کاتێک کورسی دەبێتە تۆپەڵە بەفر!



ئاراس رواندزی -

یارییەکەی دهۆک و زاخۆ کە بە دێربی بادینان ناسێندرا، سەلماندی کە ئاستی رۆشنبیری و گیانی وەرزشی تاکی کورد ئەوەندە لاوازە، بە ئەندازەیەک باوەڕ ناکەم لەسەردەمی چاخی بەردینیشدا مرۆڤی هاوشێوە هەبووبێ! 

سەرەتای یارییەکە هەموو شتەکان جوان و ئاماژەکانیش دڵخۆشکەربوون، یارییە ئاگرینەکان و سمۆکە رەنگاو رەنگەکان پەلکە زێڕینەیان لە ئاسمانی دهۆک نەخشاند بوو، جۆش و خرۆشی هاندەرانی هەردوولاش خەیاڵی منی بە ئەندازەیەک دوور برد، وامدەزانی بەدیار یارییەکی چامپیۆنز لیگی ئەوروپا دانیشتووم، نەک خولی ئەستێرەکانی عیراق، لێ لە پڕ ئەو تابلۆ جوان و ئەفسوناویە بۆ فیلمێکی تڕاژیدی و ناخهەژێن گۆردرا! راستی من تا ئێستاش نازانم هۆکارەکانی ئەو شەڕو ئاژاوەگێڕییە چیبوون و کام لایەنەش دەستپێشخەر بوو، لە کاتێکدا ئەنجامەکە بێ گۆڵ و یارییەکەش لە ئاستێکی خوار مامناوەند دەبینرا، هەروەها بەر لە یارییەکەش هەماهەنگی و ئامادەکارییەکی باش لەنێوان دەستەی هاندەرانی هەردوولا کرابوو، بۆیە مایەی سەرسوڕمانە بێ هیچ پێشینەیەک و لەو کاتانەدا شەڕو ئاژاوەگێڕی دروست ببێت! 

دیارە دوای ئەوەی کار لەکار ترازا، چەقۆو دامبۆکس و بۆڕی شوێنی گیانی وەرزشیان گرتەوە، بەداخەوە ئەوەی قێزەون بوو لەو کاتەدا ئەنجامدرا، وێڕای برینداربوونی دەیان هاندەر، چەندین پۆلیسیش کە بۆ سەلامەتی گیانی ئامادەبووان لەوێبوون، بە سەختی زامدار بوون. دیارە ئاژاوەگێڕان بەوەندەش نەوەستان، ئەمجارە هەڵسان بە هەڵتەکاندنی کورسیەکان و هاوشێوەی شەڕە تۆپەڵە بەفری زستانە لە یەکتریان دەگرت! لە دەرەوەی یاریگەش هەڵسوکەوتە قێزەونەکانیان درێژە پێداو جامی دەیان ئوتومبێلیان شکاندو زیانێکی زۆریشیان بە موڵکی گشتی گەیاند.

 ئاشکرایە بینینی ئەو دیمەن و رووداوە دڵتەزێنانەی یاریگەی دهۆک یەکەمجار نیە، ساڵانە ئەو دیاردە قێزەونە بە فۆڕم و شێوازی جۆراو جۆرو وەک دێوەزمەیەک خۆی نمایش دەکات و دەبێتە میوانێکی رەزاگرانی یاریگەکانی کوردستان، بەڵام ئەوەی سەیرە ساڵ بە ساڵ ترسناکتر خۆی نیشاندەدات، مەخابن تا ئێستاش هیچ ڤاکسینێک بۆ بنبڕکردن و لەناو بردنی ئەو دەردە کوشندەیە کارا نەکراوە!

ماوەی چەند ساڵێکە نیگەرانی و خەمێکی زۆر قوڵ دایگرتووم، نازانم بۆچی ئەو رقە زۆرە لە نێوان هاندەرانی یانەکانی کوردستان دروستبووە؟! تاکەی ئەو دژایەتی و یەکتر شکاندنە؟! کەی تێدەگەین وەرزش پەیامی برایەتی و خۆشویستنەو گیانی وەرزشی و لێبوردەییش بەشێکە لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی ئەو کایە؟ باشە هیچ کات بیرتان لە دەرهاوێشتە نەرێنی و مەترسیدارەکەی ئەو کارە کردۆتەوە؟! ئەو درزو رقەی دوژمنان بە هەموو توانایەکیان نەیانتوانی لە نێوان گەنج و لاوانی شارەکانمان دروستی بکەن، ئێستا بێ ئاگایانە ئێمە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەیان دەنێین! شەرمە بەخوای ببینە گاڵتەجارو لە میدیاو پەیجە عەرەبیەکان تیرو توانجمان تێبگرن! 

بۆیە بە پێویستی دەزانم سزای ئاژاوەگێڕان زیاترو تووندتر بکرێ، ئینجا هاوتەریب لەگەڵ ئەو هەنگاوە، شۆڕشێکی گەورەی وشیاریش کە میدیا ئامرازە سەرەکیەکەی ئاراستەکردنی بێ، بەرپا بکرێ. هەروەها ماوەی چەند ساڵێکیش رێگە نەدرێ جگە لە یانەی خانەخوێ، هاندەری هیچ تیپێکی دیکە لە یاریگە ئامادە بێ، دیارە ئەو قسەیەم هاندەرانی یانە عەرەبیەکان ناگرێتەوە، چونکە ئێمە هەمیشە هاوزمان و هاونیشتیمانیانی خۆمان دەشکێنین و بێ ئەندازەش ڕێز لە بێگانە دەگرین!



PM:03:38:07/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌