به‌همه‌نی‌ شاوڵین له‌ ئه‌ڵمانیا مامۆستاو راهێنه‌ری‌ كۆنگ فۆ شاوڵینه ‌

به‌همه‌نی‌ شاوڵین له‌ ئه‌ڵمانیا مامۆستاو راهێنه‌ری‌ كۆنگ فۆ شاوڵینه ‌


ئا : ئاكۆ عارف

كۆنگفۆ شاوڵین، هونه‌رێكی‌ به‌رگری‌ جه‌نگییه‌ و ئه‌مڕۆ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ جیهاندا وه‌ك وه‌رزش و وه‌ك هونه‌ر و وه‌ك پێویستیه‌كی‌ رۆحی‌ و جه‌سته‌یی‌ ته‌ماشا و مومارەسە ‌ده‌كرێت، خۆشبه‌ختانه‌ تاكی‌ كوردیش ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵی‌ هه‌یه‌و له‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستانیش كه‌سانێك هه‌ن وه‌ك وه‌رزش و وه‌ك هونه‌ر پێوه‌ی‌ په‌یوه‌ستبوون.

به‌همه‌ن محمد حه‌فید كه‌ به‌ به‌همه‌نی‌ شاوڵین  ناسراوه‌ و له‌دایك بووی‌ ساڵی‌ 1984ی‌ گه‌ڕه‌كی‌ توی‌ مه‌لیكی‌ شاری‌ سلێمانییه‌، ساڵانێكه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا و له‌ مه‌عبه‌دی‌ كۆنگ فۆ شاوڵینی‌ چین وه‌ك مامۆستا و راهێنه‌ر، فێركاری ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ ئاره‌زوومه‌ندی‌ ئه‌و یاریەو و ئه‌و هونه‌ره‌ مه‌زنه‌ن و شانازیش به‌و كاره‌یه‌وه‌ ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كورده‌و توانیویه‌تی‌ به‌و ئاسته‌بگات.

سه‌ره‌تا له‌سه‌ر مێژووی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كۆنگ فۆ شاوڵین به‌همه‌ن  وتی: پێش 1500ساڵ كابرایه‌كی‌ هیندی‌ كه‌خاوه‌ن ئاین و بیروباوه‌ڕی‌ بوزی‌ بووه‌، له‌ هیندستانه‌وه‌ ده‌چێته‌ چین و له‌په‌رستگایه‌كی‌ چین هه‌ست به‌چه‌وسانه‌وه‌ی‌ شوێنكه‌وتوانی‌ ئه‌و ئاینه‌ له‌په‌رستگاكاندا ده‌كات، هه‌رئه‌وكات بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ڕێگایه‌ك یان هونه‌رێك بۆپاراستنی‌ خۆیان بدۆزێته‌وه‌، لێره‌وه‌ سه‌ره‌تاكانی‌ دروستبوونی‌ هونه‌ری‌ به‌رگری‌ جه‌نگی‌ (كۆنگ فۆ شاوڵین) له‌ په‌رستگا و له‌نێو موریدو شوێنكه‌توانی‌ نێو په‌رستگای بوزییه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌و پیاوه‌ هیندیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.

به‌همه‌ن هه‌ر له‌مناڵیه‌وه‌ وه‌ك یاری‌ و وه‌رزش حه‌ز له‌ كۆنگ فۆ شاوڵین ده‌كات و ده‌ڵێت ساڵی‌ 1991 ده‌ستمپێكرد و  ساڵی‌ 1995 له‌سه‌نته‌ری‌ گه‌نجان له‌سلێمانی‌ موماره‌سه‌م ده‌كرد، به‌ڵام له‌وێ‌ بۆخۆم و هاوڕێكانیشم مه‌ودایه‌كی‌ فراوان بۆ فێربوون و پێگه‌یشتن نه‌بوو، بۆیه‌ ساڵی‌ 1996 خۆمان له‌گرده‌كه‌ی‌ (یو ئێن) گروپی‌ شاوڵینی‌ كوردستانمان دامه‌زراندو 2ساڵ زیاتر مه‌شقمان كرد.

به‌همه‌ن محمد دواتر روو له‌ ئه‌وروپاده‌كات، ئه‌وده‌ڵێت ساڵی‌ 2000 كه‌هاتمه‌ ئه‌ڵمانیا راسته‌وخۆ به‌كۆنگ فۆ شاوڵینه‌وه‌ په‌یوه‌ست بوم و هێنده‌ی‌ نه‌برد له‌لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ ئه‌ڵمانیاش لقێك بۆ شاوڵین كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌شی وت: ئێستامنیش له‌ئه‌ڵمانیا ده‌سته‌ی‌ دامه‌زرێنه‌ری‌ مه‌عبه‌دی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆنفۆشاوڵینم و مامۆستا و راهێنه‌ریشم.

به‌قسه‌ی‌ به‌همه‌ن ئێستا جیاوازتر له‌جاران چینیه‌كان خۆیان داوا له‌خه‌ڵك ده‌كه‌ن ئه‌م وه‌رزشه‌ یان ئه‌م هونه‌ره‌ بكه‌ن،ته‌نانه‌ت ئێستا خۆیان ده‌چن له‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌فریقاش منداڵانی‌ بێ‌ دایك و باوك ده‌هێنن و دوای‌ فێركردنیان ده‌یاننێرنه‌وه‌ وڵاته‌كانی‌ خۆیان.

ئه‌وده‌ڵێت:لێره‌وه‌ ئاگاداری‌ كوردستانم كه‌خه‌ڵكانێك هه‌ن زۆر له‌م هونه‌ره‌ نازانن و خۆیان كردۆته‌ مامۆستاو راهێنه‌ری‌ ئه‌م هونه‌ره‌جه‌نگیه‌، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت گله‌یم له‌میدیاو راگه‌یاندنه‌كانی‌ كوردستان هه‌یه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دێننه‌پێشه‌وه‌و وه‌ك مامۆستا و فێركاری‌ كۆنگ فۆ شاوڵین  نیشانیان ده‌ده‌ن و دیدار و چاوپێكه‌وتنیشیان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا سه‌رنجمداوه‌ شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان نیه‌ له‌كۆنگ فۆ شاوڵین.

له‌كۆتاییدا ئه‌و له‌لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ستادیۆم وتی‌:رۆژێك دێمه‌وه‌ كوردستان و له‌و بواره‌دا خزمه‌ت ده‌كه‌م، به‌داخه‌وه‌ ئێستا به‌ناوی‌ فێربوون و راهێنانه‌وه‌ له‌كوردستان خه‌ڵكانێكی‌ زۆر به‌پاره‌یه‌كی‌ زۆر له‌هۆڵه‌كاندا كۆده‌كرێنه‌وه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ ته‌نیا بازرگانیكردن و پاره‌په‌یداكردنه‌ و ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێت مافی‌ به‌ كۆنگ فۆ شاوڵینه‌وه‌ نیه‌.

ئه‌م كوڕه‌ كورده‌ هه‌ڵكه‌وتوه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كۆنگ فۆ شاوڵین  پاڵه‌وانیتی‌ و پشتێن و بردنه‌وه‌ و كێبڕكێی نییه‌ و ئه‌مه‌ ناوی‌ خۆی‌ به‌خۆیه‌وه‌یه‌تی (هونه‌ری‌ به‌رگری‌ جه‌نگیه‌) و هه‌روه‌ك دووپاتی‌ كرده‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان به‌وناوه‌وه‌ له‌ئێستادا هه‌یه‌ ته‌نیا خۆده‌رخستن و خۆنمایشكردن و قاعه‌پڕكردنه‌یه‌ بۆ بازرگانی‌ و پاره‌په‌یداكردن،به‌سه‌ر سوڕمانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت:زۆربه‌ی‌ زۆری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كوردستان ده‌یكه‌ن یاری‌ كیك بۆكسێنه‌ نه‌ك كۆنگ فۆ شاوڵین.
 
 
 
 
 



PM:09:15:12/06/2016




ئه‌م بابه‌ته 6833 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌