ئاواتمە دوای تەواوكردنی خوێندن زیاتر پەرە بە وەرزش بدەم

ئاواتمە دوای تەواوكردنی خوێندن زیاتر پەرە بە وەرزش بدەم

گولاَن سپۆرت- كارزان كانبى 


شاری سلێمانی خاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەتوانایە لە یارییەكانی تۆپی سەرمێز كە كۆنتڕۆڵی هەڵبژاردەكانی عێراقیان لە ئاستە جیاوازەكاندا كردووە، ئەویش بەهۆی گرنگیی شارەكەیە بۆ ئەم یارییە. یەكێك لە كچە یاریزانە بەتواناكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقیش كانی شەوقی-یە. ئەو یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی عێراق و خاوەنی ئاستێكی بەرزی یاریكردنە. ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1995ی شاری سلێمانی و قوتابی قۆناغی دووەمی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشییە لە زانكۆی سلێمانی و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەكەی لە ئاستی كوردستان و عێراقدا، ئێمە لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

* چۆن بوو خۆت لە نێو دنیای یاریی تێنسی سەرمێز دۆزییەوە؟

- پێموابوو لەم یارییەدا سەركەوتوو دەبم، چونكە تاكە یاری بوو كە زۆرترین جار سەیرم كردووە و هەستم كرد خۆم لەم یارییەدا دەبینمەوە، چونكە چێژێكی زۆرم بە سەیركردنی لێدەبینی.

* ئاستی یاریی تۆپی سەرمێز لە كوردستان چۆن دەبینی؟

-ماوەیەك بەهۆی باشیی ئابووری كوردستان بەرەو پێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بینیبوو، بێگومان ئەویش بەهۆی كردنەوەی پاڵەوانێتیی زۆرەوە بوو، بەڵام بەداخەوە ماوەیەكی زۆرە پاڵەوانێتییەكان روویان لە كەمكردن كردووە و ئەوەش كێشەی زۆرینەی یارییەكانە لە ئێستادا.

* پێتوایە چی بكرێت باشە بۆ باشتربوونی رەوشی ئەم یارییە؟

-لە راستیدا نەك تەنیا ئەم یارییە، بگرە هەموو یارییەك پێویستی بە پێگەیاندنی یاریزان هەیە، ئەمەش تەنیا نایگەڕێنمەوە بۆ هەوڵی راهێنەر، بێگومان هەوڵی زۆری یاریزانەكەشی دەوێت.

*وەكو یاریزانێك زیاتر گرفتی ئەم یارییە لە چیدا دەبینی؟

-تاكە كێشەی ئەم یارییە نەبوونی پاڵەوانێتییە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ خراپیی باری ئابووری لە كورستان. 

* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە؟

-لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكم نییە ئەویش بەهۆی خوێندنەوە ناتوانم پلانی سەركەوتوو دابنێم، بێگومان دوای خوێندنەكەم پلانم هەیە، هەم بۆ یاریكردن و وەرزشەكە هەم بۆ ژیانی تایبەتی خۆیشم. 

* خەونی وەرزشیت لە ژیانی یاریزانیت چییە؟

-خەونی من ئەوەیە كە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبیش بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنیم و ناوی خۆم و كوردستانیش بەرز بكەمەوە .

* دۆزینەوەی یاریزانانی كچ بۆ ڕاهێنەران تا چەند زەحمەتە؟

-زۆركات دەستنیشانكردنی یاریزانانی كچ تا رادەیەك زەحمەتە، بەڵام راهێنەری بەتوانای یانەكەمان بەڵێن حەیدەر یەكێكە لە راهێنەرە بەتواناكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە و لە دیاریكردنی یاریزانانیش زۆر بەتوانایە.

* تا چەند بەوە گەشبینی كە هەڵبژاردەی كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بكات؟

- بێگومان هەڵبژاردەی كوردستان بوونی هەیە و منیش یەكێكم لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە، بە هیوای ئەوەشم بتوانین بەشداربین لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین بۆ كوردستان.

* خانەوادەكەت تا چەند هاوكارت بوون؟

-بێگومان هەموو كچە یاریزانێك پێویستی بە هاندانی خێزانەكەیەتی ئەگەر نا ناتوانێ دریژە بە یارییەكەی بدات، منیش هەر لە منداڵییەوە تا ئێستا پاڵپشتیەكی زۆرم دەكەن لەلایەن خێزانەكەم و ناتوانم تەنیا بە وتنی سوپاسێك گوزارشت لە ماندووبوونی ئەوان بكەم.

* هیچ یانەیەك داوای گرێبەستی لێ نەكردوویت؟

- بەڵێ، چەندین یانە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش داوای گرێبەستیان لێ كردووم، بگرە ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان من ببەنە ریزی تیپەكانیان، بەڵام تاكو ئێستا من یاریزانی پێشمەرگەی سلێمانیم.

*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی چییە؟

-داوادەكەم تەنیا گرنگی نەدرێت بە یەك یاریی دیاریكراو وەك یاریی تۆپی پێ كە بینەرێكی زۆری هەیە لە جیهاندا، بەڵام نابێت یارییەكانی دیكەش پشتگوێ بخرێت، لە هیچ وڵاتێكدا یارییەكانی دیكە فەرامۆش نەكراوە، هیوادارم لە كوردستانیش بەمشێوەیە بێت.

* چیت ماوە باسی بكەیت؟

-دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەم كە هانیان داوم بۆ وەرزش تا ئێستا، دەستی ماندووبونیان دەكوشم، سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بە شێوازێكی زۆر باش پشتگیریی یاریزانانی كورد دەكات لە شاروشارۆچكەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی، بەهیوای ئەوەم نموونەی كاركردنی ئێوە زیاد بێت.


PM:09:31:03/01/2016




ئه‌م بابه‌ته 3729 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌
‌ ‌