ڕاپۆرت به‌ وێنه‌ : جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌مپی‌ ئاماده‌كاری‌ تیمی‌ كاراتێی‌ كچانی‌ به‌سه‌ر كرده‌وه‌


پێشمه‌رگه‌ سپۆرت - میران محه‌مه‌د

به‌مه‌به‌ستی‌ ئاماده‌كاری‌ بۆ پاڵه‌وانێتی‌ كاراتێی‌ كچانی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ ، تیمی‌ كچانی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌مپێكی‌ مه‌شقی‌ ئاماده‌كاری‌ له‌ ژێر چاودێری‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ عێراق و به‌سه‌رپه‌رشتی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕێك خستووه‌ .

كچانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ كاراتێی‌ كچانی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه‌مپێكی‌ مه‌شقیان له‌ نێو هۆڵی‌ كاراتێی‌ یانه‌كه‌یان و بۆ ماوه‌ی‌ 15 ڕۆژ به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن .

ئه‌مه‌و له‌ درێژه‌ی‌ ئه‌و كه‌مپه‌یان به‌ڕێز حاكم مه‌حمود ئه‌حمه‌د موراد جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ یاوه‌ری‌ هه‌ریه‌ك له‌ م ، شێرزاد محه‌مه‌د حه‌سه‌نی‌ سكرتێری‌ یانه‌ و م ، ئیبراهیم قاسم ڕاوێژكاری‌ وه‌رزشی‌ سه‌رۆك و وسام محه‌مه‌د بازگ ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ سه‌ردانی‌ مه‌شقه‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ تیمه‌كه‌یان كرد .

له‌و سه‌ردانه‌ی‌ دا ، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ڕای‌ گه‌یاند كه‌ یانه‌ی‌ وه‌رزشی‌ پێشمه‌رگه‌ هی‌ هه‌موانه‌ و بۆ هه‌موانه‌ ، هه‌ربۆیه‌ پێكه‌وه‌ ته‌نیا ئامانجمان به‌رز كردنه‌وه‌ی‌ ناوی‌ پێشمه‌رگه‌ و ئالاَكه‌مان ده‌بێت له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كانی‌ نێو خۆی‌ و ده‌ره‌كی‌ دا كه‌ له‌ ئێستادا و خۆش به‌ختانه‌ دوایی‌ ئه‌و ئه‌نجام و ده‌ست كه‌وتانه‌تان وه‌ك كچانی‌ یانه‌كه‌مان كه‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتان ده‌بین به‌شداری‌ له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ له‌ ولاَتی‌ ئیمارات ده‌كه‌ن .

موراد ووتیشی‌ ، ئێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ولاَتێك و یانه‌كه‌تان و كوردستان و شاری‌ سلێمانی‌ و كه‌س و كارتان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر سه‌رنجی‌ بده‌ن زۆر زۆر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاندانێكی‌ چڕبێت بۆ ئێوه‌ و ئه‌نجامه‌كانی‌ ئێوه‌ له‌و پاڵه‌وانێتیه‌ گرنگ و به‌هێزه‌دا ئه‌وكات گۆڕه‌پانی‌ وه‌رزشی‌ عێراق و لیژنه‌ی‌ ئۆڵۆمپی‌ و یه‌كێتی‌ یارییه‌كه‌تان پاڵپشتان ده‌بن بۆ پاڵه‌وانێتیه‌كانی‌ داهاتوو وه‌ ده‌بنه‌ جێگه‌ی‌ متمانه‌ی‌ ئه‌وان .

پاشان ئه‌رسه‌لان مورادی‌ ڕاهێنه‌ری‌ گشتی‌ تیمی‌ كاراتێی‌ یانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ سپۆرت زانیاری‌ زیاتری‌ پێداین و ووتی‌ ، ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ زۆر به‌هێز ده‌بێت و یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ولاَتانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌شداری‌ تێیدا ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ك ووتیشی‌ كه‌مپه‌كه‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چڕ ده‌ست پێكردووه‌ و ڕۆژانه‌ی‌ دوو یه‌كه‌ی‌ مه‌شقی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین كه‌ بۆ هه‌ردوو یارییه‌كانی‌ كاتا و كۆمێته‌یه‌ و ده‌مانه‌وێت له‌ پاڵه‌وانێتی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ دا ژماریه‌كی‌ قورس بین و ئه‌نجامی‌ كاریگه‌ر بۆ یانه‌كه‌مان و شاری‌ سلێمانی‌ و ولاَتی‌ عێراق بگه‌ڕێنینه‌وه‌ .

جێگه‌ی‌ باسه‌ پاڵه‌وانێتی‌ كچانی‌ یانه‌كانی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ حه‌وت جۆری‌ یارییه‌كان ده‌بێت و له‌ نێویاندا یاری‌ كاراتێی‌ كچان كه‌ یارییه‌كانی‌ له‌ به‌رواری‌ 2 تا 12 ی‌ مانگی‌ شوباتی‌ 2024 و له‌ شاری‌ شاریقه‌ی‌ ولاَتی‌ ئیمارات به‌ڕِێوه‌ده‌چێت .


PM:07:46:23/01/2024




ئه‌م بابه‌ته 3032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌