‌9 نیشانه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ "نەخۆشی جوڵەزۆری کەمتەرکیز" لە منداڵاندا



ته‌ندروستی‌ - 

نیشانەکانی کەمتەرکیزی بە چەندین شێوە دەردەکەون،دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی لێرەدا باسی نیشانە سەرەکییەکانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ دەکات لەگەڵ نمونەکانیان.

یەکەم: زۆرجار ناتوانێت تەرکیزی ورد بکاتە سەر وردەکاری شتەکان یان هەڵە دەکات بەهۆی بێئاگاییەوە: بۆ نمونە کاتێک ئەرکەکانی قوتابخانەی دەنوسێتەوە شتی لەبیردەچێت و هەموی تەواوناکات.

دووەم: ناتوانێت بەردەوامبێت لە تەرکیزکردن لە یاریکردن یان ئیشەکانیدا: بۆ نمونە کاتێک لە پۆلدا دانیشتووە بە سانایی تەرکیزی دەروات و مامۆستاکەشی هەست بەوەدەکات کە ئاگای لە وانەکە نەماوە.

سێیەم: زۆرجار گوێناگرێت کاتێک قسەی بۆ دەکەیت.

چوارەم: بەدوای داواکاری و فەرمانەکاندا ناچێت: ئەگەر ئەرکێکی پێبسپێریت نایکات، ئەمەش لەبەر بێگوێی و یاخیبونن نییە بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە تەرکیزی لاوازە.

پێنجەم: زۆرجار قورسی دەبینێت لە رێکخستنی ئیشەکانی و چالاکییەکانی: زۆر بەلایەوە قورسە کە کارەکانی رۆژانەی جێبەجێبکات بۆ نمونە کاتێک سەعی پێدەکرێت زۆر بە نارەحەت دادەنیشێت و گوێدەگرێت.

شەشەم: حەزی لەو کارانە نییە کە توانای عەقلیان دەوێت و  خۆی لێیان بەدوردەگرێت: ناچێتە ناوکارێکەوە کە پێویستی بە بەکارهێنانی توانای عەقڵی زۆربێت وەکو بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی ماڵەوە.

حەوتەم: شتی لەبیردەچێت کە پێویستن بۆ ئیشوکارەکانی: بۆ نمونە قەڵەم و چاکەت و .. لەبیردەچێت لە قوتابخانە، یان ئەرکەکانی ماڵەوەی لەبیردەچێت کاتێک دێتەوە ماڵەوە.

هەشتەم: بە ئاسانی تەرکیزی نامێنێت بە هاندەرێکی دەرەکی: کاتێک مەژغوڵی ئیشێکە زۆر بە سانایی تەرکیزی بۆ شتێکی تر دەچێت ئەگەر بیبینێت یان گوێی لێیبێت. 

نۆیەم: لە چالاکییەکانی رۆژانەدا شتی لەبیردەچێتەوە: هەندێک شتی رۆژەکەی لە یادنامێنێت کە ئەنجامی داوە، ئەمەش بەهۆی کەمتەرکیزییەوەیە.


PM:03:23:28/10/2022




ئه‌م بابه‌ته 1164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌