شۆکێک بۆ یارو نەیار




بیَوه‌ی‌ ئه‌حمه‌د - 

خەونە؟ یاخود راستی ؟ بارسێلۆنا جیابوونەوەی لەگەڵ مێسی بڵاودەکاتەوە ، ئەوە گەورەترین شۆکە بۆ ھاندەرانی بارسا و ھەوادارانی مێسی، ئەوە ناخۆشترین و بێزراوترین ھەواڵی مێژووی ١٢٢ ساڵەی یانە مەزنەکەی کەتەلۆنیایە.

لیۆی تەمەن ٣٤ ساڵ کە ٣٤ نازناوی لەگەڵ بارسا بەدەستھێناوەو ھەموانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە باشترینی مێژووی یانەکەیە، نیوەی زیاتری تەمەنی بەیانە ئیسپانییەکە بەخشی و ئەوەی کە بەخەون و خەیاڵ دەزانرا ئەم ھێنایە بوون و لەگەڵیدا بارسای بردە ئاسمان و خۆشی بووە (پادشا، مەزن، عاشق، ئەفسانە) و دەیان نازناوی دیکە.

مێسی ھێندەی شادی و خۆشی و خەندەی بەخشیوەتە ھاندەران و ھەوادارانی زۆر ئاستەمە لەیاد بکرێت، گەلێک سەختە ھاندەرانی بارسا (پیاوی خەونەکانیان ، بەدیھێنەری حەزەکانیان، مەستکەری بیروھۆشیان لەلاکێشە سەوزەکەدا بە درێسی یانەیەکی دیکە جگە لەیانە دڵخوازەکەی خۆیان ببینن) .

لیۆ یاریزانێکی ئاسایی نەبوو، ئەو ھەموو شتێکی بەتۆپی پێ بەخشی ، یار و نەیاری لەیاریگادا شۆک دەکرد، بەبەردەوامی چێژی دەبەخشییەوە ، زۆرینەی کات فریادرەس و پیاوی یەکەمی سەر یاریگا و چونە سەر سەکۆی وەرگرتنی خەڵاتەکان بوو.

ئەفسانە ئەرژەنتینییەکە کە تەنیا درێسی بارسای پۆشیبوو، چیتر بە رەنگە شین و سورەکەی بلاوگراناوە یاریناکات و یاریگا ناھەژێنێت ، چیتر نابێتە لابەری خەم و بەدیھێنەری شادی ، چیتر نیوکامپ پڕ ناکات لەعەشق و ھەمووان شاگەشکەی سەرکەوتن و راماڵین ناکات، چیتر جادوی لیۆ تایبەت نابێت بەھاندەرانی بارسا و مایەی شانازی ئەوان نابێت .

چیرۆکەکەی لیۆی گەوهەر و بارسا دوای ١٨ ساڵ کۆتایی ھات ، کۆتاییەک کەھەرگیز ھاندەرانی بارسا خوازیاری بینین و بیستنی نەبوون، کۆتاییەک ھێندە پڕ ژان و ناسۆرە ھاوشێوەی کۆستێکە، کۆتاییەک کە سەرەتایەکی نوێیە بۆ لیۆ و یار و نەیاریش ھیواخوازن ئەو درێسەی وەرزی داھاتوو لیۆ دەیپۆشێت شۆکیان نەکات!.

ھەمووان دەخوازن سەرەتای داھاتووی مێسی جێگەیەک بێت شایستە بە گەورییەکەی بێت ، شایستە بەتوانا و ھێزو لێدان و بڕینەکانی بێت، ھەمووان دەخوازن شانبەشانی گەورەکان لاکێشە سەوزەکە پڕ لەدرەوشانەوەو جادووەکانی بکات ، کەمیش نین ئەوانەی مەترسی شۆکێکی دیکە دەکەن و ناخوازن ھەواڵی رۆشتنی لیۆ بۆ یانە یاخود خولێکی نامۆ ببیستن!.

دواجار ھێندە بەسە کە بڵێین لیۆ ٨١٠ یاریی بۆ بارسا ئەنجامداوەو ٦٨٣ گۆڵیشی بۆ تۆمارکردووە ، هەربۆیە رۆشتنی ئەو زەمینلەرزەیە ، تسۆنامییە، کۆتایی و هەژاندنی چیرۆکێکی پڕ یادەوەرییە.

لیۆ لەگەڵ بارسا :

دە جار نازناوی خولی ئیسپانیا
چوار جار نازناوی چامپیۆنس لیگ
حەوت جار نازنازی جامی شای ئیسپانیا
ھەشت جار نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا
سێ جار نازناوی جامی سوپەری ئەوروپی
سێ جار نازناوی جامی جیھانی یانەکان
٤٦٧ گۆڵ لە ٥١١ یاریی خولی ئیسپانیادا
١٢٠ گۆڵ لە ١٤٩ یاریی چامپیۆنس لیگدا
٥٤ گۆڵ لە ٧٩ یاری جامی شای ئیسپانیادا
١٣ گۆڵ لەجامی سوپەری ئیسپانیادا
٥ گۆڵ لەجامی جیھانی یانەکاندا
٥ گۆڵ لەجامی سوپەری ئەوروپیدا.


AM:12:09:06/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 1596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌