فیزیۆلۆژی ئاساییە بۆ پاک کردنەوەی لەش لە ماددەزیانبەخشەکان و زیادەکان، هەروەها بۆ ڕێکڕاگرتنی پلەی گەرمی لەش، چونکە لە کەشی گەرم دا ئارەقەکردن زیاد دەکات، کاتێک دەبێت بەهەڵم گەرمی لەلەش وەردەگرێت و لەشمان فێنک دەبێتەوە."

بەڵام ئەگەر ئارەقەکردن زۆر بو، ئاسایی نەبو، ئەوا کۆمەڵێک هۆکاری هەیە کە ئەوانەی خوارەوەن. .

1 ئارەقەکردنه‌وه‌ بەشێکە لە سوڕی تا، تا بەلەرز دەست پێدەکات و دوایی پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوەو پاشانیش ئارەقەکردنه‌وه‌ ڕودەدات، هەندێک حاڵەتی وەکو تای ماڵتا زیاتر ئارەقەکردنیان لەگەڵ دایە .

2 نەخۆشی یان حاڵەتی دڵەڕاوکێی زۆر، کە دوای ترس یان ڕوداو، هەندێک جاریش لەخۆیەوە، دڵەکوتەو ئارەقەکردنی لەگەڵ دا دەبێت.

3 دابەزینی ڕێژەی شەکر لەوکەسانەی کە ئەنسۆلین بەکاردەهێنن، یان حەبی داونیل یان گلیماکس و گلیمپیراید بۆ نەخۆشی شەکرە بەکاردێنن.

4 پڕکاری یان زێدەچاڵاکی قوڕگەگلاند، کە گلاندی دەرەقی زۆر کاردەکات و هۆرمۆنی زێدە دەڕژێنێت دەبێتە هۆی ئارەقەکردنی زۆر.

5 تەمەنی لێچونەوە، کاتێک ئافرەت سوڕی مانگانەی ئەوەستێت لەتەمەنی سەروی پەنجا ساڵی، یان لێچونەوەی پێشوەختە، ئەو ئافرەتانە گەرمایی و ئارەقەی زۆر بە مل و دەم و چاویان دادێت، ڕۆژانە چەندجارێک دوچاری ئەوحاڵەتە ناخۆشە دەبنەوە.

6 هەندێک کەس سروشتی وایە کە زۆر ئارەقە دەکات، وە بێ ئەوەی نەخۆش بێت یان ناڕێکیەک لە جەستەی هەبێت.
7 هۆکاری نەخۆشی دیکەی وەکو فرە دەردانی هۆرمۆنی گەشە، نەخۆشی شەکرە، لەکارکەوتنی کۆئەندامی دەماری ئۆتۆنۆمی  (سیمپساوی، پاراسیمپساوی) .

 شایانی باسە هەموو ئەو هۆکارانە چارەسەری تایبەتی خۆیان هەیە.



PM:07:08:27/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌