چیتر شکۆی هەولێر مەشکێنن



ئاراس رواندزی -

یانەی هەولێر کە ساڵانێک ناوهێنانی رکابەرەکانی دەخستە لەرزین، ئێستا بۆتە تیپێکی بێ ناونیشان و وەک نوقڵی جەژنانە خاڵ دەبەخشێتەوە، ئەوەی لە پێشوودا لە نێو خاکی خۆی نیو دەرزەن گۆڵی دەخوارد، ئێستا لەناو جەرگەی پایتەخت هەولێر بەزەویدا دەدات!

ڕاستی بەر لەو نووسینە گەڕانەوەیەکم بەناو وتارەکانمدا کرد، بینیم لەماوەی ساڵێکدا پێنج وتارم لەسەر کێشەو قەیرانەکانی یانەی هەولێر نووسیوە و دەیان ڕێگەو میکانیزمم بۆ دەربازبوون خستۆتە روو، بێگومان هاوپیشەکانیشم بە فۆڕم و شێوازی جیاواز سەرنجەکانیان گەیاندووە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە پاش ساڵێک دەبینم دۆخەکە نەک بەرەو باشی نەچووە، بگرە ئیمپڕاتۆر کە نازناوی یانەکەی قەڵاو منارەیە، رۆژ بە رۆژ شکۆی دەشکێت و جەستەی زیاتر زامدار دەکرێت، جەماوەرە دڵسۆزەکەشی جەرگی ژان دەکات و نازانێ هانا بۆ کێ ببات! 

ئێستا تیپەکە گیرۆدەی کۆمەڵێک گرفتەو بەدەستیانەوە دەناڵێنێ، یاریزانەکان سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووەو  بەشێکیشیان لە دادگاکان شکاتیان کردووەو هەندێکیشیان بایکۆت! سێ لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، یانەکەش یەک هەنگاو لەناوچەی سووری دابەزین نزیکە، کەچی تا ئێستا هیچ ئومێدێک بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە نابینرێ! دەستەی کارگێڕیش کە هۆکاری ئەو دۆخەن، پێناچێ کلیلی چارەسەری ئەو دۆخەیان لاهەبێ، بۆیە بێدەنگیان هەڵبژاردووە! لە کاتێکدا چارەسەری بەشێک لەو گرفتانە دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردنیان بوو! 

بەکورتی من پێموایە ئەو دەستەیەی ئێستا بە هەموو پێوەرێک شکستیان هێناوەو ناتوانن ئەو بەڵێنانەی بە جەماوەریاندا بوو، جێبەجێی بکەن، لێ دەستلەکارکێشانەوە یاخود دوورخستنەوەیان لەو کات و ساتەدا بەباش نازانم، بۆیە لە ئێستادا باشترین کار بۆ دەربازبوون لەو دۆخە کە پێویستە زۆر پەلەی تێدا بکرێت، پشتیوانیکردنی دارایی یانەکەیە، چونکە چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی یاریزانەکان تاکە دەرچەیە بۆ ئەوەی جۆش و خرۆش و روحیەت بۆ یاریزانەکان بگەڕێتەوەو تیپەکەش لە ناوچەی دابەزین دووربخرێتەوە، ئینجا دوای کۆتاییهاتنی وەرز دەکرێ بابەتی مانەوە یان دوورخستنەوەی ئەو دەستە یەکلابکرێتەوە.



PM:05:33:07/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌