هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك.. هه‌ولێری خانه‌خوێ خۆی بوونی نه‌بوو !



سه‌نگه‌ر زرار -

شاری هه‌ولێر میوانداری یه‌كه‌مین پاڵەوانێتی فوتساڵی پێلیستانك-ی بۆ تیمه‌كانی فێرگه‌ی كچانی یانه‌ و ئه‌كادیمیاكانی كوردستان كردووه‌ و 8 تیپی فێرگه‌ی یانه‌ و ئه‌كادیمیاكانی شار و شارۆچكه‌كانی سلێمانی و دهۆك و هه‌ڵه‌بجه‌ و چه‌مچه‌ماڵ و دوكان و رواندز و شاره‌زوور و ته‌لسقۆف به‌شدارییان تێدا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ هیچ تیپێكی شاری خانه‌خوێ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌كه‌دا بوونی نه‌بوو !  

ئاخر رێی تێده‌چێت له‌ پایته‌ختی هه‌رێم كه‌ به‌ ده‌یان یانه‌ی وه‌رزشی لێیه‌ و یانه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ كچان و خانمانیشی هه‌یه‌، زۆرینه‌یان خاوه‌ن فێرگه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیانن، كه‌چی سه‌رجه‌میان تیمێكی كچانی نه‌بوو به‌شداری پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بكات ؟

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا جگه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ته‌نها له‌ سنووری شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری 4 تیپ به‌شدارییان كردووه‌، تۆبلێی له‌ پایته‌خت ئێمه‌ ته‌نها فێرگه‌ و ئه‌كادیمیای تایبه‌ت به‌ كوڕانمان هه‌بێت و هیچ فێرگه‌یه‌كی كچان بوونی نه‌بێت، تۆبڵیی یانه‌كان هیچ بیریان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ تیمی كچان دروست بكه‌ن و بنه‌مایه‌ك بۆخۆیان دابین بكه‌ن و له‌ پاشه‌ڕۆژیشدا به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچننه‌وه‌ ؟!.

بۆیه‌ دواجار ده‌ڵێم هه‌ولێر ئاماده‌بوویه‌كی ئاماده‌نه‌بوو !

*نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی



PM:04:02:25/08/2023




ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌