دیدار: زاگرۆس نانهكهلی
كەسایەتییەكی تایبەتە و هەڵكەوتووی نێو بنەماڵەیەكی شۆڕشگێڕ و وەرزشكارە و جگە لەخۆی باوك و مامەكانی و خاڵەكانی و خزمە نزیكەكانی هەموویان لەدەربەندیخان یاری فوتبۆڵیان كردووە، ئێستاش پاش دووركەوتنەوەی لەیاری فوتبۆڵ وەك یاریزان، بۆ ماوەی 8 ساڵە لوڵاتی سوید وەك راهێنەر دەستبەكارە و دیارترینیان راهێنەرایەتی كردنە لەئەكادیمیای فوتبۆڵی یانەی ئیسكلستونا (ئەی ئێف سی ئیسكلستونا) و تایبەتەكەشیان ئەوەیە كە تاكە راهێنەری عیراقی و كوردە لەیاری (تۆتاڵ فوتبۆڵ) كەخاوەن بڕوانامەی تایبەتی یارییەكە بێت، ئەم راهێنەرەش ئارام رەجەب-ە.
ئارام رەجەب كە لەیەكێك لەقوتابخانەكانی سوید مامۆستای وەرزش و بەدیاری كراویش وانەی یاری فوتبۆڵە، لەمیانەی دیدارێكی تایبەتدا خواستی خۆی بۆ كردنەوەی یەكەم ئەكادیمیای تایبەتمەند بەیاری تۆتاڵ فوتبۆڵ لەهەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو:-
*بەم دواییە داوای دامەزراندنی ئەكادیمیایەكی یاری فوتبۆڵ-ت لەهەرێمی كوردستان كردبوو، كەی بەنیازن ئەم هەنگاوە بنێن؟
-پێشنیازەكە بەرەو دامەزراندنی ئەكادیمیایەكی فوتبۆڵ بوو كەتایبەتمەند بێت بەیاری تۆتاڵ فوتبۆڵ، ئەمڕۆ وڵاتانی پێشكەوتوو بایەخێكی زۆر دەدەن بە وەرزش بۆ ئەوەی توانای لاوان و تیمەكان لەڕووی تەكتیك و تەكنیك بەرەو پێش بەرن، بۆیە كارێكی باشە ئێمەش هەوڵەكانمان چڕبكەینەوەو بتوانین ئەكادیمیایەكی تۆپی پێ (فوتبۆڵ)ی شایستە بەلاوانی وڵاتەكەمان بە(كچان و كوڕان)ەوە دابمەزرێنین.
*ئەم پێشنیازەتان پێشكەشی هیچ كەس و لایەنێكی پەیوەندیدار كردووە؟
-وەك راهێنەرێكی تۆپی پێ سەرەتا وەك تاقیكردنەوە پڕۆژە یان بیرۆكەیەكی لەمشێوەیە پێشكەش بەبەرپرسان و راهێنەرانی فوتبۆڵ لەشاری دەربەندیخان دەكەم و پاشان شارەكانی تر، هیوادارم جێی خۆی بكاتەوە و بۆئەو مەبەستەش داواكارم لەگەڵ 6 تا 8 یانیش زیاتر لەڕاهێنەرە خۆبەخشەكان پەیوەندیم هەبێ بەتایبەت ئەوانەی زانیارییان هەیە و بەشێوەیەكی ئەكادیمیانە سەبارەت بە توتاڵ فوتبۆڵ (Total football) پێكەوە قسەبكەین و بتوانین سەرەتا ئەكادیمیایەك بەشێوەیەكی پڕۆفیشناڵ لەشاری دەربەندیخان دابنێین، بەو پێیەی خۆم خەڵكی ئەوێم، هەربۆیە پێشەكی دەمەوێ لەگەڵ راهێنەرەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەین و زانیاریی لەیەكتر وەربگرین بۆئەوەی بەشێوەیەكی جوان بتوانین لەئایندەدا بەئاسانی ئەكادیمیاكە بۆ (كچان و كوڕان) بەڕێوەبەرین.
*بۆچی لەدەربەندیخان، ئەی شوێنەكانی تر؟
-من بەشبەحاڵی خۆم كێشەم نییە، ئەوەی پێشوازی لەپڕۆژەكە بكات كاری لەگەڵدا دەكەم و لەهەر كوێیەك بێت، با لەشارێكی تربێت، بەڵام لەدواڕۆژدا هەر مەبەستمە خزمەتی شارەكەی خۆشم بكەم و لەوێش ئەمجۆرە ئەكادیمیایە بكەمەوە.
*ئەم بیرۆكەیە لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
-لەمڕۆدا وڵاتانی پێشكەوتوو بایەخێكی زۆر دەدەن بەوەرزش بۆ ئەوەی توانای لاوان و تیمەكان لەڕووی تەكتیك و تەكنیك بەرەو پێش بەرن، بۆیە كارێكی باشە ئێمەش هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئەكادیمیایەكی فوتبۆڵی شایستە بەگەنجان و لاوانی وڵاتەكەمان بەهەردوو رەگەزەكە دابمەزرێنین.
*ئێوە وەك راهێنەرێك تاچەند شارەزایی و پسپۆڕیتان لەشێوازی یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ-دا هەیە؟
-نزیكەی 8 ساڵە بەبواری راهێنەریی سەرقاڵم و هەوڵی زۆرم داوە بۆ فێربوون و شارەزایی پەیداكردن لەسەر یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ (Total Football) و بۆ ئەم مەبەستەش چەند كتێبێكم لەسەر یارییەكە خوێندۆتەوە و لەڕێگەی ئینتەرنێتیشەوە هەمیشە گەڕاوم بەدوای دۆزینەوەی زانیاریی و چۆنێتی و تایبەتمەندی یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ لەلای راهێنەرانی تر، هەروەها لەسەر ئاستی ئەوروپادا لەسوید و ئیسپانیا و پۆرتوگال و بەشداری چەند كۆرسێكی فێربوونی یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ-م كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش بڕوانامەی شارەزایی بەڕێوەبردنی تیپی پلە بەرزم وەرگرتووە.
*لەسوید تاچەند بایەخیان بەشێوازی یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ داوە؟
-لەوڵاتی سوید شێوازی یاری كردن كلاسیكییە، بۆیە هەوڵمداوە و مەبەستم بوو رادەی زانیاری و توانای خۆم بەرزبكەمەوە، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی بۆیەكەمجار رووبكەمە هەرێمی كەتەلۆنیا و لەشاری بەرشەلۆنە بەشداری یەكەمین خولی راهێنانم كرد سەبارەت بەشێوازی یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ و پاش ساڵێك دووبارە گەڕامەوە لەدووەم خول و كۆتایی راهێنانەكاندا بەشداریم كرد، بۆ بەرزكردنەوەی رادەی زانیاریی و لەكۆتایی خولەكەدا لەكاتی دابەشكردنی بڕوانامەدا لەلایەن پەیمانگای تۆڤۆ ئەكادیمی (Tovo Academy) بەسەر بەشداربووان و وەرگرتنی بڕوانامەدا خۆشحاڵ بووم كە وەك یەكەمین كورد هەروەها لەسەر ئاستی عیراقیش ئەو بڕوانامەیە وەربگرم، بەو پێیەی هیچ كەس لەكوردستان و عیراق بڕوانامەی لەو جۆرەی وەرنەگرتووە.
*ئەگەر ئەكادیمیاكە دامەزرا، بەچ شێوەیەك دەبێت؟
-سەرەتا دەتوانین 4 تیم بۆ ئاستەكانی ژێر تەمەنەكانی 8 و 9 و 10 و 11 ساڵ دروستبكەین، دواتر كە توانا هەبوو بەرفراوانی بكەین، بەڵام تۆ 4 تیمت هەیە، ساڵانە كە تەمەنیان گەورە دەبێت بۆ تیمەكانی سەرووتر سەردەخرێن و پاشان هەرخۆی بەتێپەڕوونی كات تیمەكانت زیاتر دەبێت، یاریگایەكی بچووك و یەكێكی گەورەی پێویست دەبێت، ئەوانەی كارم لەگەڵدا دەكەن دەبێ لەزۆر شت ئاگارداریان بكەم و زانیارییان پێ بدەم لەسەر چۆنێتی پێگەیاندنی منداڵان بەپێی رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان كە پێویستە گرنگی و بایەخی زۆر بەمنداڵان بدرێت، دۆزینەوەی حەز و خولیا و ئارەزووەكانیان و هەروەها تاچەند بۆ یارییەكە گونجاوە و دەشێت، پێویستە جلوبەرگ و پیداویستییەكانیان تایبەت بەخۆت بێت و نابێت مۆركی هیچ شوێنێكی تری پێوەبێت.
*ئەم شێوازە تا چەند بەربڵاوە؟
-زیاتر لە 7 ساڵە كاریی راهێنەرایەتی دەكەم و ئەوەی من دەمەوێ لەكوردستاندا پێشكەشی بكەم شێوازی یاری بەكۆمەڵە (تۆتاڵ فوتبۆڵ)، لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لەزۆرێك لەوڵاتانی ئەوروپا یان جیهان زۆر گەشەی كردووە و بڵاوبۆتەوە، هیچ شتێكیش مەحاڵ نییە و دەمەوێ شتێك بكەم وەك ئەوە بێت كە لەبەرشەلۆنەدا هەیە.
*بەرهەمی ئەم پڕۆژەیە چی دەبێت و كەی پێدەگات؟
-تۆ دەبێ بۆ بەجێگەیاندنی ئەم پلان و پڕۆژەیە هەنگاو بەهەنگاو كارەكان بكەیت و سەرەتا تیمەكان دروست بكەیت، دەتوانی بە 3 یان 6 ساڵ یاریزان دروست بكەی، خولەكانی ژاپۆن و چین و كۆریا بیكڕێت، بەڵام بە 9 ساڵ دەتوانی بەگرەنتی یاریزانێكی تەواو پڕۆفیشناڵ بەرهەم بهێنیت، یاریزانێك دروست بكەیت كە لەخولێكی گەورەی ئەوروپا یاری بكات.
*بیۆگرافیا:
-ناو: ئارام ئەحمەد رەجەب (ئارام رەجەب).
-تەمەن: 48 ساڵ.
-لەشارۆچكەی دەربەندیخان لەدایكبووە.
-ژیانی هاوسەریی پێكەوە ناوە و (2) منداڵی هەیە.
-لەشاری ئیسكلستونا-ی وڵاتی سوید نیشتەجێیە.
-لەبنەماڵەیەكی وەرزشكارە و ئەحمەد رەجەب-ی باوكی و مامەكانی محەمەد و مەحمود و ئیبراهیم رەجەب (بللی) و عەباس رەجەب و خاڵەكانی غازی و شەهاب عەبدولڕەحمان لەتیپی دەربەندیخان یارییان كردووە.
-لەسوید بۆ هەردوو تیمی (كوردیسكا ئای ئێف) و (بارڤا ئای ئێف) یاری كردووە.
-ساڵی 2012 پاش دووركەوتنەوە و وازهێنانی لەیاری كردن، رووی لەبواری راهێنان كردووە.
-مامۆستای وەرزشە لەقوتابخانەی خفتینگەئوس (Skiftigehus) و راهێنان بەپۆلەكانی 5 و 7 و 8 دەكات و لەقوتابخانەكەدا مامۆستای تایبەتمەندە بەیاری فوتبۆڵ.
-لەساڵی 2013ەوە لەوڵاتی سوید و لە یانەی ئیسكلستونا (AFC Eskilstuna) لەسەر پەروەردەكردنی شێوازی تۆتاڵ فوتبۆڵ راهێنەری تیمەكانی منداڵان و ئاستە جیاجیاكانی تەمەن دەكات و ئێستاش راهێنەری تیمی بێچووەشێرانی ژێر تەمەن 14 ساڵانی یانەكە.
-ساڵانی 2014 و 2016 و 2018 لەسەر ئاستی ئەوروپادا لەسوید و ئیسپانیا و پۆرتوگال و بەشداری چەند كۆرسێكی فێربوونی یاری تۆتاڵ فوتبۆڵ-ی كردووە
-ساڵی 2016 لەشاری ئۆریبرۆ-ی سوید بەسەرپەرشتی مامۆستایەكی شارەزا و پسپۆڕی پۆرتوگالی بەشداری كۆرسێكی تایبەتی كردووە بەناونیشانی (Technical Tactical Footbal Periodization) كەدەربارەی تەكنیك و تەكتیك بووە.
-ساڵی (2018) لە 2 ئەكادیمیای ئەمریكا لەویلایەتەكانی فلۆریدا و تیكساس بانگهێشت كراوە بۆ ئەوەی وەك راهێنەرێكی ئەكادیمیای تۆتاڵ فوتبۆڵ دەستبەكاربێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە مامۆستایە و راهێنەرە لەیانەی شارەكەی و هەروەها خێزاندارە، ئەركەكانی رەتكردووەتەوە.
-تائێستا لە 5 سمیناردا لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی تیمەكانی فوتبۆڵ لەلایەنی (راهێنان، فێركردن، كارگێڕی) بەشداری كردووە كە یەكێتی تۆپی پێی سوید رێكیخستووە.
-لەبواری راهێنەریی گۆڵچێتی لەهەردوو ئاستی (C) و (B) دوو بڕوانامەی لەیەكێتی تۆپی پێی سوید پێدراوە.