5 رێگا بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم


 
 
ته‌ندروستی‌ - 

بۆنی ناخۆشێ دەم هەندێک جار دەکرێت بە شتنی ئاسایی دەم و دان نەمێنێت، بەڵام زۆرجار شتنی دەم و دان بە فڵچە و مەعجون هیچ سوودێکی نییە و بەڵکو دەبێتە هۆی دووبارە گەڕانەوەی بۆنەکە.

بە پێی راپۆرتێک کە لە سایتی (Healthline)بۆنی ناخۆشی دەم مەرج نییە سەرچاوەکەی ناو دەم خۆی بێت، بەڵکو هەندێکجار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی نەخۆشییەک لە پوک یان جگەردا.

ئەمانەی خوارەوە چەند رێگایەکی ئاسانن کە دەتوانی رۆژانە پەیڕەویان بکەیت و خۆت لە بۆنی ناخۆشی دەم رزگار بکەیت:

1- پاککردنەوەی زمان

رەنگە تۆ رۆژی دوو جار دەم و ددانت بشۆیت، بەڵام ئایا زمانت دەشۆیت لەگەڵیدا؟

زمان بەردەوام پەیوەندیەکی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ خواردندا، بۆیە ئەگەر نەشۆرێت و پاک نەکرێتەوە ئەوا چینێک لە خۆراک و بەکتریا لەسەر زمان دروستدبێت کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی بۆنێکی ناخۆش کە بە شتنی ددانەکان بە تەنها لاناچێت و دەبێت لەگەڵیدا زمانیش بشۆرێت.

دەتوانیت راستەوخۆ فڵچەی ئاسایی ددان بخشێنێت لە زمانت، هەروەها هەندێک فڵچە لە پشتەوە لاستیکێکی تایبەتیان پێوەیە کە بۆ شتنی زمان بەکاردێت.

2-چای سەوز بخۆرەوە

چای سەوز یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان بۆ بۆنی ناخۆشی دەم، چای سەوز خاوەنی جۆرەها دژەئۆکسیدی جیاوازە کە سەر زمان لە ئاوێتە گۆگردییەکان پاک دەکاتەوە.


توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە چای سەوز لە نەعنا و بنێشت کاریگەرترە بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم.


هەندێ توێژینەوە ئەوەشیان سەلماندووە کە چای سەوز لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی رێگری کردن لە کلۆربوونی ددان.

3-بنێشت بجوو

جووینی بنێشت بۆنێکی خۆش دەبەخشێتە ناو دەم، بەڵام ئەمە تەنها رێگە نییە کە لە رێیەوە جووینی بنێشت بۆنی دەم ناهێڵێت، بەڵکو جووینی بنێشت لە هەمانکاتدا دەبێتە هۆی تەڕکردنی ناو دەم و دەبێتە هۆی زیاتر رژانی لیک بۆ ناو دەم، ئەمەش رێگری دەکات لە وشکبوونەوەی دەم، چونکە وشکبوونەوەی دەم هۆکارێکە بۆ بۆنی ناخۆشی دەم.

4-شتنی ناودەم بە زەیت

غەرغەرە کردن و شتنی ناو دەم بە زەیت و ڕۆن رێگایەکی کۆنی هیندییە کە بەکاردێت بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم،

توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بەکارهێنانی زەیت بۆ شتن و پاکردنەوەی ناو دەم هێندەی دەرمانە پزیشکییەکان کاریگەرە، بەتایبەت زیتی گوڵەبەڕۆژە.

5-دەرمانی (K12)

بوونی هەندێک بەکتریای دیاریکراو هۆکاری سەرەکین بۆ بۆنی ناخۆشی دەم، بالانسکردنی بەکتریا باش و خراپەکان لەناو دەمدا شتێکی پێویستە.

بەکتریای (Streptococcus salivarius K12) بەکتریایەکی باشە و بەپێی توێژینەوە زانستییەکان سەلمێندراوە کە کە کاریگەری ئەرێنی هەیە بۆ تەندرووستی ناو دەم.

K12 بەهێزکەرێکی پزیشکییە و لە دەرمانخانەکان دەسدەکەوێت، ئەم دەرمانە دەبێتە هۆی بالانسکردنی بەکتریاکان.


تێبینی/ گەر سەرەڕای بەکارهێنانی ئەم رێگایانە هێشتا بۆنی دەمت هەر هەبوو، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکی ددان بکەیت بۆ پشکنین.



PM:02:35:04/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 3338 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌