ھۆكار و چاره‌سه‌ری بۆنی ناخۆشی ناودەم



ته‌ندروستی‌ - 

توێژینەوەكان دەریانخستووە ڕێژەی ٪‏٥٠ سەدا پەنجای كەسانی پێگەیشتوو بۆنی ناخۆشی دەمیان ھەبووە لە چەند كاتێكی ژیانیاندا، ئه‌ی‌ ھۆكارەكانی بۆنی ناخۆشی دەم چین؟ ‎دكتۆرە ڕۆشنا پزیشكی نەشتەرگەری دەم و ددان له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و چاره‌سه‌ر ده‌خاته‌ ڕوو.

ژماریەك ھۆكار ھەن دەبنە ھۆی بۆنی ناخۆشی دەم كە ھەندێكیان بێ زیانن بەڵام ھەندێك جار بۆنی ناخۆشی دەم لەوانەیە نیشانە بێت بۆ نەخۆشی و بارودۆخی جددی.

1-پاك ڕانەگرتنی دەم و ددان:
هۆكاری بۆنی ناخۆشی دەم دەكرێت ئەو بەكتریایانە بن كە بەھۆی پاشماوەی ئەو خۆراكانە دەژین كە لە ناو دەمدا دەمێننەوە لە دوای خواردن، بۆیە پێویستە ڕۆژانە بەلایەنی كەم دوو جار ددانمان بشۆین.

2-وشكبوونەوەی دەم:
لەوانەیە لیكە ڕژێنەكانی ناو دەمت بڕی پێویست لە لیك بەرھەم نەھێنن، لیك گرنگە لەبەرئەوەی بە بەردەوامی ناودەم دەشواتەوە، بۆیە ئەگەر بڕی پێویست لیكت نەبێت ئەوا ناو دەمت وەكو پێویست پاك نابێتەوە، وشكبوونەوەی ناو دەم دەكرێت ھەندێك ھۆكاری ھەبێت وەكو بەكارھێنانی ھەندێك جۆری دەرمان، یان كێشە لە لیكەڕژێنەكاندا.

3-نەخۆشییەكانی پووك:
بۆنی ناخۆشی دەم كە ھەندێك جار كۆتایی پێ نایەت یاخود لەگەڵیدا ھەست بە تامێكی ناخۆش دەكەی لە دەمتدا، دەكرێت نیشانەیەكی ئاگاداركەرەوە بێت بۆ قۆناغێكی پێشكەوتووی نەخۆشییەكانی پووك.

4-خواردن:
خۆراكە بۆندارەكان كە ڕۆژانە دەیانخۆین كاریگەرییان ھەیە لەسەر بۆنی ئەو ھەناسەیەی كە دەیدەینەوە وەكو سیر، پیاز، قاوە...ھتد.

5-جگەرەكێشان و توتن:
جگەرەكێشان ددانەكانت ڕەنگ دەكات، دەبێتە ھۆی بۆنێكی ناخۆش لە ھەناسەتدا، ھەروەھا لەبەرئەوەی جگەرە كێشان ھەستی بۆنكردن كەمدەكاتەوە، كەسانی جگەرە كێش ھەست بە بۆنی ناخۆشی دەمیان ناكەن، بەكارھێنەرانی تووتن ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەكانی پووك زیاترە لە كەسانی ئاسایی، كە ئەوەش دیسانەوە ھۆكارێكی تری بۆنی ناخۆشە لە كاتی ھەناسەدان.

6-هەندێك جۆری نەخۆشی:
ھەوكردنی ناودەم دەبێتە ھۆی بۆنی ناخۆش، ھەندێك بارودۆخی تەندرووستی ھەیە دەبێتە ھۆی بۆنی ناخۆشی دەم وەكو نەخۆشی شەكرە، نەخۆشییەكانی گورچیلە و جگەر، گەڕانەوەی شلەكانی گەدە..ھتد

چۆن دەتوانم بۆنی ناخۆشی دەمم نەھێڵم؟

1- شۆردنی ددان و بەكارھێنانی داوی ددان:
شۆردنی ددانەكانت ڕۆژانە دووجار و بەكارھێنانی داوی ددان بۆ ڕزگاربوون لەو بەكتریایانەی دەبنە ھۆی بۆنی ناخۆش.

2- پاككەرەوەی دەم (غەغەرە):
بەكارھێنانی غەرغەرە ڕۆژانە دەبێتە ھۆی كوشتنی بەكتریاكانی ناودەم، ھاوكێش كردنی ترشی و تفتی ناودەم و نەھێشتنی بۆنی ناخۆش، بەڵام ئەوە تەنھا چارەسەرێكی كاتییە و پێویستە سەردانی پزیشكی ددان بكەیت.

3-بەرھەمھێنانی لیكی زۆر:
بۆ ئەوەی بڕێكێ زۆر لیك بەرھەمبھێنی ھەوڵبدە ئەو خواردنە تەندرووستانە بخۆیت كە جووینی زۆریان دەوێت وەكو سێو و گێزەر، یاخود بنێشی بێ شەكر بجوویت.

4- وازھێان لە جگەرەكێشان:
دووركەوتنەوە لە كێشانی تووتن بە چەندین شێواز بۆ جەستەت بەسوودە ھەروەھا دەبێتە ھۆی شێوازی ژیانێكی باشتر.

5- سەردانی پزیشكی ددانەكەت بكە لەكاتی خۆیدا:
ئەگەر دەتەوێت بزانی ھۆكاری بۆنی ناخۆشی دەمت چییە ئەوا سەردانی پزیشكی ددانەكەت بكە ئەو دەتوانی ھۆكار و چارەسەرەكەت بۆ دیاری بكات پێش ئەوەی بگاتە بارودۆخێكی جددی.



PM:07:17:21/11/2023




ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌