تاكه‌ی موجامه‌له‌ی تیپی دۆڕاو ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حیسابی تیپی براوه‌؟!



سه‌نگه‌ر زرار*

زۆر دڵخۆشم به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ 26ی حوزه‌یرانی 2023 تیمێكی فوتساڵی كوردستانی كه‌ تاكه‌ نوێنه‌ری یانه‌كانی كوردستان بوو له‌ پاڵه‌وانێتی فوتساڵی جامی عێراقدا توانی له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م به‌شداریكردنیدا یه‌كه‌م نازناوی عێراقیش بۆخۆی بچنێته‌وه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆخۆی له‌ تۆماری یاری فوتساڵدا بنووسێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانیی كردم ناهه‌قییه‌كان بوو كه‌ به‌رامبه‌ر راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ و گۆڵپارێزه‌ كاپتن و به‌ ئه‌زموونه‌كه‌ی كرا، كاتێك له‌ نێو باشترینه‌كاندا نه‌بوون!

مه‌زن محه‌مه‌د-ی راهێنه‌ر هه‌ر به‌ مه‌زنی ده‌مێنێته‌وه‌، چه‌ندین ساڵه‌ زوڵمی لێده‌كرێت و راهێنه‌رایه‌تی باشترین تیپه‌كانی كردووه‌ و ده‌كات و ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وته‌كانی دڵخۆشكه‌رن، كه‌چی نایكه‌ن به‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی عێراق! ئه‌مڕۆ مێژوویه‌كی تری بۆخۆی به‌ پیتی زێڕین تۆماركرد، تیپه‌كه‌ی به‌ بێ دۆڕاندن به‌ 5 بردنه‌وه‌ و 1 یه‌كسانبوون كرده‌ پاڵه‌وانی جامی عێراق، كه‌چی راهێنه‌ری لایه‌نی دۆڕاوی یاری كۆتایی كه‌ له‌ 6 یاریدا خاوه‌نی 4 بردنه‌وه‌ و 1 یه‌كسانبوون و 1 دۆڕاندنه‌ ، كرا به‌ باشترین راهێنه‌ری پاڵه‌وانیتییه‌كه‌! 

ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین هه‌ردوو راهێنه‌ر مه‌زن محه‌مه‌د و وه‌لید زه‌هد تیپه‌كانیان له‌ یه‌ك گروپ دابوون و ركابه‌ریش بوون، راسته‌ قووه‌جه‌وی به‌ یه‌كه‌م و به‌ جیاوازی گۆڵ سه‌ركه‌وت بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، به‌ڵام یه‌كێك له‌و تیپانه‌ی ئه‌و گۆڵی زۆری لێكرد و به‌مه‌ش به‌ یه‌كه‌می سه‌ركه‌وت، له‌ به‌رامبه‌ر ئافره‌تانی هه‌ولێر ته‌نها 10 خوله‌ك یاریكرد و 11 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر لێكرا و پاشه‌كشه‌ی كرد، هه‌روه‌ها له‌ قۆناغی گروپه‌كاندا هه‌ردوولا یه‌كسانبوون، یاری كۆتاییش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تیپه‌كه‌ی كاپتن مه‌زن بوو، كه‌چی باشترینیان پی ره‌وا نه‌بینی! 

هه‌روه‌ها خه‌ڵات ئه‌سعه‌د-ی گۆڵپارێزی نموونه‌یی نه‌كراوه‌ به‌ باشترین گۆڵپارێز! له‌ به‌رامبه‌ردا گۆڵپارێزی تیپی دۆڕاوی یاری كۆتایی كه‌ ئه‌میش ئیڤان فه‌رهاد-ی خانمه‌ گۆڵپارێزی كورده‌، كرایه‌ باشترینی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌، ئێمه‌ له‌ توانای هیچ كه‌س له‌سه‌ر حسابی كه‌سی تر كه‌م ناكه‌ینه‌وه‌، ته‌نها ژماره‌ و ئاماره‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، ئیڤان له‌ 6 یاریدا 12 گۆڵی لێكراوه‌، له‌ 1 یاریدا كلین شیت واتا هیچ گۆڵی لێنه‌كراوه‌ و له‌ 5 یارییه‌كه‌ی تردا گۆڵی لێكراوه‌، خه‌ڵات ئه‌سعه‌د له‌ 6 یاریدا  7 گۆڵی لێكراوه‌ و له‌ 3 یاریدا كلین شیت/ هیچ گۆڵی لێنه‌كراوه‌ و ته‌نها له‌ 3 یاریدا گۆڵی ڵیكراوه‌، واتا ئاماره‌كانی كچه‌ گۆڵپارێزه‌كه‌ی ئاكرێ-ی تیپی ئافره‌تانی هه‌ولێر له‌ ئاماره‌كانی كچه‌ گۆڵپارێزه‌ دهۆكییه‌كه‌ی تیپی قووه‌جه‌وی باشترن، بۆیه‌ ده‌پرسین ده‌بێت پێوه‌ری باشترینه‌كان چی و چۆن بن، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌كرێت و باشترینه‌كان دیاری ده‌كرێت؟ 

ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ناهه‌قی نه‌بێت ئه‌ی چییه‌؟ تاكه‌ی موجامه‌له‌ی تیپی دۆڕاو ده‌كه‌ن له‌سه‌ر حیسابی تیپی براوه‌، با به‌س بێت ئه‌و نه‌ریته‌ ناشیرینه‌ و دڵ رازیكردنه‌، با مافی كه‌س نه‌خورێت، هه‌موو شت لای من روونه‌ و ته‌نها موجامه‌له‌یه‌ و هیچی تر، ئێوه‌ش خۆتان حوكم بده‌ن!.  

*نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی



AM:12:19:27/06/2023




ئه‌م بابه‌ته 1240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌