لە دیاردەوە بۆ کلتوور!



ئاراس رواندزی - 

خولەکانی تۆپی پێی کوردستان کە من هەمیشە تێڕوانینی ئەرێنیم بەرامبەر بوون و بەردەوامی  ئەنجامدانی چالاکیەکانی هەبووە، لە ئێستادا خەریکە لە ئامانجە پیرۆزەکەی لادەدات و لە جیاتی دۆزینەوەی بەهرەکان و پێگەیاندنی لاوەکان، دەبێتە مەترسی و ئاژاوەگێڕو گێرەشێوێن بەرهەم دێنێ! 

تووندووتیژی و ئاڵۆزی یاریگەکان یەکێکە لەو دیاردانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان روودەدەن، بەڵام لە هیچ کوچێکی ئەو گەردوونە نەبووە هەموو هەفتە یان دوو هەفتە جارێک ئەو دیاردەیە دووبارە ببێتەوە! ئەمساڵ بێ ئەندازە شەڕو ئاژاوەگێڕی خولەکانی کوردستانی گرتۆتەوە، بە شێوەیەک ئەو پەتا کوشندەیە لە نێو جەماوەرو ئەندامانی یانەکان شۆڕبۆتەوەو لە ئێستادا یاریزانان و راهێنەران و هەموو پێکهێنەرانی خولەکەی گرتۆتەوە! بابەتەکە لە دیاردەیەکی ناشارستانیەوە بۆتە کلتوورو رەگ و ریشەی لە یاریگەکان داکوتاوە! بەداخەوە دۆخەکە بە ئەندازەیەکی زۆر مەترسیدار هەڵکشاوە، هەندێک لە دیمەنەکان ئەوەندە تڕاژیدین بە سەیرکردنیان مرۆڤی نیاندەرتاڵمان دێنێتە بەرچاو! لە زۆر یاریگەدا بینیومانە دوای کۆتایهاتنی یاری، تیپی میوان بە دەیان تڕومبێڵی سەربازی و سەدان ئاسایش بەڕێکراوە، سەرباری ئەوەش نە پاس و نە یاریزانەکانیش بە سەلامەت دەرنەچوونە! بەڕاستی سەیرە، دەبێ ئەو خەڵکەی ئێمە وەرزش و تۆپی پێ بەچی تێگەیشتبن؟! 

پێموایە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تووندووتیژی لە یاریگەکان زۆر باسکراوە، بۆیە بە پێویستی نازانم زیاتر تیشکی بخەمە سەر، بگرە ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبکەم فاکتەرەکانی سەد بارەبوونەوەی ئەو دیاردە قێزەونەیە کە جەستەی وەرزشی ئیفلیج و ئاسۆی تۆپی پێی کوردستانیشی ناڕوون کردووە، بۆیە لێرەدا بێ هیچ دوو دڵیەک ئۆباڵی گەیشتن بەم دۆخەی ئێستا دەخەمە ئەستۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان، چونکە بە درێژای دەیان ساڵ نەیانتوانیوە میکانیزمێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە بەگەڕ بخەن، وێڕای ئەوەش بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی ئاستی تووندووتیژیەکان وەک پێویست سزای تووندی سەرپێچیکاران نەدراوە، بەهۆی نەگرتنە بەری ئەو رێکارانەی ئاماژەم پێکردن، شەڕو ئالۆزییەکان لە دیاردەوە بۆ کلتوور گۆڕاون و ئاستی گرژییەکانیش زیاتر هەڵکشاون. 

کورت و کوردی پێویستە ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بە خۆیاندا بچنەوە، چونکە ئیدارەدان و سەرپەرشتیکردنی خول بەو شێوەیە نابێ، پێویستە هیچ بە زەییەک بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئاژاوەگێڕان نەنوێنرێ، چونکە لێخۆشبوون و بەخشینەکان هۆکاری ئەو ئاڵۆزی و دۆخە شێواوەی ئێستای یاریگەکانن، بە پێچەوانەوە دەبێ هەڵوێستی زۆر تووند بنوێنرێ و بڕیارەکانیش بە شێوەیەک بێ، سەرپێچیکاران و ئاژاوەگێڕان جارێکی دیکە بوێری دووبارەبوونەی نەکەن، کەوایە بۆ سەرخستن و پێشخستنی خولەکە و داماڵینی لە گێرەشێوێنەکان، تەنها پێویستە یاسا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت.


PM:05:34:07/03/2024




ئه‌م بابه‌ته 1644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌