یەكێتی تۆپی پێ لە نێوان بڕیار و پەرچەكرداردا



زاگرۆس نانەكەلی - 

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت ئاگاداری  چالاكییەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان نیم، بەڵام جارجار لە سۆشیال میدیا ئاگاداری خولەكانم، بەتایبەتیش ئاگاداری ئەو روداوە نەخوازراوانەم ئێستا و پێشووتریش روویانداوە.

بەڕێكردنی خول و پاڵەوانێتییەكان، پێش پارە، پلان وهزر و ئامانجە، ئینجا پارە تەرخان دەكرێت و پلانی كاركردن دادەرێژێت و دواتریش كەسانی شارەزا بەبێ لایەنی دەبێت كاربكەن، چونكە هەندێك  ووشە و دەستەواژە هەیە لەلای ئێمە تەنها بەنووسین هەیە، لە ئەرزی واقیعدا نین وەك (پسپۆڕ، شارەزا، ئەكادیمی)، ئومێد دەكەم من هەڵەبم،گەر هەڵەم بۆچی یاریگاكانی كوردستان بونەتە مەیدانی توند و تیژی و جەنگ، گەر پێش هەموو شتێك لەپەرلەمانی كوردستان یاسای وەرزش هەموار بكرابایە و یاسایەك بۆ وەرزشی كوردستان هەبوایە، ئێستا یاسا حكومی خۆی دەكرد و كێشەكان  بە یاسا چارەسەر دەكران نەك بە میزاج،  توڕەبوون لەیەكێك بە توڕە بوون لەیەكێكی تر دەرببڕدرێت.

ئەو شەڕ و كێشانەی بەم دواییە لەیاریگایەكی كوردستان لەنێوان دووتیپی كوردستاندا روویاندا، كاردانەوەی دەروونی زۆر خراپی لەسەر خولەكە  و راهێنەران و یاریزانان و ناوبژیوانانیش دەبێت، ئەو رووداوانە پێشتریش روویانداوە، هەر لەگەڵ دەسپێكی خولەكانی كوردستان ئەم دیاردە ناشیرین و دوور لەگیانی وەرزشیی وق ێزەوەنانە ناوەناوە دەبینران، بەڵام ئێستا تەشەنەی كردووە، رووداو و پشێوییەكانیش نابێت بەبڕیاری دژ و قورسی بێ بەرنامە چارەسەر بكرێن، چونكە وەرزش نمایشی عەزەڵات نییە، هۆش و بیركردنەوەی درووستە.

دووپاتی دەكەمەوە، من تا سەرئێسقان دژی كێشە و شەڕ و رەفتاری نەشیاوم، من بەبێ جیاوازی سەركۆنەی دەكەم، بەڵام دەبێت هزرێكی ئیداری و چارەسەری وەرزشییانەیان بۆ بدۆزینەوە، ناكرێت لەكاتی بڕیارداندا، (توڕە بین، فشارمان بەرزبێتەوە و گوشاری دەروونی،كاریگەر بیێت لەسەرمان ئەوسا بڕیار بدەیت، دەبێت هێمن و ئارام ودەروون خاو و پاك و خاڵی بیت و دان بەخۆداگرتن و گیانی وەرزشیی و هزری ئیداری و لۆژیك و یاسا و راوێژكار و رێنیشاندەرمان بن).

من دەڵێم سزاكانی ئەم دواییەی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان پەرچە كردار بوون، چونكە دەزانم پێشتر لەچەند یاریگایەكی تری كوردستان روداوی نەخوازراو رویانداوە، بەڵام لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستانەوە كاردانەوەكان بەمشێویە نەبون، بەڕای من سزاكانیش وەڵام بوون بۆ سۆشیال میدیا و كارو كاردانەوەی نێوان ئەم دوو بەرەیە بوو، چونكە بینیمان لە سوشیال میدیا رەخنەی زۆر توند لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان گیراوە، دڵنیاشم ئەم سزایانە چارەسەرنین و تەنیا بەنجێكی كاتییە و هیچی تر، هیوادارم هیچ روونەداتەوە و من هەڵەبم.


PM:08:42:15/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 3160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌