فێرکردن یان فێڵکردن!



ئاراس رواندزی -

فێرگەکانی تۆپی پێ لە جیهاندا بە بەردی بناغەی پێشکەوتن و بنیاتنانی داهاتووێکی گەش ئەژمار دەکرێن، بەڵام لە کوردستانەکەی خۆمان دوور لەو ئامانجە بەشێکیان بۆ کاری بەدڕەوشتی قۆستویانەتەوەو لە جیاتی فێرکردن، فێڵ لەو پەپولانە دەکەن کە خەون بە دوارۆژێکی پڕشنگدار دەبینن.

مێژووی دامەزراندنی فێرگەکانی تۆپی پێ لە کوردستان زۆر دێرین نیە، دەتوانم بڵێم ئەو 10 ساڵەی دوایی لە شارو شارۆچکەکان سەریهەڵدا، زۆربەی ئەوانەی بەو کارەش هەستاون وەرزشکاری دێرینن، تا ئێرە کارێکی پیرۆزو جێگای ستایش کردنە، چونکە بوونی بناغەیەکی پتەو، ئایندەیەکی باشت بۆ دەستەبەر دەکات، لێ کاتێک کارەکە لە چوارچێوەی وەرزش دەرچوو، یاخود لە پەنای کایەکەوە کاری بەدڕەوشتی و قێزەون ئەنجامدرا، پێویستە زۆر بە تووندی بڵێین ستۆپ و هەڵوێست وەربگرین. 

لە ماوەی هەفتەی رابردوو زۆر چیرۆک و بابەتی جیاواز لە بارەی ئەو کارە قێزەونانەی کە بەشێک لە سەرپەرشتیارانی فێرگەکان ئەنجامیانداوە، باسکرا، بەشی زۆریان لەبەر رەوشتی مرۆڤ و لێکەوتە کۆمەڵایەتیەکان ناکرێ لێرەدا بنووسرێ، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا گرنگ و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بەپەلە بڕیاری لەبارەوە بدات، دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەتمەندە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەواوی ئەو کەیسانەی هەیە، ئینجا دوای کۆکردنەوەی بەڵگەو دۆکومێنتی دروست، پێویستە ئەو کەسانە بە پێی یاسا دادگایی بکرێن و ئەنجامەکەشی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت، تاکو ئەوانەی بەو کارە قێزەونە هەستاون، ببنە پەندو جارێکی دیکە کەس بوێری ئەوەی نەبێت، نەک ئەو کارە ئەنجامبدات، بگرە بیریشی لێبکاتەوە. 

ساڵانێکە من تێبینی زۆرم لەسەر شێوازو چۆنیەتی کارکردنی فێرگەکان هەیە، بەڵام ئەوەی بۆ من زۆر شۆکهێنەرو نەزانراو بوو، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی فێرگەیە کە زۆربەیان هیچ مۆڵەتێکی فەرمیشان نیە! لە ماوەیی رابردوو لە نزیکەوە چاودێری چەند فێرگەیەکم کرد، بۆم دەرکەوت ئامانجی بەشێکیان پێگەیاندنی بەچکەشێران نیە، بەڵکو بەدەستهێنانی پارەو گەیشتنە بە حەزەکانیان، چونکە هیچ جیاوازیەکم لەنێوان منداڵێکی بەهرەدارو جوانێکی بێ بەهرە نەبینی!

 لێرەدا من بە تەواوی بەڕێوبەرایەتی گشتی وەرزش بە کەمتەرخەم دەزانم، چونکە دەبوایە هەموو ئەو فێرگانە لە ژێر چەتری ئەو بەڕێوبەرایەتیە بوایەو بە وردی چاودێری ئیش و کارو ئامانجەکانیان بکات، نەک بێ ئاگا بێ لەوەی چەند فێرگە لە کوردستان هەیە! بەداخەوە ئێستا وایلێهاتووە هەرچی رۆژێک شووتێکی لە تۆپ دابێت، فێرگەیەکی دامەزراندووە! باشە ئەو کارە بۆ وا بێ بەها کراوە؟ ئاخر فێرگە مەرج و رێساو یاسای خۆی هەیە، ناکرێ کەسێک هیچ بڕوانامەیەکی لە پەرەردەکردن و فێرکردن و پێگەیاندنی یاریزانان نەبێت، کەچی دوور لە  بنەما ئەکادیمی و زانستیەکە سەرپەرشتی و راهێنەرایەتی پۆلێک لە منداڵان بکات! ئەو کارە نەک سوود، بگرە بۆ داهاتووی ئەو فێرخوازانە بە تایبەتی و بۆ تۆپی پێش بە گشتی، زیانی زیاترە. 

لە کۆتاییدا هیوادارم ئەو بابەتە کە پەیوەستە بە هەموو خێزانەکانی کۆمەڵگاکەمان و داهاتووی وەرزشیش بەهۆیەوە لە مەترسی و داروخاندایە، بەهۆی رکابەری حزبی و شەڕی قێزەونی شارەکان پەردەپۆش و بەلارێدا نەبردرێت، با لێگەڕێین یاسا سەروەر بێت و دادگاکان بڕیار بدەن، هەروەها بە پێویستی دەزانم بەڕێوبەرایەتی وەرزشیش رێکخستنەوەی تەواوی فێرگەکان بکاتە کاری لە پێشینەی و میکانیزمی سەردەمیانەو مەرجی و زانستی بۆ بەفەرمی ناساندنیان دابنێ و لە نزیکیشەوە چاودێریان بکات.



PM:03:47:02/02/2021




ئه‌م بابه‌ته 1800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌