بڕیارەکەی عێراق سیاسی بوو، نەک وەرزشی



ئاراس رواندزی

گەلەکۆمە سپیەکەی نوێنەرانی بەشێک لە یانە بەشداربووەکانی خولی تۆپی پێی عێراق بە نوێنەرایەتی یانە جەماوەرییەکانی بەغدا، بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکەی فیدراسیۆنی پەیوەندیداری سەبارەت بە ژمارەی کۆتایی یانە بەشداربووەکانی ئەو لیگە لێکەوتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانیەکی قوڵی یانە کوردستانیەکان و شەقامی وەرزشی بەدوای خۆیدا ھێنا. 

ئاشکرایە ئەم بڕیارە دەرھاوێشتەی رووداوە سیاسیەکانی رابردووی کوردستانە، سزایەکی روونی سیاسی دەسەڵاتدارانی شۆڤینی بەغدایە بۆ تاک بە تاکی وەرزشکارانی ھەرێم کە ئێستا ھەموو بوارو کایەکانی ژیانی کوردستانیانی گرتۆتەوە، ئەگینا ئەوان لە پار ساڵەوە بەڵێنی بەشداریکردنیان بە یانەکانی کوردستان دابوو، ھەروەھا ژمارەو شێوازی سازکردنی خولەکەشیان لە کۆبوونەوەکانی چەند مانگی پێشوو یەکلاکردبۆوە، وەلێ لە گەلەکۆمەیەکی کتوپڕدا دوازدە یانەی ھاوئاوازو ئەنتی کوردستان، فۆڕم و شێوەی خولەکەیان دیاری کردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێش کە سەرۆکەکەی کوردە موبارەکەی بڕیارەکەی کرد! 

دژەکان بۆ کوردستان یەکیان گرت

ماوەی زیاتر لە مانگێک بوو یانەکانی کوردستان خەریکی خۆئامادەکردن بوون، دەیان گرێبەست ئیمزا کراو پارەیەکی زۆریش سەرفکرا، کەچی بەیەک ئیمزا بڕیاڕ لەسەر کوشتنی خەونی وەرزشکارانی کورد دراو یانەکانی ھەرێم لە خولەکە بێبەشکران، ئەم بڕیارە گەر دژی یانەیەکی بەغدا یا نزیک لە دەسەڵاتدارانی شیعە بووایە، ھەرگیز سەری نەدەگرت، بەڵام لەبەر ئەوەی دژی کوردستان بوو، ھەموو دژەکان ھاتنە یەک بەرەو سەنگەریان دژی ئەو شارانە گرت کە ساڵانێک خاک و یاریگاکانمانیان بە ماڵی خۆیان و ئارامترین پەناگە ئەژمار دەکرد، گومان لەوەدانیە گەر کوردستان نەبووایە ئەستەم بوو بتوانن لە ناوچەی سەوزی بەغداش چالاکیەکی وەرزشی ئەنجامبدەن! تیپ و ھەڵبژاردەکانیان لێرە زۆرترین خزمەت کران، لەسەر یاریگاکانمان دەیان شانازیان تۆمار کرد، کەچی ئەوان لە پاداشتی چاکەکانمان بێ وەفاییان نواندو بەردیان لەو کانیە گرت کە ساڵانێک تینویەتیانی دەشکاندو ئاویان لێی دەخواردەوە.

با ھەنگاو بۆ رێگا دروستەکە بنێین

دیارە دیدی من لەسەر بەشداریکردنی یانەکانی کوردستان لە خولە بێزارکەرو پڕ کێشەکەی عێراق ھەمیشە لە بەشێکی زۆری بەرپرسان و ھاوپیشەکانیشم جیاواز بووە، من ھیچ ئاسۆیەکی گەش لەوێ نابینم، بە پێچەوانەوە قوڵبوونەوەی کێشەکان و ھەڵڕشتنی رقی زیاتر و تۆڵەی داواکردنی سەربەخۆیی و ژینگەیەکی قوڕمیشکراو بە دژایەتی خاک و ناوی پیرۆزی کوردستان دەبینم، بۆیە من بە باشتری دەزانم لە جیاتی ئەوەی لە دادگای کاس سکاڵا تۆمار بکەین، پشت لە عێراق و رووەو کوردستان ھەنگاو بۆ رێگا دروستەکە بنێن، لەبەر ئەوەی پێموایە خولی کوردستانە داھاتووی گەشی لاوانمان دەردەخات و گەنجی بەھرەدار پێدەگەیەنێت، بە پێچەوانەی لیگەکەی عێراق کە یانە کوردستانیەکان پشت بە یاریزانی عەرەب و بیانی دەبەستن و لاوەکانیشمان لەسەر کورسی یەدەگ ئاخ بۆ چارەنووسی نادیارو لەگۆڕنانی خەونەکانیان دەکێشن، بۆیە من پێشنیار بۆ یانەکانی کوردستان دەکەم ئەو وزەو توانا داراییەی ھەیانە، لە خولی کوردستان بەگەڕی بخەن، دڵنیام ئەوسا خولەکەمان لە ھەموو روێکەوە تەکانێکی باش دەدات و پێشڤەچوونی بەرچاو لە لایەنی ئاست و گڕوتینی جەماوەر بەخۆوە دەبینێ.

سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە بۆ نایاب

بە گرنگ و پێویستی دەزانم فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بۆ زیندوو ھێشتنەوەی وەرزشی ھەرێم و قەرەبووکردنەوەی ئەم بڕیارە شۆڤینیەی بەغدا، یانەکانی سلێمانی و دھۆک و ھەڵەبجە بۆ خولی نایاب سەربخات، ھەروەھا فۆڕم و شێوازی ئەنجامدانی خولەکەش بگۆڕێت، بۆ ئەوەی گوڕو تین و بەھێزی زیاتر بە لیگەکە بدات و جەماوەرو ھەواداران و لاوانی ئەو سێ شارە پڕ لە وەرزشکارەش، لە بینینی یارییەکان و رکابەریکردن و پشتیوانیکردنی یانەکانیان لە خولی تۆپی پێی کوردستان بێبەش نەبن.



PM:04:47:19/11/2017




ئه‌م بابه‌ته 1065 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌