پێشمه‌رگه سپۆرت - میران محه‌مه‌د
دوایی بردنه‌وه مێژوویه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر بێچوه شێرانی یانه‌ی هه‌ولێر ، تیمی تۆپی پێی بێچوه شێرانی یانه‌ی وه‌رزشی پێشمه‌رگه توانی له شاری هه‌ولێره‌وه بفڕێت و بگاته قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێڕینی خولی بێچوه شێرانی یانه‌كانی عێراق .
له چوارچێوه‌ی یارییه‌كانی خولی بێچوه شێرانی یانه‌كانی عێراق و له دوا جه‌وله‌ی قۆناغی سێهه‌می خوله‌كه ، تیمی تۆپی پێی بێچوه شێرانی یانه‌ی پێشمه‌رگه له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌كه‌ی و له شاری هه‌ولێر بونه میوانی بێچوه شێرانی یانه‌ی هه‌ولێر ، له‌و یارییه‌دا كه له كاتژمێر 5:00 ی ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه 20 ی حوزه‌یرانی 2024 به‌ڕێوه چوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه یاریزانانی یانه‌ی هه‌ولێری هاوه‌ن یاریگه هه‌وڵیان بۆ سه‌ركه‌وتن بوو به‌و پێگه‌یه‌ی كه ته‌نیا بردنه‌وه هیوایان بوو بۆ گه‌شتنیان به قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێڕین ، ئه‌مه‌و له‌به‌رامبه‌ردا بێچوه شێره پێشمه‌رگه‌كان به یه‌كسان بوون یاخود بردنه‌وه ده‌گه‌یشتنه ئه‌و قۆناغه زێڕینه كه یارییه‌كانی له شاری به‌غدادی پایته‌ختی عێراق به‌ڕێوه ده‌چێت .
چیرۆكی نێو یاریگه :
له‌گه‌ڵ ده‌ست پێكی یاری و له نیوه‌ی یه‌كه‌مدا یاریزانانی یانه‌ی هه‌ولێر بالاَ ده‌ست بوون و به تۆماركردنی 3 گۆڵ پێشكه‌وتن ، بهلاَم له نیوه‌ی دووه‌می یارییه‌كه شێره پێشمه‌رگه‌كان كۆڵنه‌دان یان كرده ڕه‌مزی سه‌ركه‌وتن و توانیان چوار گۆڵی یه‌ك له دوایی یه‌ك له ڕێگه‌ی یاریزانان ( محه‌مه‌د كاوه و ڕائد مه‌جید ) ه‌وه تۆمار بكه‌ن و به‌و سه‌ركه‌وتنه مێژووییه‌ش بێچوه شێرانی یانه‌ی پێشمه‌رگه شێر ئاسا توانیان بگه‌نه قۆناغی چوار گۆشه‌ی زێڕینی خولی بێچوه شێرانی یانه‌كانی عێراق و له‌به‌رامبه‌ردا بێچوه شێرانی یانه‌ی هه‌ولێر گه‌یشتنیان به قۆناغی چوار گۆشه‌ی زیوی یه‌كلا كرده‌وه .