هاوارێک لە پایتەختی بێ نازەوە!



ئاراس رواندزی - 
 
کاتێک مرۆڤ ناوی پایتەختێک دێنێ، راستەوخۆ لە هزرو خەیاڵی خۆیەوە وێنای باشترین و جوانترین و ناوازەترین شتەکان لەو شوێنە دەکات، چونکە هەمیشە پایتەخت وەک سیماو رووی گەش و پێشکەوتنی وڵات دێتە بینین. 

ئەوەی لەو نووسینەدا گەرەکمە باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر، فەرامۆشکردن و بێ نازی هەولێری پایتەختە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هۆڵێکی داخراوی وەرزشی شیاو بە یاریکردنی تێدا نیە! ئەو شارەی لە ئێستادا سەروو دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار کەسی تێدا دەژی و زۆرینەشیان وەرزشکار یا هۆگرو شەیدای کایەکەن. 

نکۆڵی لەوە ناکەم شارەکەی قەڵاو منارە لە ماوەی بیست ساڵی رابردوو لە زۆر لایەنەوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە گەلێ بواردا پێشەنگی شارەکانی دیکەیە، لێ ئاشکرایە هەر شۆڕشێکی ئاوەدانی کە نەتوانرا هاوتەریب هەموو سێکتەرەکان بە یەک ئەندازە برەو پێبدات، سەرەنجام فەرامۆشکراوێک وەک کانیەکی ئاو دەتەقێتەوەو بە دەرخستنی کەمووکورتیەکانی، هەموو ئەو جوانیانەی کە لە رابردوودا بنیادیشت ناوە، لێل دەکات.

لە ساڵانی بەر لە قەیرانی دارایی کە کوردستان بە گشتی لە ڕووی ئاوەدانیەوە لەسەردەمی زێڕینیدا بوو، زۆر هاوارو تکامان کرد کە شۆڕشی ئاوەدانکردنەوەی وڵات با ژێرخانی وێرانی وەرزشیش بگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی وەرزش بێ پلان و ستراتیژ بوون و لە جیاتی بنیاتنانی یاریگاو هۆڵ و شاری وەرزشی مۆدێرن، پارەیەکی زۆریان بە یانەکان بەخشی تا یاریزانی عەرەب بێنن، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی عیراق یەکەم بن! بەو شێوەیە چەند دەسکەوتێکی کاتی بەدیهات، لێ ناوبانگ و شانازی و یاریزانی باش، بێ نەبوونی گۆڕەپانێکی شیاو بۆ یاریکردن، وەک کوردەواری دەڵێ فلسێکی سووتاو ناهێنێ!

ماوەی زیاتر لە هەشت ساڵە بڕیاری بنیاتنانەوەی هۆڵی زەرد دراوە، لەوساوە تا ئێستا تەنها بەردی بناغەکەی دانراوەو بە بیانووی قەیرانی دارایی کارکردن تێیدا وەستاوە، لە کاتێکدا هەر لەو ماوەیە زیاتر لەو بڕەی کە پێویستە بۆ بنیاتنانەوەی ئەو هۆڵە، بە یانەکان دراوە! ئاخر تخوا کارەسات نیە شارێکی گەورەی وەک هەولێر کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس وەک پایتەختی وەرزشی عیراق مامەڵەی لەگەڵ کراوە، هیچ هۆڵێکی داخراوی شیاو بە یاریکردنی نەبێ؟ باشە بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی وەرزشی هەرێم، چۆن شەرم داتان ناگرێ، چەند رۆژێکی کەمە بەم هۆیەوە پاڵەوانیەتی بالەی وڵاتانی عەرەبی لە پایتەختەوە بۆ شاری دهۆک گواسترایەوە! 

لە ئێستادا بەهۆی باشتربوونی دۆخی دارایی، هەست بە گەڕێکی دیکە ئاوەدانی و بووژاندنەوە دەکرێ، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە وەرزشکارانی پایتەخت بە پاڵپشتی هێزی میدیا، فشارەکانیان بۆ سەر بەرپرسانی وەرزش و حکومەت چڕ بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بودجەی پێویست بۆ بنیاتنانەوەی هۆڵی زەرد تەرخانبکرێت، ناکرێ لە هەموو لایەکەوە پڕۆژە ببینین، کەچی وەرزش و ژێرخانە وێرانەکەی لێیەوە بێ بەشبێ، بۆیە خوازیارم پەیام و خەمی وەرزشکارانی پایتەخت بە سەرۆکی حکومەت بگەیەنرێ، چونکە دڵنیام بەرپرسانی وەرزشیمان، لە جیاتی نیشاندانی ژێرخانی وێران و کەموکوڕی و پێداویستیەکانی کایەکە، تابلۆیەکی ئەفسووناویان بۆ بەڕێزیان نەخشاندووە.


PM:03:33:22/09/2022




ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌