پرۆژەكەی د.ئالان چی بەسەرهات؟!


زاگرۆس نانەكەلی - 

لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی فیفا و نزیك بوونەوەی مۆندیالی 2022،هاوكات د.ئالان قادر ماوەیەك لەمەوبەر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی پرۆژەیەكی پێشكەشی فیفا كرد و باس لە لێدانی شووت لەدەرەوەی هێلی سزا بەدوو گۆڵ هەژماربكرێت،هەروەها ئەو پێی وایە سێ هێلی نوێی لەنێو هێلكاری یاریگای تۆپی پێ زیادكردووە،بەمەبەستی بیرۆكەكەی نوێكاری بێت وخزمەت بە وەرزشی تۆپی پێی جیهان بكات،ئەوەی لەسەرمن بێت بیگەیەنم بەبەرزترین ئاستی نێودەوڵەتی،كە فیفایە.

وەك میدیاكارێكی وەرزشی بەدواداچوونێكم بۆ بابەتەكە كرد،چەند پرسیارێك و پێشنیارێكم بۆ دكتۆر ئالان و پسپۆڕان و خوێنەرانی وەرزشی دەخەمەڕوو،ئومێد دەكەم ئەم دید وبۆ چوونانەم خزمەتێك بە پرۆژەكەی دكتۆر ئالان بكات وهەمووشمان پاڵپشتی بكەین،بەكورتی (تیرەكە لە كەوان دەرچووە وگەڕانەوەی بۆنیە )،بێدەنگی ونەبوونی روونكردەوە لەلایەن دكتۆر بۆ پرۆژەكە،نەبوونی میدیاكاری وەرزشی ئەكتیڤ و دەزگای میدیای وەرزشی پرۆفیشناڵ،گومان دروست دەكات!.

گەر بەمشێوە دكتۆر ئالان پرۆژەكەی باسكرد،من وای دەبینم كە ئێستا بەم خاڵانە روونی دەكەمەوە.

یەكەم : تۆپی پێ دەبێتە مایەی نەمانی تەكنیك وتەكتیكی جوان،لە زانستەوە روو لە هێز و هەڕەمەكی و خۆبەزلزان دەزانن،لەتۆپی پێ بۆ زۆرانبازی ئەمەریكی گوزەر دەكات،چونكە هێز دەبێتە سەنگی مەحەك،بای بای  لە هزر ولۆژیك و جوانی و جادوی تۆپی پێ دەكرێ.

دووەم : رۆحێكی تۆپی پێ لە نمایش و جولەی جوان بۆ ئاقارێكی شووت شووتانێ و وون بوونی ناسنامەی راستەقینەی یارییەكە دەبێت.

سێیەم : كاتێك دوو تیپ یاری دەكەن،لە كۆتایی یارییەكە تیپێك لەدەرەوەی هێلی سزا گۆڵێك تۆمار دەكات وبە دوو گۆڵ بۆی هەژمار دەكرێت،ئەم تیپەی بەرانبەر چۆن بتوانێ بێتەوە نێو كەش وكێبڕكێی یارییەكە،یاخود بتوانێ قەرەبووی ئەنجامەكە بكاتەوە،یەكێكیش لە هێما جوانەكانی وەرزش،جوانی و جولە و نمایش و رۆحی وەرزشییە،نەك ئەنجام و سەركەوتن.

چوارەم : كاتی خۆی پرۆژەی  گۆڵی زێڕین پێشكەشكرا،فیفا بڕیاری جێبەجێكردنیشیدا،دواتر پەشیمان بوونەوە وهەڵیان وەشاندەوە،لەماوەی هەشت ساڵ چەندین هەڵبژاردەی زلهێز لە مۆندیال و یانە گەورەكانی جیهان،بوونە قوربانی پرۆژەی (مردنی لەناكاو) كەدواتر كرا بە گۆڵی زێڕین.

پێنجەم : لەم حاڵەتە یاریزانەكان،خۆپەرست وئەنانی دەبن،گەر تەكنیك و جولەی جوان و نەمێنێت،هەر كەس بۆ خۆی شووت دەكات ویارییەكە بەگشتی بە ئاقارێكی خراپ گوزەر دەكات.

شەشەم : زۆر كەسی پسپۆڕ هەیە كە بەردەوام لە فیفا كاری رێكخستن ونوێكردنەوەی بڕیارەكان و نووسینەوەی یاسا نوێكانی تۆپی پێ و بەڵكو رێڕەوی  و پێشڕەوی فیفا دەكەن لە پرۆگرامسازی سەردەمیانە و هێنانی زانستی تەكنەلۆژیا و بیرۆكەی نوێكاری لە تۆپی پێ،كەچی خۆیان لەم گۆڕانكاریانەی وەك دكتۆر ئالان نەداوە،ئەمە یان بڕوایەكی بەهێزە،یاخود كشانەوەیەكی بەهێز ترە.

پێشنیاردەكەم من وهەموومان هاوكارت بین،بەڵام لۆژیكتر و دووبارە چاوپێخشانێك بە پرۆژە بكەیەوە،ئەویش بە كۆنگرەیەك،پانێڵێك بكەیت وكەسانی شارەزا و پرۆفیسۆر و دكتۆرانی بەشی وەرزش بانگهێشت بكەی،ئەوانیش گفتوگۆی رووبەڕوو و هاوكار وپاڵپشتت بن و بەهەمان شێوە رەخنە وپێشنیاری خۆیان بدەن بە د.ئالان،چونكە لەوانیە بەشێكی زۆرلە میدیاكارانی وەرزشی پسپۆڕیان لەوەرزش یاخود لە پرۆژەكەی دكتۆر نەبێت ونەشتوانن گفتوگۆ و رەخنە وپێشنیاربكەن،پاشان بدرێت بە فیفا ،من زۆر بەراشكاوی دەڵێم ئەم پرۆژەیە بچێتە فیفا و خۆێندنەوەی بۆ بكرێت رەتیش بكرێتەوە و یاخود بیخەنە سەلەی خۆڵەكە،من بەسەركەوتنی دەزانم،گەر پرۆژەكەش سەركەوتنی بەدەست هێنا دەبێتە مێژوو،ئومێد دەكەم پرۆژەكەت بچێتە بواری جێبەجێكردن،ئینجا پرۆژەكەت ناوێكی وەرزشی كوردی لێ بنێ!.

بۆیە دوا پرسم ئەوەیە،پرۆژەی دكتۆر چی بەسەرهات؟بەدواداچوونی بۆ كرد كە گەیشتۆتە فیفا ؟ فیفا وڵامی چی بوو؟  ئەنجامەكەمان بە بوون ونەبوون چی بەسەرهات ؟!،دەزگاكانی راگەیاندن كاریان لەسەر كرد،میدیاكارانی وەرزشی بنكۆڵی و چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ كرد؟ یاخود شۆیەك و خەونێكی خۆش بوو!،چونكەپرۆژەكەسنووری كوردستانی بڕیوو و تەنانەت لەعێراقیش كۆمێنتیان هەبوو وئاگاداربوون،هەرچەندە میدیاكاران ودەزگاكان بەدواداچوونیان بۆ نەكردووە تا ئێستا، بەڵام دەبێت د.ئالان وڵامی شەقامی وەرزشی هەبێت،چونكە پرۆژەیەكی وا بێدەنگی وبێ وڵامی و بێ بەرەوپێشووەچوونی نەبێت مانای چییە؟!.


PM:07:46:30/10/2022




ئه‌م بابه‌ته 992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌