‌چۆن هاوکاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی بکەین؟



ته‌ندروستی‌ - 

توشبووان بە نەخۆشی دەروونی، زۆرجار بەهۆی نەزانین لە مامەڵەکردن لەگەڵیان، دەرووندروستییان خراپتردەبێت و دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە! ئایا ئێمە وەکو خانەوادە، هاوڕێ، کۆمەڵگە، چۆن دەتوانین هاوکاری توشبووان بکەین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە زۆرجار له‌لایه‌ن تاکەکانی کۆمەڵگە ئاڕاسته‌ ده‌كرێت و پێویستییان بە وەڵامە، دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی له‌م بابه‌ته‌دا وه‌ڵامی دروستی ده‌داته‌وه‌.
 
لێرەدا ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکەین کە دەبێت ئەنجامیان بدەین، هەتا بتوانین ئازاری توشبووان بە نەخۆشی دەروونی کەمبکەینەوە:

یەکەم: هەرگیز مەهێڵە بێئومێد بێت!
بێهیوایی دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی دەروونی نەخۆشەکان، بە پێچەوانەشەوە بوونی هیوا دەبێتە هۆی کەمبونەوەی نیشانەکان! لەبەرئەوە هەوڵبدە بەردەوام ئومێدی بۆ دروستبکەیتەوە، ئومێدیان پێبدەن کە:
1- چەندین دەرمانی جیاواز و جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن ببنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.
2- زانست ڕۆژ بە ڕۆژ پێشدەکەوێت و چارەسەری زیاتر و باشتر دەدۆزرێتەوە.
3- چەندین جۆری چارەسەر هەن کە کاریگەری نەرێنی وەکو خەواڵووکردن و گێژبون یان کێش زیادبونیان نییە!
4- چارەسەری دەروونی لەسەر شێوازی جەلسات لە کوردستانیش بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە!
5- ژمارەی پزیشکانی پسپۆری دەروونی و چارەسەرکارانی دەروونی زیادی کردووە، ئەگەر سودت لە چارەسەرکارێک 
وەرنەگرت دەتوانیت بچیتە لای کەسێکی تر

دووەم: بزانە نەخۆشییە دەروونییەکەی چییە!
هەوڵبدە کە ئاشنابیت بە جۆری شڵەژانە دەروونییەکەی، ئەمەش لە چەندین لایەنەوە یارمەتیدەرە:
1- دەتوانیت لەسەر نەخۆشییەکە زانیاری تەواو وەربگریت، لە رووی چۆنییەتی توشبوون و چۆنییەتی چارەسەرەکان و هاوکاریکردنیان.
2- بە زانینی هۆکاری توشبونەکەی هەوڵدەدەیت هاوکاری بکەیت بۆ نەهێشتنی هۆکاری توشبوونەکە.
3- دەزانیت کە دەبێت چی بکەیت هەتا نەخۆشەکە هەست بە ئاسودەیی بکات.
4- فشارە دەروونییەکانی لەسەر کەمدەکەیتەوە.

سێیەم: چارەسەرەکانی دەستکاری مەکە
هەرگیز بە قسەی کەسانی ناپسپۆر لە بواری پزیشکی دەروونی چارەسەرەکانی مەگۆرە، و بریار لەسەر وەستاندن، گۆرین یان زیادکردنی چارەسەرەکان مەدە، زۆرکەس بە نەزانانە باس لە نەخۆشی دەروونی دەکەن، نابێت تۆش ببیتە یەکێک لەو کەسانە، لەم هەڵانە خۆت بپارێزە:
1- دەرمانە دەروونییەکانی بەبێ ڕاوێژی پزیشک بوەستێنیت یان کەمیان بکەیتەوە یاخود زیادیان بکەیت.
2- نەهێڵیت نەخۆشەکە سەردانی چارەسەرکارانی دەروونی بکات بە بیانوی ئەوەی کە تەنها ئامۆژگارییە و خۆی باشتر دەزانێت.
3- بەبێ ڕاوێژی پزیشکی دەروونی دەرمانی بۆ بەکاربهێنیت بە بیانوی ئەوە نەخۆشێکی تر سودی لەو دەرمانە بینیوە.


PM:07:25:19/02/2023




ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌