پێشمه‌رگه سپۆرت - میران محه‌مه‌د
له ژێر چاودێری پارێزگاری نینوی و به‌سه‌رپه‌رشتی یه‌كێتی ناوه‌ندی شه‌تڕه‌نجی عێراق و به هاوكاری لقی نینوای ئه‌و یه‌كێتییه له شاری نینوی یه‌كه‌مین پاڵه‌وانێتی ڕافیده‌ینی نێو ده‌وڵه‌تی ده‌ستی پێكرد .
له‌و پاڵه‌وانێتیه‌دا كه ماوه‌ی 6 ڕۆژ ده‌خایه‌نێت 38 یاریزان له هه‌ردوو ئاسته‌كانی كوڕان و كچان به‌شدارن و ڕكابه‌رییه‌كانیشی له نێو هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رزشی نینوی - اندلوس به‌ڕێوه ده‌چێت ، سه‌باره‌ت به‌و پاڵه‌وانێتیه ئه‌سعه‌د ئیسماعیل ناوبژیوانی نێو ده‌وڵه‌تی و سه‌رپه‌رشتیاری گشتی پاڵه‌وانێتییه‌كه بۆ پێشمه‌رگه سپۆرت ووتی ، له ماوه‌ی 6 ڕۆژدا ڕكابه‌رییه‌كانی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه به‌ڕێوه ده‌به‌ین و یارییه‌كانی به 9 جه‌وله به كۆتا دێنین كه له كۆتایدا خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌م ده‌بێته یاریزانی ژماره پێنجی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بۆ به‌شداری له پاڵه‌وانێتی شه‌تڕه‌نجی ئۆڵۆمپیادی جیهان كه یارییه‌كانی له ولاَتی هه‌نگاریا و له مانگی ئه‌یلولی 2024 به‌ڕێوه ده‌چێت .
ئه‌سعه‌د ووتیشی حه‌وت یاریزانی بیرمه‌ندی پێشمه‌رگه له‌م پاڵه‌وانێتیه‌دا به‌شدارن كه بریتین له ( زۆزگ سه‌لاَح ، ئاكار عه‌لی ، ئاریان عه‌لی ، ئه‌حمه‌د جه‌زا ، ڕه‌وه‌ند حامید ، شارۆ سه‌میر و خاتوو كارین كه‌مال ) و له ڕكابه‌ری سه‌رسه‌ختدا ده‌بن بۆ گه‌یشتنیان به ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق تا نوێنه‌رایه‌تی یانه‌كه‌یان و شاری سلێمانی و كوردستان بكه‌ن له ڕیزی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقدا .