ئێمەو ئەوان لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا !




ئاراس رواندزی - 

دوا جار وڵاتی رافیدەین بە خەونەکەی گەیشت و هەفتەی رابردوو بەسڕەی سێیەم گەورە شاری عیراق باوەشی بۆ هەشت هەڵبژاردەی بەشدار لە پاڵەوانیەتی جامی کەنداوی عەرەبی بۆ تۆپی پێ کردەوە، ئەو عیراقەی ساڵانی پێشوو هەموومان بە زەیمان بە حاڵیاندا دەهاتەوە، بە جۆرێک هەوڵ و هەواڵی هەر یارییەک لەسەر خاکەکەی، لە چوارچێوەی گاڵتەش قەبوڵکراو نەبوو! کەچی ئێستا هەنگاو بۆ میوانداریکردنی جامی ئاسیاش دەنێت!

دیارە من مەبەستم نیە دوور نزیک باسی ئەم پاڵەوانیەتیەو گرنگیەکەی بۆ عیراق بکەم، بەڵکو گەرەکمە ئەو بۆنەیە بقۆزمەوەو باسی پێشکەوتن و بوژانەوەی ژێرخانی وەرزشی عیراق بکەم، لەو نێوەندەشدا بەراوردکارییەکی سادە لە نێوان دوێنێی ئێمەو ئەوڕۆی ئەواندا بکەم! 

ئاشکرایە دوای پڕۆسەی ئازادی گەلانی عیراق و رووخانی دیکتاتۆریەت، تا ئەندازەیەکی سنووردار گرنگی بە ژێرخانی وەرزشی درا، لەو نێوەندەشدا یاریگەی پارێزگاکانی (هەولێرو دهۆک و سلێمانی) فراوان و نۆژەنکرانەوە، ئەگەرچی ئەو بڕەی بۆ ئەو پڕۆسەیە تەرخانکرا، سێ یاریگەی نێودەوڵەتی پێ بنیات دەنرا، چونکە تەنها تێچووی گۆڕینی چەند جارەی چیمەنی یاریگەی فڕەنسۆ هەریری، بە قەد یاریگەیەک لەسەر حکومەت کەوت! بە هەر حاڵ خودی نۆژەنکردنەوەکان کارێکی گرنگ و جێی دەستخۆشی بوون، بیرمە ئەو کات بەرپرسانی وەرزشی و حکومی هەرێم پۆزیان بەو ستادیۆمانە لێدەداو لە کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکانیشیان گاڵتەیان بە ژێرخانی وەرزشی بەغداو شارەکانی دیکە دەکرد، عیراقی دراوسێشمان نەک یاریگەی نەبوو، بگرە بەهۆی نالەباری دۆخی ئەمنی لە ناوچەی سەوزی بەغداش نەیدەتوانی یارییەک ساز بکات! 

ساڵ هات و رۆیشت، دۆخی ئەمنی بەرەو باشتر رۆیشت و عیراق هەنگاوی بەرەو پێشڤەچوون و بوژانەوەی ژێرخانە داتەپیوەکەی نا، ئێستا کە من ئەو وتارە دەنووسم، لەهەر شارێکی عیراق یاریگەیەکی نێودەوڵەتی بنیاتنراوە کە بەشێکیان تەواو بوونەو هەندێکیشیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ئێستا عیراق میوانداری جامی کەنداوی عەرەبی دەکات و یارییەکانیش لە یاریگەیەک ئەنجامدەدرێن مەگەر تەنها لە قەتەڕ شتی وا بنیاتنرابێ! بەرنامەش هەیە داوای میوانداریکردنی جامی عەرەب و دواتر داواکاری بۆ جامی ئاسیاش پێشکەش بکەن.

دێمەوە سەر هەرێمەکەمان دوای ئەو هەموو ساڵە چیمان بنیاتنا تا ئەمڕۆ شانازی پێوە بکەین؟! بۆچی عیراق بەو خێراییە گەشەی کردوو ئێمەش لە شوێنی خۆمان چەقمان بەست؟! دەزانن ئێستا یاریگەکانمان لە چاو ئەوانەی عیراق هیچ مەرجێکی ستاندارد بوونی تێدا نیە! بەدووری نازانم چەند ساڵی داهاتوو بە بیانووی نەبوونی مەرجە نێودەوڵەتیەکان رێگە نەدەن خولی نایابی عیراقیشیان تێدا ئەنجامبدرێت! بەڕاستی نازانم بۆچی بەو هەموو ساڵە نەتوانرا شارێکی وەرزشی بنیاتبنرێت؟! ئەرێ بەڕاست سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران دەزانن پایتەخت هیچ هۆڵێکی وەرزشی تێدا نیە؟! سەیرە دەبێ بەڕێوەبەرانی وەرزشی ئێمە چ جادوێکیان کردبێ، تا بەرپرسانی حکومەت چاوەکانیان خەم و مەینەتیەکانی وەرزش و ژێر خانە هەژارەکەی نەبینێ؟! باشە سەرۆکی هەرێم و وەزیرو پارێزگارەکان، دەبێ لە کاتی ئامادەبوونتان لە کردنەوەی ئاهەنگی پاڵەوانیەتیەکە چ هەستێکتان هەبووبێ؟!

ئاخر تاکەی ئێوە لە گرنگی وەرزش تێناگەن و ئەو کایە گرنگە بەشتێکی لاوەکی سەیر دەکەن! لە کاتێکدا گەورە بچووکی ئەو هەرێمە شێت و شەیدای وەرزشن، ئێستاش لە جیهاندا تاکە شتێ کە زۆرترین هەواداری هەیەو دەتوانێ زۆرترین کەس بە دەوری خۆیدا کۆبکاتەوەو کاریگەری هەمەلایەنەش دروستبکات، وەرزشە بە هەموو بەشەکانیەوە. 

لە کۆتاییدا دەمەوێ بە بەرپرسانی ئەو هەرێمە بڵێم ئێستاش درەنگ نیە، گەر رژد بن و نیازتان بێ ئاوڕێکی تەواو لە وەرزش بدەنەوە، دڵنیام دەتوانرێ بە چوار بۆ پێنج ساڵ کاری زۆر گرنگ و گەورە ئەنجامبدرێت، بەمەرجێک پشتیوانیەکی باشی دارایی بکەن و کایەکەش بە کەسانی زاناو خەمخۆر بسپێرن، نەک ئەوانەی ئەقڵ و بیرو هۆشیان لای پارەو کورسیەکەی ژێریانە!


PM:03:01:15/01/2023




ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌