خلێفی دووچەك بەكاردەهێنێت لە پێناو ڕازیكردنی مباپێ بۆ نوێكردنەوەی بۆندەكەی



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - 

پاریس سان جێرمان بە نیازە دوو چەک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کیلیان مباپێ ئەستێرەی تیپەکە ڕازی بکات لە ماوەی داهاتوودا گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکات.

زانراوە گرێبەستی ئێستای ئەو یاریزانە تەمەن 24 ساڵە لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2024 واتا کۆتایی وەرزی ئێستا کۆتایی دێت.

پێشتر کیلیان مباپێ پرسی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاڵەوانی خولی فەرەنسی ڕەتکردبووەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا، ئەمەش بووە هۆی توڕەیی بەرپرسانی یانەکە، بە سەرۆکایەتی ناسر خلێفی.

بەپێی ڕۆژنامەی ئەی ئێس ئیسپانی، ناسر خلێفی هیچ پەلەیەکی نییە لە گفتوگۆکردن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی مباپێ.


باس لەوەش کراوە کە پێدەچێت خلێفی دوو چەکی هەڵگرتبێت کە بەو چەکانە بتوانێت مباپێ لە پرسی مانەوە ڕازی بکات، یەکەمیان ئەگەری نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەیە لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریسی داهاتوودا.

مباپێ دەتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیادی فەرەنسا لەو ئۆڵۆمپیادانەدا یاری بکات، وەک یەکێک لە سێ یاریزانی تەمەن سەرووی ٢٣ ساڵ.

لەکاتێکدا چەکی دووەم ئەگەری بەدەستهێنانی ڕیکۆردێکی ناوازەیە لە خولی فەرەنسادا مباپێ وەک گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە، بەو پێیەی 179 گۆڵی تۆمارکردووە، لەکاتێکدا دیلیۆ ئۆنیس بە تۆمارکردنی 299 گۆڵ لە پێشەنگی لیستەکەدایە.

پاریس سانجێرمان هەوڵ دەدات مباپێ ڕازی بکات بە بیرۆکەی مانەوە لە ڕیزەکانی یانەکەدا تا ئەو جێگایەی کە دەتوانێت بەردەوام بێت لە تۆمارکردنی گۆڵ، دواتر ئەگەری شکاندنی ئەو ژمارە پێوانەییەی پێشتر باسکرا، هەرچەندە ڕەنگە لانیکەم ٤ وەرزی پێبچێت .

لە هەر حاڵەتێکدا داهاتووی کیلیان مباپێ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ یەکلایی دەبێتەوە، کاتێک لەگەڵ بەرپرسانی پاریس سانجێرمان لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشێت.



PM:03:10:06/12/2023




ئه‌م بابه‌ته 696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌