ڕاپۆرت - گه‌له‌ری‌ وێنه‌ : لاوه‌ پێشمه‌رگه‌كان گه‌یشتنه‌ ڕیزی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ عێراق و یاری‌ كۆتایی‌ خولی‌ پله‌ یه‌ك



پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

تیپی‌ تۆپی‌ پێی‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ یاری‌ لوتكه‌ی‌ چاره‌نوس سازی‌ ئه‌نجام داو توانی‌ له‌ دوایی‌ ساڵی‌  2010 بۆ جاری‌ دووه‌م مێژووی‌ پرشنگداری‌ خۆی‌ بنوسێته‌وه‌ و بگاته‌ ڕیزی‌ یانه‌ نایابه‌كانی‌ عێراق .

كاتژمێر 3:30 خوله‌كی‌ ئێواره‌ی‌ ڕۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ 12 ی‌ 10 ی‌ 2023 و له‌سه‌ر یاریگه‌ی‌ خۆیدا له‌ ناوچه‌ی‌ فه‌رمانده‌یی‌ ، تیپی‌ تۆپی‌ پێی‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ ڕاهێنه‌ری‌ ڕێباز صدیق ، میوانداری‌ له‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ سه‌ناعات كاره‌با كرد .

یارییه‌كه‌ بۆ تیمی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دووجار چاره‌نوس ساز بوو به‌و پێگه‌یه‌ی‌ ته‌نیا به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌یتوانی‌ بگاته‌ ڕیزی‌ نایابی‌ یانه‌كانی‌ عێراق و هه‌روه‌ك یاری‌ كۆتایی‌ خولی‌ پله‌ یه‌كی‌ یانه‌كانی‌ عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ شاری‌ به‌غداد به‌ڕێوه‌ بچێت .

ئه‌مه‌و له‌و یارییه‌دا و له‌سه‌ره‌تاوه‌ یاریزانانی‌ هه‌ردوو تیم به‌ یه‌ك ئاست بینران و به‌هۆی‌ به‌رگریكاران و گۆڵپارێزان هیچ كام له‌ یاریزانانی‌ هێرش به‌ری‌ یانه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و سه‌ناعات كاره‌با نه‌یان توانی‌ سود له‌ هێرشه‌كانیان وه‌ربگرن تا له‌ كۆتاییه‌كانی‌ ئه‌و گێمه‌ و له‌ خوله‌ی‌ 42 یاریزان ، په‌یوه‌ست عومه‌ر ، له‌ تیمی‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ توانی‌ گۆڵی‌ یه‌كه‌م و تاكه‌ گۆڵی‌ ئه‌و یارییه‌ به‌هێزه‌ تۆمار بكات و به‌و ئه‌نجامه‌ش ، پێشمه‌رگه‌كانی‌ سلێمانی‌ له‌ پاش ساڵی‌ 2010 كه‌ له‌ ئاستی‌ پێشكه‌وتوان توانی‌ بگاته‌ نایابی‌ عێراق ، دووباره‌ له‌ ئاستی‌ لاوان و له‌ پاش 13 ساڵ ئه‌و ده‌ست كه‌وته‌ی‌ نوسییه‌وه‌ .

جێگه‌ی‌ باسه‌ تیمی‌ لاوانی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌م وه‌رزه‌دا و له‌ خولی‌ پله‌ یه‌كی‌ یانه‌كانی‌ عێراق له‌ كۆی‌ 12 یاری‌ توانی‌ به‌ بێ‌ شكت و به‌ 9 سه‌ركه‌وتن و 3 یه‌كسان بوون ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌ده‌ست بهێنێت و بگاته‌ یاری‌ كۆتایی‌ خوله‌كه‌ش ، خولی‌ پله‌ یه‌كی‌ یانه‌كانی‌ عێراق ، هه‌روه‌ك تیمه‌ لاوه‌كه‌ی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ خولی‌ كوردستاندا توانی‌ پله‌ی‌ دووه‌م ده‌سته‌به‌ر بكات و ببێته‌ یه‌كێك له‌ تیپه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بۆ خولی‌ لاوانی‌ پله‌ نایابی‌ یانه‌كانی‌ كوردستان ، جگه‌له‌وه‌ی‌ نازناوی‌ خولی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و ده‌وروبه‌ری‌ به‌ده‌ست هێنابوو .



PM:08:28:12/10/2023




ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌