هۆكار و چاره‌سه‌ری فشەڵبوونی ئێسک



ته‌ندروستی‌ - 

پووکانەوەی ئێسک ئەگەری شکانی ئێسک زیاد دەکات و دەکرێت کاریگەری جددی هەبێت لە کەسانی بەساڵاچوودا چونکە بچوکترین بەرکەوتن یاخود کەوتن لەوانەیە ببێتە هۆی شکان لە یەکێک لە پەلەکان یاخود بڕبڕەکاندا، دکتۆر هێمن پزیشكی نەخۆشییەکانی جومگە و رۆماتیزم و فەقەڕات له‌م بابه‌ته‌دا باس له‌م نه‌خۆشییه‌ و هۆكاره‌كانی ده‌كات.
 
ئه‌م پزیشكه‌ ده‌ڵێت" فشه‌ڵبونی ئێسك نەخۆشییەکی ئێسکە لە سەرەتادا بێ ئازارە و بێ نیشانەیە،دەبێتە هۆی لاواز بوونی ئێسک، کە لەوانەیە بەربونەوەیەکی ئاسایی،چەمانەوە هەندێک جار تەنانەت كۆکە ببێتە هۆی شکان لە یەکێک لە ئێسکەکانی نەخۆشەکەدا."

هۆکارەکانی فشەڵبوونی ئێسک 
-هەڵکشانی تەمەن
-ڕەگەزی مێ
-بۆماوەیی
-زوو وەستانی سوڕی مانگانە لە خانماندا
-لاوازی لەڕادەبەدەری جەستە
-بەدخۆراکی،کەمی ڕێژەی ڤیتامین D و کالسیۆم لە تەمەنی گەشەدا.
-جگەرە و ئەلکهول
-زۆر خواردنەوەی قاوە زیاتر لە دوو کوپ رۆژانە
-هەندێ جۆری دەرمان و نەخۆشی درێژ خایەن.

کەی پێویستم بە پشکنینی دێکسا سکان دەبێت؟
-هەموو پیاوێک سەروو تەمەنی 70 ساڵ
-هەموو ئافرەتێک سەروو تەمەنی 65 ساڵ
-هەر ئافرەتێک سوڕی مانگانە زووتر لە کاتی خۆیدا وەستابێت یاخود توشی شکانی ئێسک هاتبێت. 
-لە کاتی بوونی هەر نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو ڕۆماتیــــــزم،شەکرە، غوددەکان،سستی گورچیلەکان و سییەکان و نەخۆشیەکانی کۆڵۆن، هەروەها بەکارهێنانی هەندێ جۆر دەرمان بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن، کە بە ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕ ئەنجامدەدرێت.

باشترین چارەسەر و خۆپارێزی بۆ فشەڵبوونی ئێسک و خۆپارێزی لێی وەرزش کردن و وەرگرتنی برێکی باش کالیسیۆم و ڤیتامین D یە،دورکەوتنەوە لە جگەرە و کەمکردنەوەی ئەلکهولە. لەگەڵ بەکارهێنانی هەندێ جۆر دەرمان کە پزیشکی پسپۆڕی ئێسک و جومگە بڕیاردەدات لەسەر بەکارهێنانی.



PM:03:23:14/01/2024




ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌