تهندروستی -
هیچ جومگەیەکی جەستە هێندەی شان مەودایەکی فراوانی جووڵەی نییە، ئەمەش لەسەر حسابی پتەویی جومگەکەیە، چونکە بۆ ئەوەی شان و قۆڵ وا بە سەربەستی بجووڵێن بە هەموو لایەکدا، کەمترین سنووری ئێسکی هەیە و زیاتر بە ژێ و بەستەر و ماسولکە قایمکراوە، بۆیە ئەگەری ماندووبوون و نەخۆشکەوتنیشی زۆرە، بەهۆی بزێوی زۆر جووڵانەکەشی، ناتوانین وەکوو پێویست پشووی پێبدەین و بەردەوام دەیکولێنینەوە، بۆیە ئازاری شان لە بڵاوترین ئازارەکانی جومگەیە، دكتۆر سهروهر پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە و ڕۆماتیزم لهم بابهتهدا دیارترین هۆكار و ههنگاوهكانی چارهسهر دهخاته ڕوو.
هۆکارەکانی:
1- هەوکردن و هەڵاوسانی بەستەر و ژێیەکانی شان
2- گرژبوون و توندبوونی کەپسولی چواردەوری جومگەکە (شانی جامبوو)
3- زبربوونی ئێسکی ناو جومگەکە و تەسککردنەوەی ڕێڕەوی بەستەرەکانی ناو جومگەکە
4- هەوکردنی کیسە سابوونییەکەی سەرووی جومگەکە
5- سووان (سەوەفان)لە شوێنی پێکگەیشتنی کەلـلەی ئێسکی قۆڵ و دەفەی شان
6- سووان (سەوەفان)لە شوێنی پێکگەیشتنی ئێسکی چەڵەمە و دەفەی شان
7- هەوکردنی ڕۆماتیزمیی جومگەکە
8- هەندێکجار گرفتەکە فەقەراتی ملە و تۆ لە شان و قۆڵدا هەستی پێدەکەیت
9- جاریش هەیە جەڵتەی دڵە و لە شاندا هەستی پێدەکرێت
10- پووکانەوەی کەلـلەی ئێسکی قۆڵ بەهۆی نەڕۆیشتنی خوێن بۆی
11- لەجێچوون و درز و شکاویی دوای زەبر
پشکینین:
پزیشک بە گوێگرتن لە نەخۆشەکە، پاشان پشکنینی دەستی و ڕووبەڕوو گەڵاڵەی هۆکارەکە دەکات، دواتر بڕیار دەدات ئایا پشکنینی دیکە پێویستن؟ وەکوو:
1- تیشکی ئێکس (ئەشیعەی ئاسایی)
2- سۆنەر
3- سیتی سکان
4- ڕەنینی موگناتیسی
5- پشکنینی خوێن
چارەسەری چییە؟
تاوەکوو هۆکارەکەی نەدۆزرێتەوە، ئاسان نییە چارەسەرێکی سەرکەوتووانەی بۆ بکرێت، بۆیە دەبێت پزیشکی ئێسک و جومگە دەستنیشانی بکات و چارەسەری بکات.
چارەسەرەکە بەپێی جۆرەکەیە، بە گشتی لە زۆربەیاندا یەکێک یان زیاتر لەمانە پێویستە:
1- ڕێنمایی و ڕاهێنان و چارەسەری سروشتی و فیزیایی
2- دەرمانی کۆنترۆڵکردنی ئازار و هەوکردن
3- دەرزیی ڕاستەوخۆ بۆ: ناو جومگەکە، نزیک بەستەرە هەوکردووەکە یان کیسە سابوونییە هەوکردووەکە
4- دوور نییە پێویست بە نەشتەرگەریش بکات
5- ئەگەر هۆکارەکە لە دەرەوەی شان بوو، دەبێت ئەو هۆکارە چارە بکرێت