بڕیارەکەی عیراق هەڵوێستێکی تووندی گەرەکە



ئاراس رواندزی -
  
دوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عیراق بڕیاریدا بڕی ٦٤ ملیار دینار بە یانە بەشداربووەکانی خولی ئەستێرەکانی عیراق ببەخشێت، ئەمەش وەک پشتیوانیەک بۆ یانەکان و سەرخستنی خولەکە، بەڵام لەو بڕیارەدا یانە کوردستانیەکان وەک تیپێکی دەرەوەی لیگەکە وێناکران و هیچ نرخێکیان بۆ دانەنرا! 

دیارە سەرەتا من بەشێکی ئەو بڕیارو هەنگاوە بەرزدەنرخێنم، چونکە هاوکاری و پشتیوانیەکی لەو شێوەیە تەکانێکی باش بە تۆپی پێ و بەرزکردنەوەی ئاستی خولی ئەستێرەکان دەدات کە دواجار کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاستی هونەری یانە کوردستانیەکانی بەشدار لەو خولەش دەبێت، لێ ئەوەی جێگەی داخە وەک پیشەو مامەڵەی هەمیشەییان و هاوشێوەی نەدانی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم و بڕینی قوتی موچەخۆران، ئەمجارەش بە هەڵسوکەوتی شۆڤینیانەو جیاکاری نەتەوەیی و ناوچەیی، یانەکانی کوردستانیان لەو مافە بێبەشکرد! 

لەو کۆبونەوەیەدا بۆ هەر یانەیەک ٤ ملیار دینار تەرخانکرا، هیچ گوژمەیەک بۆ یانەکانی کوردستان دیاری نەکرا، لە کاتێکدا خولەکە سەرتاسەریەو دەبوو هەموو یانەکان وەک یەک ئەو بڕەیان پێبدرایە، لێ بەهۆی بێ ئاگایی و لاوازی نوێنەرانی کورد، ئەو بابەتە بە ئاسانی و بێ هیچ خواست یاخود بەربەستێک لە ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕێنرا! جا خۆشیەکەشی ئەوەیە وەزیرە کوردەکانیش دەنگیان بەو بڕیارەدا، بێ ئەوەی لەبیریان بێ چوار یانەی کوردستانیش لەو خولە بەشدارن و مافیان هەیە!

هیوادارم بیانووی بەرپرسانی عیراق لە بێبەشکردنی یانەکان بەشە بودجەی کوردستان نەبێ، چونکە ئەوان نەک بەشە بودجەمان پێنادەن، بگرە ماف و پارەی مووچەخۆرانمان بە قەرزو هەزار دەردە سەری و کەموکورتیەوە بۆ دەنێرن، ئەی کەوابێ پێمناڵێن ئەو پارەیە لە کامە بودجە بەیانەکان بدرێ؟! بەڕاستی لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی عیراق لەوپەڕی لوتبەرزی و لەخۆبایبووندان، لە کاتێکدا داوای هەموو داهاتی کوردستان دەکەن، بەڵام ئامادەش نین چارەگی ئەو خێرو بێرەمان پێبدەنەوە کە لە سایەی ئێمەوە وەچنگیان دەکەوێ! 

کەوایە ئێستا کاتی ئەوەیە یانەکانی کوردستان یەک هەڵوێستبن و بە دەنگی بەرزەوە هەڕەشەی بایکۆت و کشانەوە لە خولەکە بکەن، ئەو خولەی بەهۆی جەماوەری یانەکانی کوردستان لەم هەفتەیەدا پڕ بینەرترین لیگی رۆژئاوای ئاسیا دەرچوو، تکایە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان و یانەکان تا کاتەکە درەنگ نەکەوتووە، فشارەکان و هەنگاوەکانتان بۆ گۆڕینی بڕیارەکە دەستپێبکەن، ئەگینا بەم پشتیوانیە زۆرەی ئەوان و بەو خێرو سەدەقەیەی حکومەتی هەرێم، هەر لە دۆخی قەرزاریدا دەمێننەوەو لە دوو ساڵی داهاتووشدا هەر چوار یانەکەی کوردستان بۆ خولی پلەیەک دادەبەزن!
 
وتاره‌كان بیر و بۆچونی‌ نوسه‌ره‌ 



PM:09:27:01/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌