چه‌ند په‌یڤێكی شایسته‌ به‌ وریا غه‌فوری ئه‌فسانه‌



سه‌نگه‌ر زرار - 

وریا غه‌فوری سنه‌یی یاریزانی نێوده‌وڵه‌تی كورد و کاپتنی پێشووتری یانەی ئیستقلالی تاران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام چیرۆکێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووه‌ کە وا ئەمڕۆ 31ی ئایاری 2023 له یاریگای ئازادی له‌ تاران و له‌یاری كۆتایی جامی یانه‌كانی ئێرانی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئیستقلال و پێرسپۆلیس ئاماده‌یی ده‌بێت و ماڵئاوایی لە یاری تۆپی پێی و یانه‌ی ئیستقلال و هاندەرانی دەکات .

بەگشتی واباوه‌ و بووه‌ته‌ نه‌ریتێك كه‌ ئاهەنگی ماڵئاوایی هه‌ر یاریزانێك لەبواری وه‌رزش و به‌ تایبه‌تیش له‌ یاری تۆپی پێدا پەیوەستە بە بوونی یاریزانەکە لەگه‌ڵ تیمەکە و یاریكردنی یان ئەندامێتی لە تیمەکەدا، بەڵام ئەوە یەکەمجارە یاریزانێک کە ئەندامی تیمێك نەبێت یان لە لیستی تیمه‌کەدا ناوی نەبووبێت به‌ تایبه‌ت لە دوایین وەرزی یاریكردنیدا و دواجار ئەندامی تیمێکی تر بووبێت، بڕیار بدات له‌ په‌راوێزی یاری دێربی نێوان دوو یانه‌ی تردا ماڵئاوایی له‌ یاریگا و یاریكردن بکات .

وریا له‌ ئێستادا بە ناچاری ئه‌و بڕیاره‌ی داوه‌ كه‌ ئه‌م یارییه‌ وه‌ك هەلی ماڵئاوایی كردن بقۆزێته‌وه‌، چونکە دواجار گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ بیرۆکەی ئەنجامدانی یاری ماڵئاوایی لەلایەن یانەی ئیستقلال-ەوە بۆ كاپتنه‌كه‌ی پێشووتریان مەحاڵ بووه‌ كه‌ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی به‌ ئه‌مه‌ك له‌ پێناو یانه‌كه‌ و به‌رگریكردن له‌ ناوو ناوبانگی یانه‌ شین پۆشه‌كه‌ی تارانی پایته‌خت جه‌نگا .

وریا غه‌فوری كه‌ دواجار پاش رۆیشتنی به‌ ناچاری له‌ یانه‌ی ئیستقلال، له‌ نیو وه‌رزی 2022-2023دا بۆ یانه‌ی فولاد خوزستان یاریكرد و دوای ئه‌وه‌ له‌م یانه‌یه‌شدا به‌ ناچاریی له‌ یاریكردن دوورخرایه‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌كانی هه‌ردوو یانه‌كه‌ به‌رامبه‌ری، كاردانه‌وه‌ی خێرا و ستەم بوون به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كان و داكۆكی كردنی ئەم یاریزانە كوردە له‌ گه‌لانی ئێران به‌ تایبه‌ت له‌ گه‌له‌كه‌ی خۆی و ئه‌و پۆستانه‌شی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوی ده‌كردنه‌وه‌، بوونه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی باجی هه‌ڵوێسته‌كانی بدات و دواجاریش ببێته‌ قوربانی، چونكه‌ ئه‌و واناسراوه‌ كه‌ کەسێک بووه‌ هه‌میشه‌ خەمی ئازاری خەڵک و برینەکانی خەڵک بووه‌ و هەرگیز بێباکانە بەلای ئەواندا تێنەپەڕیوه‌، رەنگە ئەم چرکەساتانەی ئه‌مڕۆ لە یاریگای ئازادی دەیبینین‌ کۆتایی چیرۆکەکەمان بێت لەگەڵ وریا غەفوری وەك یاریزان‌ بەڵام ئه‌و بەهۆی ئەو دژایەتییانەی بەرامبەری كراون و دەكرێن‌ تادێت خۆشەویست دەبێت و پشتیوان و لایەنگرانی زیاتر دەبن‌ راستە ئەو بە زۆر لە تۆپی پێ دابڕێنرا‌ بەڵام دواجار بووە ئه‌فسانه‌ و هەرگیز لە مێشک و دڵ و ده‌روونی خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر ناسڕێتەوە، هه‌روه‌ها مێژووش هیچ كاتێك لەبیری ناکات، چونكه‌ ئه‌و لە لوتکەی ژیانی تۆپی پێیدا، لە پێناو گەل و وڵاتەکەی و شەرەفەکەیدا کە پاڵپشتی گەلەکەی کرد، وازی لە هەموو شتێک هێنا .

چانسم هەبوو لێره‌دا بتوانم باسی وریا غەفوری بكه‌م، چونكه‌ ئه‌و خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوو، ئەوەی زۆرتر دڵخۆشی کردم لێره‌دا به‌ چه‌ند په‌یڤێك پشتیوانی بم، ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و به‌ ته‌نها نییه‌، به‌ ته‌نهاش ناوی وریا نییه‌، به‌ڵكو خۆی کەسێکی وریا و شایسته‌یه‌، وریا-ی گەله‌، وریای به‌ هه‌ڵوێست و خه‌مخۆره‌، هه‌ربۆیه‌ هەمیشە لە دڵماندا ده‌مینێته‌وه‌.
*رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری وه‌رزشی


PM:08:27:31/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 1276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌