پێشمه‌رگه سپۆرت -
تیپی تۆپی پێی یانه‌ی پێشمه‌رگه ئاماده‌كاری زیاتر ده‌كات و به پێكهاته‌یه‌كی جیاواز به‌شدار ده‌بێت له یارییه‌كانی داهاتووی خولی نایابی كوردستان ، تیپه‌كه له ئێستادا به شێوه‌یه‌كی چڕ مه‌شق و ئاماده‌كاری ده‌كات و پلانی ده‌سته‌ی ڕاهێنه‌رانیش به‌ده‌ست هێنانی ئه‌نجامه له یارییه‌كانی هه‌فته‌كانی داهاتووی خوله‌كه .
ئه‌مه‌و به‌مه‌به‌ستی پته‌وتر بوونی پێكهاته‌ی هێڵه‌كانی یاریگه یاریزانێكی نوێ بانگێشت كرا‌و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كرا ، ئه‌و یاریزانه ( ساڵح موتڵك )ه له هێڵی هێرش به‌روو ده‌بێته یه‌كێك له یاریزانانی یانه‌كه بۆ یارییه‌كانی خولی كوردستان ، ساڵح له دایك بووی ساڵی 1996 هو یه‌كێك بووه له یاریزانانی یانه‌كانی ( حه‌ویجه ، سۆلاڤ و شێروانه ) .
سه‌باره‌ت به بانگێشت كردنی ئه‌و یاریزانه و سه‌رخستنی یاریزانانی تیپی لاوانی یانه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئاستی پێشكه‌وتوان ویسام محه‌مه‌د بازگ سه‌رپه‌رشتیاری گشتی تیپی تۆپی پێی یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه له لێدوانێكی تایبه‌ت به پێشمه‌رگه سپۆرت ووتی ، تیپه‌كه‌مان له قۆناغی دووه‌می خولی نایابی كوردستان به ئاستێكی جیاواز ده‌ركه‌وتووه و ده‌مانه‌وێت ڕۆژ له دوایی ڕۆژ ئاستی تیپه‌كه به‌ره‌و پێشتر ببه‌ین .
هه‌روه‌ك ویسام ئاماژه‌ی پێدا كه یاریزانێكی هێرش به‌ریان بانگێشت كردووه و گرێبه‌ستی فه‌رمیان له‌گه‌ڵ كردووه و سود له تواناكانی ده‌بین له یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان .
سه‌باره‌ت به بانگێشت كردنی یاریزانانی تیپی لاوانی یانه‌ی پێشمه‌رگه ویسام ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه به‌رده‌وام فێرگه‌ی پێشمه‌رگه بۆته قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێ له یاریزانان بۆ ئاسته‌كانی تازه‌پێگه‌یشتوان و لاوان و پێشكه‌وتوان و ئه‌م یاریزانانه‌ی ئێستاش كه بانگێشت كراون له چوارچێوه‌ی ئه‌و پلانه‌یه كه ده‌سته‌ی ڕاهێنه‌ران جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و دوایی بانگێشت كردنی یانزه یاریزان و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ تواناكانیان چوار یاریزان له هێڵی گۆڵپارێزان و به‌رگری دیاری كران كه مه‌شق و ئاماده‌كاری له‌گه‌ڵ تیپی پێشكه‌وتوان ئه‌نجام بده‌ن كه ڕه‌زامه‌ندیش درا به دیاری كردنی یاریزان ( به‌هه‌ست هاوڕێ ) و تۆماركردنی ناوی له ڕیزی تیپه‌كه بۆ به‌شداری له یارییه‌كانی خولی كوردستان .
بازگ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه هه‌ریه‌ك له یاریزانانی لاوان ( ڕاوێژ عه‌تا - گۆڵ پارێز ، شكار سه‌باح و هه‌ستیار سه‌ردار - له هێڵی به‌رگری ) به‌رده‌وام به‌شداری له مه‌شقه‌كانی تیپی پێشكه‌وتوان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له ئاینده‌دا سود له تواناكانی ئه‌وان ببینرێت ، دواجار ویسام ووتی له پلانی به‌رده‌وامیشمان دایه كه یاریزانانی دیكه‌ی تیپی لاوان له هێڵه‌كانی ناوه‌ند و هێرش به‌ر بانگێشت بكه‌ین .