گرێبەستی یاریزانان لە نێوان نەبوونی یاساو چاوچنۆکی یانەکان



ئاراس رواندزی - 

ساڵانێکە یانەکانی کوردستان بەربوونەتە گیانی یاریزانەکان و بێ هیچ بیانوویەک مافی یاریزانەکان دەخۆن و پابەند بە گرێبەستەکانیان نابن، بۆیەش لاوەکانمان وێڕای یاریکردن، بۆ دەستەبەری بژێوی ژیانیان خەریکی کاری دیکەن، چونکە لە هەرێمەکەمان تا ئێستا تۆپی پێ وەک پیشە نایەتە دیتن. 

ئاشکرایە نەبوونی یاسایەک بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستە داراییەکانی یاریزانان، گەورەترین بەربەستە لەبەردەم پێشڤەچوونی وەرزش و تۆپی پێی هەرێم، ساڵانە هاوارو دەنگی ناڕەزایەتی یاریزانانی بەشخوراو دەبیستین، چیرۆکە خەمناکەکانیان دەبنە سەردێڕی هەواڵی مێدیاکان، بەڵام هیچ لایەن و دەزگایەک بەهانایانەوە نایەت، دواجار کارگێڕی یانەکان بە هەڕەشەی پێنەدانەوەی کاغەزی دەستبەرداروبوون، یاریزانەکان ناچار بە سازش و دەستبەردان لە مافەکانیان دەکەن! 

لێرەدا بە سروشتی دەزانم رەخنە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێ بگرم، چونکە ئەو دامەزراوەیە بەرپرسە لە وردو درشتی تۆپی پێ و دەبوو بە یاسا ماف بۆ یاریزانەکان دەستەبەر بکات و سزای ئەو یانانەشبدا کە شایستە داراییەکانی یاریزانان دەخۆن و پێشێلی بڕگەو ماددەکانی گرێبەستە دوو لایەنەکەیان دەکەن، لێ دیارە ئەو دەزگایە کە خاوەن گەورەترین چالاکی وەرزشیە، ئەوەندەی خەریکی لۆگۆ گۆڕین و شتی دیکەی لاوەکیە، کاتی بۆ راستکردنەوەی خوارییەکان و بە زانستیکردنی کایەکە نیە!

چەند رۆژێکیشە سۆسیال مێدیا بە لێشاوی وازهێنانی یاریزانانی یانەیەک تەنراوە، هۆکارەکەشی پێنەدانی بڕی تەواوی پارەی گرێبەستەکانیانە، دیارە من ئەو هەنگاوە تەنها بە راکردنی یاریزانان لە چارەسەرو بنبڕکردنی یەکجارەکی ئەو کێشەیە دەبینم، چونکە دواجار دەچنە باوەشی قڕشێکی دیکە! 

بۆیە بە پێویستی دەزانم پێشنیارێک بخەمە بەردەم یەکیەتی تۆپی پێ کە بەهۆیەوە مافی یاریزانەکان بە یاسا دەستەبەر دەکات و خەزێنەی یەکیەتیەکەش تا ئەندازەیەک دەبوژێنێتەوە.

سەرەتا پێویستە هەردوو لایەن (یانەو یاریزان) لەسەر خاڵ و بڕگەکانی نێوان خۆیان رێکبکەون و گرێبەستەکە ئیمزا بکەن، ئینجا دەکرێ بەرگێکی یاسایی بکرێتە بەر گرێبەستەکەو لەناو بارەگای یەکیەتی تۆپی پێ دادنووسێکی تایبەت دابنرێت و وردبینی و مۆری یاسایی رێککەوتنەکان بکات، لەبەرامبەر ئەو کارەشدا بۆ گرێبەستی هەر یاریزانێک یانە 250 هەزارو یاریزانیش خۆی 150 هەزار دینار بدات، بەو شێوەیە یاریزانەکان مافیان پارێزراو دەبێت و سەدو پەنجا ملیۆن دیناریش وەک داهاتێکی دیاری ساڵانە دەچێتە خەزێنەی یەکیەتیەکە، کەوایە بە هۆی ئەم یاسایەوە دەتوانن دوو ئامانجی گرنگ بپێکن. 

لە کۆتاییدا هیوادارم بەرپرسانی تۆپی پێی کوردستان هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕو بەر لە دەستپێکی وەرزی نوێ، ئەم گرفتە گەورەیە چارەسەر بکەن، بۆ ئەوەی چیتر لاوەکانمان نەبنە قوربانی و بە یاسا مافەکانیان پارێزراو بێت.


PM:10:02:14/08/2021




ئه‌م بابه‌ته 1460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌