ئەرسەلان جەلال: پێویستە لەسەر راهێنەر هەندێكجار سەركێشی بكات

ئەرسەلان جەلال: پێویستە لەسەر راهێنەر هەندێكجار سەركێشی بكات

ئا/ سەنگەر كاكۆ 



ئەرسەلان جەلال عەبدوڵڵا، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی، لەم چاوپێكەوتنەی لاپەڕەی وەرزشی (هەواڵ)ـدا، باس لە ژیانی وەرزشی خۆی دەكات و هاوكات پێیوایە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی  رووی لە كوردستان كردووە، خەریكە تۆپی پێ دووچاری چەقبەستن دەبێت.


*سەرەتای چوونت بۆ نێو دنیای تۆپی پێ بۆ كەی و لە كوێ دەگەڕێتەوە؟ 

- بۆ ساڵی 1992 لە تیپە میللییەكانی شاری هەولێر وەك تیپەكانی(كرمانج، ئەستێرە، چوارچرا) دەگەڕێتەوە، یەكەم یانەش یاریم بۆ كرد، لاوانی یانەی برایەتی بوو لە ساڵی(1994-1995).

* وەك یاریزان بۆ چەند یانە یاریت كردووە؟

- وەك یاریزان بۆ یانەكانی( برایەتی، خەبات، سلێمانی، پێشمەرگەی سلێمانی، هەڵبژاردەی سلێمانی) یاریم كردووە.

* راهێنەرایەتی چەند یانەت كردووە؟

 - راهێنەرایەتی (لاوانی ئازادی، لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی، هەڵەبجەی شەهید، هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، یاریدەدەری هەڵبژاردەی كوردستان) ئێستاش راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانیم.

*دەستكەوتەكانت چی بوونە لەو ماوەیەدا؟

- دەستكەوتەكان زۆرن، بەڵام لە هەموویان گرنگتر وەك راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان، جامی (نۆروەی كاپ)ـمان بەدەستهێنا، ئەوە بۆ من جێگای شانازییە.

*خاوەن چ بڕوانامەیەكی تۆپی پێیت؟ 

- خاوەن بڕوانەمەی جۆری  (B)ـیم لەسەر ئاستی ئاسیاو هەروەها چەند بڕوانامەیەك كە بەشداریم لە خولی راهێنان لە كوردستان و توركیا كردووە.

*دەڵێن هەر یانەیەك بارودۆخی خراپ بێت، پەنا بۆ تۆ دەبات، هۆكاری ئەمە چییە؟ 

- بە بڕوای من پێویستە راهێنەر لە ژیانی وەرزشیدا هەندێ سەركێشی(مجازفە) بكات، بۆیە منیش ئەمەم كردووە، هەروەها پێویستە راهێنەر متمانەی بە خۆی هەبێت و خوێندنەوەی تەواوی بۆ یاریزانەكانی خۆی و ئەوانەی بەرانبەریشی هەبێت، لەو كاتەشدا دەتوانێ زاڵ بێت بەسەر كەشی یارییەكاندا.

* بەینت لەگەڵ یانەی برایەتی چۆنە؟

- زۆر باشەو هەمیشە حەز بە سەركەوتنیان دەكەم، چونكە من یادگاری خۆش و ناخۆشم لەگەڵ یانەی برایەتی هەیە، بۆیە برایەتیم خۆشدەوێ.

*هەر یانەیەكی كوردستان داوات بكات راهێنەری دەكەیت؟ 

- بەڵێ چونكە لای من هیچ جیاوازییەك لەنێوان یانەكان نییە، پەیوەندیم بە رەنگ و بیركردنەوەیان نییە، گرنگ خزمەتكردنە ئەگەر بۆم بگونجێ.

* گوێ بەپارەو پول نادەیت؟

 - پارەو پول گرنگە، بەڵام هەرگیز رێگر نییە لە كارەكەم، بۆیە دەتوانم بڵێَم زۆر گوێ بە پارە نادەم.

*ئاستی تۆپی پێ چۆن دەبینیت، هەنگاو دەنێ یان قەچبەستووە یان لە پاشەكشەیە؟

- دەتوانم بڵێم بەرەو پێشچووە، هەرچەندە لەسەرخۆبووە، بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی ئەم بارودۆخ و قەیرانە داراییەی رووی لە كوردستان كردووە خەریكە تووشی چەقبەستن دەبێت. 

*چی بەو كەسانە دەڵێی هاوكارو هاندەرت بوونە لە رابردوو ئێستادا؟

- ئەوانەی هاوكارم بوونە هەرگیز لە یادیان ناكەم و پێیان دەڵێم( زۆر سوپاستان دەكەم، زۆر شتتان فێر كردم).

بیرت لە دامەزراندنی فێرگەیەكی تۆپی پێ نەكردۆتەوە؟

- لەئێستادا بیرم لێ نەكردۆتەوە، بۆ داهاتووش حەزم پێی هەیە.

* زۆر تێكەڵی لەگەڵ وەرزشكارانی كوردستان بەگشتی و كەركوكییەكان بەتایبەتی، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ 

- حەزم بە ناسینی زۆربەی وەرزشكارانی كوردستانە بەگشتی، بەڵام كەركوكییەكان بەتایبەتی، هۆكاری ئەوەش ئەوەیە ماوەیەكی زۆر لە سلێمانی پێكەوە بووین و زۆربەی كاتە وەرزشی و كۆمەڵایەتی و خۆشی و ناخۆشییەكانمان پێكەوە دەبردە سەر، لێرەشەوە دەڵێم لەبیرتان ناكەم.  


پرۆفایل:
 
ئەرسەلان جەلال عەبدوڵڵا، ساڵی 1978 لە گوندی دڕكەی سەربە قەزای دووبزی لە پارێزگای كەركوك لە دایكبووە، خاوەنی بڕوانامەی جۆری(B)ئاسیایە، ئێستاش راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی پیشمەرگەی سلێمانییە.


PM:10:56:23/07/2016




ئه‌م بابه‌ته 4607 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌