‌چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گوشاری ده‌روونی بكه‌ین؟




ته‌ندروستی‌ - 

ئەگەر تۆ گووشاری دەروونیت هەیە بەهۆی له‌ده‌ستدانی كاره‌كه‌ت یان كێشه‌یه‌كی تایبەت، یه‌كه‌م هه‌نگاوی چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هۆكاره‌كه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ی، خراپترین شتیش ئه‌وه‌یه‌‌ په‌نا بۆ چاره‌سه‌رێكی ناته‌ندروست ببه‌ی، وه‌كو جگه‌ره‌كێشان یاخود مه‌ی خواردنه‌وه‌.

پرۆفیسۆر کاری کووپەر پسپۆڕ له‌ بواری ته‌ندروستیی پیشه‌یی له‌ زانكۆی لانكه‌ستە لە بەریتانیا دەڵێت: ''لە‌ ژیانماندا هه‌موو كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری خۆی هه‌یه‌." 

هەروەها پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێت: "له ‌هه‌ر بارودۆخێكدا، له‌ده‌ستدانی كۆنتڕۆل یان ده‌سته‌وه‌ستان و هیچ نه‌كردن كێشه‌كانت گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن.'' 

باشترین رێگه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن و چاره‌سه‌رکردنی گووشاری  ده‌روونی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هێزی سۆزداری كۆبكه‌یه‌وه‌  و بنیاتی بنێی و كۆنتڕۆڵی خۆت و دۆخه‌كه‌ بكه‌ی، تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانت به‌هێز بێ، هه‌روه‌ها تێڕوانین و دیدگایه‌كی ئه‌رێنیت بۆ دۆخه‌كه‌ هه‌بێ. 

رێنماییه‌كانی پڕۆفیسۆر كووپه‌ر بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گووشاری دەروونی:
1. چالاكبه‌: وه‌رزش و ڕاهێنان بكه، چونکە ده‌توانێت هه‌ندێ له‌و گرژییه‌ سۆزدارییه‌ كه‌مبكاتەوە‌ كه‌ تۆ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنی. واتلێده‌كا كه‌ مێشك و هۆشت چاڵاكتر و باشتر بێت و بتوانی هێمنانه‌تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كه‌ت بكه‌ی. 

2. ‌كۆنتڕۆڵ بکە‌: هه‌موو كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری خۆی هه‌یه‌. " ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر به‌ نه‌رێنی بمێنییه‌وه‌ و هیچ هه‌نگاوێك نه‌هاوێژی و هه‌ر بڵێی من نازانم چی بكه‌م، ناتوانم ئه‌و كێشه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌م، ئه‌وا گووشاری دەروونیت خراپتر ده‌بێ. ئه‌م هه‌سته‌ نه‌رێنی و خراپه‌ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی نه‌كردن، چونكه‌ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخه‌كه‌ خۆی له‌خۆیدا تواناسازییه‌كه‌ بۆ هه‌وڵدان و گه‌یشتنه‌ بە چارەسەر.

3. هامووشۆی خه‌ڵك بكه‌: پاراستنی تۆڕی په‌یوه‌ندیی هاوڕێیه‌تی، خێزان و هاوكارانت هۆكارێكی باشه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی رۆژانه‌ و هه‌بوونی دیدگای جیاواز بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانت. پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر تۆ په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بێ، ئه‌ی كێ هاوكار و پاڵپشتت بێ له‌ كاتی ته‌نگانه‌؟". بۆیه‌ بینین و دانیشتن له‌گه‌ڵ هاوڕێ و كه‌سانی نزیك وه‌ك پشوودانێك وایه‌. مرۆڤ قسه‌ ده‌كات و پێده‌كه‌نێ و ...هتد، ئه‌مه‌ش باشترین رێگه‌یه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گووشاری  ده‌روونی و تاوتۆكردنی كێشه‌ و گرفته‌كان.

4. كات بۆخۆت ته‌رخان بكه‌: زۆر جار، كاروباری ڕۆژانه‌ رێگره‌ له‌وه‌ی كات بۆ خۆمان ته‌رخان بكه‌ین. پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێ: " پێویسته‌ هه‌موومان كات بۆ خۆمان ته‌رخان بكه‌ین، تۆڕی په‌یوه‌ندیه‌كانمان به‌هێز بكه‌ین و هەناسەیەک هه‌ڵكێشین و راهێنان و وه‌رزش بكه‌ین''. ئه‌م پسپۆڕه‌ پێشنیاز ده‌كات، هه‌فتانه‌ یەک بۆ دوو رۆژ بۆ خۆمان ته‌رخان بكه‌ین. باشتره‌ له‌م رۆ‌ژانه‌‌دا ئیش نه‌كه‌ین (بێگومان ئه‌گه‌ر بۆمان بگونجێ).

5. بەرەنگاری خۆت ببەوە: ئه‌رك و ئامانجی نوێ بۆ خۆت دیاریبكه‌، چ له‌ كاروپیشه‌كه‌ت یان له‌ هه‌ر بوارێكی تر بێت، زمانێكی بیانی فێرببه‌، وه‌رزشێكی نوێ بكه‌، ئامێرێكی مۆسیقا بژه‌نه‌...هتد. ئه‌مه‌ هێز و متمانه‌ت پێده‌دا و گوشاری ده‌روونیت ناهێڵی یان كه‌میده‌كاته‌وه‌. پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێ: " فێربوونی به‌رده‌وام مێشك و هۆش چاڵاك و به‌هێز ده‌كات و هێز و تینت پێده‌به‌خشێ، هه‌روه‌ها  ئاستی زانین به‌رزده‌كاته‌وه.''

6. له‌ خووه‌ ناته‌ندروسته‌كان دوور بكه‌وه‌: بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گووشار یان له‌كاتی بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك، په‌نا بۆ جگه‌ره‌كێشان یان مه‌ی خواردنه‌وه‌ مه‌به‌، ته‌نانه‌ت زۆر قاوه‌ و كافاینیش مه‌خۆره‌وه‌. پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێ: "زیاتر پیاوان ئه‌م ره‌فتارانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش پێیده‌لێن ره‌فتاری خۆلێدوورخستنه‌وه‌، له‌م رووه‌وه‌ ژنان باشترن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتی كۆمه‌ڵایه‌تی.''
له‌ كۆتاییدا ئه‌م ئازارشكێنانه‌ كێشه‌كه‌ت چاره‌سه‌ر ناكه‌ن، به‌ڵكو كێشه‌ی تر دروستده‌كه‌ن. پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێ: "ئه‌مه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ سه‌ری خۆت له‌نام لم بشاریته‌وه‌، ره‌نگه‌ چاره‌سه‌رێكی كورتخایه‌ن بێ، به‌ڵام كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌ ناهێنێ. بۆیه‌ پێوسته‌ تۆ له‌ هۆكاری كێشه‌كه‌ بكۆڵیته‌وه‌ و هه‌وڵبده‌ی له‌ ره‌گه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بكه‌ی.''

7. هاوكاری خه‌ڵك بكه‌: به‌ گوته‌ی پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی هاوكاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن و به‌ده‌نگ خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌چن له‌ رێگەی كاری خۆبه‌خش و خێرخوازی، ئه‌وانه‌ له‌ رووی ده‌روونی و سۆزدارییه‌وه‌‌ به‌هێزن و به‌رگه‌ی گووشارەکان ده‌گرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێ: "یارمه‌تیدانی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ دۆخێكی خراپدان و پێویستیان به‌ هاوكاریه‌، واتلێده‌كا تێڕوانینت بۆ كێشه‌كانی خۆشت بگۆڕی و به‌جۆرێكی دیکە سه‌یریان بكه‌ی. چه‌ند زیاتر ببه‌خشی، ئه‌وه‌نده‌ ئاسووده‌تر و به‌هێزتر ده‌بی، به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌نی ده‌روونی و سۆزدارییه‌وه.''

8. زیره‌كتر كار بكه‌ نه‌ك زۆرتر: واته‌ له‌ شته‌ گرنگه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌، كاره ‌له‌پێشینه‌كه‌ت به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نه‌، ورد و قووڵ به‌، جیاوازی دروستبكه‌، نوێكاری و داهێنان بكه‌، كاره‌ بچووكه‌كان دوابخه و به‌رهه‌مدار به‌.

9. ئه‌رێنی به‌: به‌ چاوێكی ئه‌رێنیه‌وه‌ له‌ ژیان بڕوانه‌، هه‌ستی سوپاسگوزاریت هه‌بێ، دڵخۆش به‌ به‌وه‌ی كه‌ هه‌ته‌‌، پڕۆفیسۆر كووپه‌ر ده‌ڵێت: "خه‌ڵك به‌ها و نرخی ئه‌و شتانه نازانن كه‌ هه‌یانە هەربۆیە تۆ له‌وانه‌به‌ كه‌ په‌رداخه‌كه‌ به‌ نیوه‌ پڕ ئاو ده‌بینن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن په‌رداخه‌كه‌ نیوه‌ی به‌تاڵه.'' هه‌وڵ بده‌ ڕۆژانه‌ سێ شت به‌بیر خۆت بهێنه‌وه‌ كه‌ دڵت پێیانخۆشه‌ و به‌ نرخن له‌ لات.

10. رازیبە بەوشتانەی ناتوانی بیانگۆڕیت‌: هه‌موو كات ناتوانین دۆخه‌كه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان یه‌كلابكه‌ینه‌وه‌ کەواتە ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێی ده‌وێری و به‌سه‌ریدا زاڵی. 

ئه‌گه‌ر دۆخێك هاته‌ پێش و ئیشه‌كه‌ت له‌ده‌ستدا به‌ هۆكارێك كه‌ له‌ توانای تۆدا نیه‌ و خه‌تای تۆش نیه‌، ئه‌وا ده‌بێ قبووڵی بكه‌ی، چونكه‌ چاره‌ی ترت نیه هەربۆیە  ده‌بێ تۆ ئه‌و شته‌ بكه‌ی كه‌ پێتده‌كرێ، ئه‌ویش گه‌ڕان به‌دوای كارێكی نوێیە‌.

ئامادەکردن و وه‌رگێڕانی له‌ ئینگلیزییه‌وه‌: عه‌لی عه‌باس 
سه‌رچاوه‌: ده‌زگای خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستیی نیشتمانی - به‌ریتانی NHS


PM:03:34:24/11/2022




ئه‌م بابه‌ته 776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌