کاتێک وەرزش دەبێتە مەترسیە گەورەکە!



ئاراس رواندزی - 

هەمیشە زانیومانە وەرزش پەیامێکی بێگەردو پڕاو پڕ لە جوانی و رێزگرتن و گیانی یەکتر قەبوڵکردنە، بۆیە نامەوێ زیاتر پێناسەی ئەو کایە بکەم، چونکە هەموو تاکێکی پێگەیشتوو لە ئێمە مانان زیاتر دەزانێ، لێ بەشێوە کردارییەکە جێبەجێی ناکات! 

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم، مەترسیەکی زۆر گەورەیە کە دەرهاوێشتەی چەند یارییەکی تۆپی پێیە لە نێوان هەردوو شاری (هەولێرو دهۆک) کە بەهۆیەوە خەریکە جەستە شەکەت و شەق شەقەکەی هەرێمەکەمان درزێکی دیکەشی تێدەکەوێت! 

بەداخەوە ماوەی زیاتر لە مانگێکە رۆڵەکانی ئەو دوو شارە بە شێوازێکی مەترسیدار سەنگەریان لە یەکتر گرتووەو سووکایەتی بەیەکتر دەکەن، بە ئەندازەیەک لاوانی هەردوو شار وەک دوژمن وێنای یەکتر دەکەن، ئەو کارەی ناحەزان هەموو هەوڵ و توانای خۆیان لە پێناوی بەگەڕخست و سەرکەوتوو نەبوون، ئێستا نەزانانە ئێمە هەنگاو بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ئاواتە گڵاوەیان دەنێین! 

لێرەدا بە پێویستی دەزانم لەسەر هەموو ئاستەکان رێگری لە زیاتر تەشەنەکردنی دژایەتی و ناکۆکی نێوان رۆڵەکانی هەولێرو دهۆک بکرێ، چونکە لە ئێستادا ئەو ململانێیە لە سنووری کێبڕکێکردنی وەرزشی دەرچووە، بۆیە پێویستە لایەنی ئەمنی بەپەلە بێنە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەو لێپێچینەوە لە هەموو ئەو بەناو رۆژنامەنووس و پەیجانە بکەن کە هۆکارن بۆ دروستبوونی گرژی زیاترو درزی گەورەتر، من نایشارمەوە لەمناوەدا دەستێکی بۆگەنیش هەیەو مەبەستیەتی دۆخەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزی ببات! هەروەها زۆر نیگەرانم کاتێک دەبینم راگەیاندن لە ئاست مەترسیەکان بێدەنگە! چونکە میدیا گەر پیشەییانەو نەتەوەییانە ئاراستەی بکرێ، باشترین ئامرازە بۆ ئەوەی هەر چەشنە توڕەییەک دابمرکێنێتەوەو لە جیاتی توڕەیی و رق، خۆشەویستی و ڕێز بخاتە نێوانیان، ئاخر چۆن دەبێ میدیاکارو دەزگاکانی راگەیاندن بەسەر شارەکان دابەش ببن و ببنە لایەنگرو بەشێک لەو فیتنەیەی کە رەنگە پڕوشکی ئاگرەکەی بەر هەموومان بکەوێ . 

لە کۆتاییدا هیوادارم ئەو بابەتە بەهەند وەربگیرێت و بە شێوەیەکی سادە لێی نەڕواندرێت، چونکە ڕق و ناکۆکیەکە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدارو گەر بە زوویی بەری پێنەگیرێ، دەرهاوێشتەی زۆر نەرێنی بەسەر شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و داهاتووی کوردستان دەبێت.c


PM:04:02:28/05/2023




ئه‌م بابه‌ته 884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌