سڕبوونی قۆڵ و مل نیشانه‌ی‌ توشبوونه‌ به‌م نه‌خۆشییه‌



ته‌ندروستی‌ - 

لەنێوانی بڕبڕەکانی ملماندا بەهەمان شێوەی پشتمان کڕکڕاگە هەیە (دیسک) کە یارمەتی جوڵەی بڕبڕەکان ئەدات لەسەر یەکتر، بڕبڕەکان بەچەند جۆرێک بەستەر بەستراونەتەوە بەیەکەوە بۆ ئەوەی توشی کێشەنەبن، یەکێک لەبەستەرە بەهێزەکان لەبەشی پشتەوەی بڕبڕەکانە کە لە بڕبڕەکانی ملەوە دەست پێدەکات تا کۆتایی بڕبڕەکان ئەویش پێی دەوترێت بەستەری درێژی پشتەوەی بڕبڕەکان هەرلەبەر بوونی ئەم بەستەرە بەهێزە دەرچونی دیسکەکان لەملیش و لە پشتیشدا بەلایەکدا دەبێت زۆربەی کات و فشار دەخاتە سەر یەکێک لەو دەمارانەی بەرپرسە لە هەست و جوڵەی قۆڵ و دەستمان. بەڵام هەندێک جار لەناوەڕاستدا دەبێت و ئەگەر گەورەبێت فشار دەخاتە سەر دڕکەپەتک و کێشەی گەورە دروست دەکات. 

دكتۆر ئامانج پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک و دەمار و بڕبڕەی پشت ده‌ڵێت" لەپاڵ ئازاری مل و قۆڵمان هەندێک جار سڕبوون و تاڕادەی لەئیش کەوتن بریتین لە نیشانەکانی دەرچونی دیسکی بڕبڕەکانی مل."

بۆناسینەوەی ئەم نەخۆشیە دوای پشکنینی نەخۆشەکە پێویستی بە ئەشیعەی تەنوری دەبێت کە بەجوانی دەریدەخات دەرچونی دیسکەکە.

چارەسەر: زۆربەی کات (٩٥٪) وەک دەرچونی دیسکی بڕبڕەکانی پشت( سێبەندە) ئیستراحەت و ئازارشکێن بەکاردەهێنرێت و دواتر چارەسەرەی سروشتی و وەرزش. لە سێ کاتدا نەشتەرگەری پێویستە کە بریتین لە:

1-لەئیش کەوتنی قۆڵێکمان یان بەشێکی قۆڵ یان دەست.
2- بەشێک یان هەموو قۆڵمان بەرەو لەئیش کەوتن بچێت.
3- مانەوەی ئازار دوای شەش حەفتە لەبەکارهێنانی ئازارشکێن و ئیستراحەت و چارەسەری سروشتی.
نەشتەرگەری لە پێشەوەی مل دەکرێت و زۆربەی کات شوێنی نەشتەرگەریەکە دیارنابێت و بریتی یە لە لابردنی دیسکەکە بە تەواوی و دانانی دیسکێکی دەستکرد لەشوێنی دیسکە لابراوەکە.



PM:07:35:20/11/2021




ئه‌م بابه‌ته 2980 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌