سوودە تەندروستیەکانی زەردەچەوە


 
ته‌ندروستی‌ - 

زەردەچەوە جۆرێکە لەبەھاراتی ڕەنگ زەردی مەیلەو پرتەقاڵی کە زیاتر لە ووڵاتی ھند و باشووری خۆرھەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی ڕۆژھەڵات بەکاردێت بە ڕێژەیەکی زۆر لە خواردن دروست کردندا ، وەھەروەھا چەند سەدەیەکی زۆریش وەکو دەرمان وچارەسەر لەوڵاتی ھندا بەکار ھاتووە بۆ چارەسەری کێشەکانی ھەناسەدان، ھەروەھا زەردەچەوە یەکێکە لەو خواردنانەی پێدەگوترێت (super food ) چونکە کاریگەری ھەیە لەسەر چارەسەری شێرپەنجە ، خەمۆکی، ئه‌مانه‌ش سوددە تەندروستیەکانی ئه‌م جۆره‌ به‌هاراته‌ن: 

١- خەمۆکی (depression): 
زۆر لە پێکھاتەکانی ناو زەردەچەوە کاریگەری ھەیە لەسەر تەندروستی، بە تایبەتی باری دەروونی و خەمۆکی ، بەتایبەتی مادەی کورکمین(curcumine )کە پێکھاتەیەکی سەرەکی ناو زەردەچەوەیە یارمەتی کەم کردنەوەی خەمۆکی دەدات و یارمەتی دژە خەمۆکیەکان دەدات کە باشتر ئیش بکەن .

٢- نەخۆشی شەکرە جۆری دوو : 
لەبەرئەوەی ماددەی کورکمین وەکو دژە ھەوکردن کاردەکات ، وە یارمەتی جێگیرکردنی ڕێژەی شەکرەی ناو خوێن دەدات، لەبەرئەوە یەکێکە لەو خواردنانەی بەکار دێت بۆ ڕێگرتن و چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە جۆری دوو ، توێژینەوەیەک لەسەر ٢٤٠ کەس کراوە کە بۆ ماوەی ٩ مانگ کورکمینیان دراوەتێ بەشێوەی سەپلیمێنت، بینراوە کە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕێگری دەکات لە دروست بوونی نەخۆشی شەکرە .

٣- ھەوکردنی ڤایرۆسی یاخود پەتا : 
بینراوە کە چای زەردەچەوە کاریگەرییەکی باشی ھەیە لەکاتی توشبوون بە پەتا و ھەڵامەتی ڤایرۆسی ، بەڵام دەبێت ئەوەت لەبیر بێت زەردەچەوە تەنیا لە ٣٪ کورکمینە ، بۆیە لەوانەیە بە خواردنەوەی یەک چا ئەمەندە ھەست بە جیاوازی نەکەیت .

٤- کەم کردنەوەی ئازار و ناڕەحەتیەکانی پێش سووڕی مانگانە (pre menstrual symptom) : 
چەند توێژینەوەیەک لەسەر ھەندێک لەوانەی ئه‌م ناڕەحەتییەیان ھەیە کراوە ، مادەی کورکمینیان دراوەتێ بۆ ماوەی سێ مانگ پێش کاتی سوڕی مانگانە، بینراوە کە ئازار و ناڕەحەتیەکانیان نەماوە .

٥- بەرزی کۆڵیستڕۆڵ : 
لەھەندێ توێژینەوەدا بینراوە کە زەردەچەوە دەبێتە ھۆی دابەزینی چەوری جۆری LDLکەناسراوە بە چەوری خراپ ، توێژینەوەکان دەڵێن کەکاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر پاراستنی دڵ .

٦- نەخۆشی ئەلزھایمەر : 
ئەو نەخۆشیانەی تووشی ئەلزھایمەر دەبن ھەمیشە ھەوکردنی بەردەوامیان ھەیە، وە زەردەچەوە لەبەرئەوەی دژەھەوکردنی تیادایە، ھەندێک توێژینەوە دەڵێن کاریگەرییەکی باشی ھەیە لەم نەخۆشانەدا .

٧- داخورانی جومگەکان :
زەردەچەوە وەکو شۆرشێکی دروست کردووە لەزانستی تازەدا بۆ چارەسەرکردنی ئازاری جومگە، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ بیبەری ڕەش (black pepper)دا بخورێت، چونکە یارمەتی ھەڵمژینی زیاتری زەردەچەوەکە دەدات لەگەدەدا، وە بەشێوەی سەپلیمینت ھەیە ئێستا بە شێوەی (neoflex) یان (Neuro360) یاخود (curcumin).

٨- شێرپەنجە : 
لەتاقیگەکاندا بینراوە کە زەردەچەوە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەوەستینێت ، یارمەتی ئەو ئەنزیمانە دەدات کە خانەکان پاک دەکەنەوە بەشێوەیەکی باشتر ئیش بکەن .

٩- تەھەیوجی کۆڵۆن (irritable bowel syndrom ):
لەھەندێ توێژینەوە دا کە لەسەر ٢٠٧ کەس ئه‌نجامدراوه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ ، کە زەردەچەوە لەوانەیە ئازاری سک کەم  ده‌کاتەوەو نیشانەکانی تەھەیوجی کۆڵۆن کەم کاتەوە ، لەھەندێ نەخۆشی ریخۆڵەکان وەکوو (crohn's disseas)یان (Ulcerative colitis )وەکو چارەسەر بەکاردێت.

١٠- سەر ئێشە : 
ھەروەکو چۆن دیارە کە زەنجەفیل ئازارشکێنێکی سروشتی یە بۆ سەر ئێشە ، بینراوە زەردەچەوەش ھەمان کاریگەری ھەیە ، ھەندێک توێژینەوە دەڵێن دەتوانرێت بەکار بھێنرێت بۆ ڕێگری لە دروست بوونی سەر ئێشە ئەویش بەخواردنەوەی بە شێوەی شەربەت .

١١- زیپکە : 
بەبەکارھێنانی زەردەچەوە بە شێوەی ماسک لەسەر پێست یاخود خواردنی دەبێتە ھۆی کەم کردنەوەی دروست بوونی زیپکە و نەھێشتنی ئەویش بەھۆی ئەو ماددە دژە بەکتریاو دژە ھەوکەرانەی تیایدایە .

ئا: د. ھەڤین کمال شاە محمد 
پسپۆڕی بێھۆشکاری و ئازار شکاندن  


PM:03:11:07/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 4015 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌