ته‌ندروستی -
كۆمه‌ڵێك له زاناكان له په‌یمانگای ماكس بلانك بۆ زانستی كیمیا له ئه‌ڵمانیا ئاشكرایان كردوه كه پیس بوونی هه‌وا هۆكاری سه‌ره‌كی مردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له مرۆڤه له‌سه‌ر زه‌وی له ئێستادا.
ئه‌م زانایانه باس له‌وه ده‌كه‌ن پیس بوونی هه‌وا یه‌كه‌م بابه‌ته كه له ئێستادا هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی و ساڵانه به‌هۆیه‌وه زیاتر له 8.8 ملیۆن مرۆڤ ده‌مرن.
ئه‌م بابه‌ته زانستیه له گۆڤاری "European Heart Journal" بڵاوكراوه‌ته‌وه و به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌كانی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له ئێستادا به‌هۆی كێشانی جگه‌ره‌وه زیاتر له 7.2 ملیۆن مرۆڤ ساڵانه گیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و پیس بوونی هه‌وا یه‌كه‌م بابه‌ته كه هه‌ڕه‌شه له ژیانی مرۆڤ ده‌كات له‌سه‌ر زه‌وی چونكه هۆكاری توشبوونه به چه‌ندین نه‌خۆشی مه‌ترسیدار و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی مردن.
تێكڕای ناوه‌ندی ته‌مه‌نی هاوڵاتیان له ئه‌وروپا دوو ساڵ كه‌می كردووه، پێشتر له ئه‌وروپا ساڵانه به‌هۆی پیسبوونی هه‌واوه زیاتر له 300 هه‌زار كه‌س ده‌مردن به‌ڵام له ئێستا ئه‌م ژماره‌یه هه‌ڵكشاوه بۆ 790 هه‌زار كه‌س له ساڵێكدا.
پیس بوونی هه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كار له دڵی ئه‌و كۆرپهیهش ده‌كات كه هێشتا له سكی دایكیدایه و له‌دایك نه‌بووه و له داهاتوودا كارده‌كاته سه‌ر قه‌باره‌ی و بچوكی ده‌كاته‌وه.
له‌ناو هه‌وادا گه‌ردیله‌ی زۆر بچووك هه‌یه كه قه‌باره‌كه‌ی 2.5 مایكرۆنه و بڕ ڕێگه پێدراوی ئه‌م ووردیلانه له وڵاتانی ئه‌وروپا 25 مایكرۆ گرامه له یه‌ك مه‌تر چوار گۆشه‌دا به‌ڵام ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ته‌نها بڕی 10 مایكرۆ گرامی له یه‌ك مه‌تر چوار گۆشه‌دا ڕێگه‌ی پێدراوه و ئه‌مه‌ش مانای وایه له وڵاتانی ئه‌وروپی پیس بوونی هه‌وا گه‌یشتۆته ئه‌وه‌نده و نیوی بڕی ڕێگه پێدراو و ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤایه‌تی .