ئومێدەکان بێ ئومێد مەکەن


 
ئاراس رواندزی

لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە دوو ھەزارو سێ-وە تا ئێستا، تاکە شانازی بەرپرسانی وەرزشی ھەرێمەکەمان، رێکخستن و ئەنجامدانی خولی تۆپی پێی کوردستان بووە، لێ دوای پازدە ساڵ شەمەندەفەرەکە پێچەوانەی ئامانجە سەرەکیەکی کە پێشخستنی تۆپی پێ و بەھرەی لاوەکانە، ئاراستەی گرتووە! 

ھۆلیگێنزەکان کەی دەوەستێنن؟! 

ھۆلیگێنزەکان لە ئەوروپا ئەو کەسانەن کە لە یارییەکانی تۆپی پێ کاری ئاژاوەگێڕی و تووندووتیژی لە رادەبەدەر ئەنجامدەدەن. لە کوردستانەکەی خۆشمان ئەو دەستەو تاقمە چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی کارا بوونیان ھەیەو ھاوشێوەی ھۆلیگێنزەکان و بگرە خراپتریش ھەوڵی لە باربردن و ناشیرینکردنی ھەموو سیمبول و جوانیەکانی تۆپی پێ دەدەن. 

ھێرشکردنە سەر ناوبژیوانان ئەو دیاردە قێزەونەیە کە ساڵانە لە ھەموو خولەکانی کوردستان دێتە دیتن، پەلاماردانی ئومێدی ناوبژیوانیش دواترین فیلمی تراژیدی وەرزشی کوردستان بوو کە ئامانجەکەی ساردکردنەوەو بێ ئومێدکردنی ھەموو ئومێدەکان بوو! سەرباری ھەڕەشەی بەردەوامی ئەو ڤایرۆسە ترسناکە، کەچی تا ئێستاش ھیچ میکانیزم و چەکێکی کوشندە بۆ بەرەنگار بوونەوەی دانەندراوە. بۆیە مافی خۆمە بڵێم فیدراسیۆنی تۆپی پێ ھۆکاری سەرەکی دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانەیە، چونکە سازدانی خول تەنھا کۆکردنەوەی چەند یانەیەک نیە، بەڵکو ئەرک و کارە گرنگەکە، رێکخستن و چاودێریکردن و بڕیاردانی چاونەترسانەیە، بەداخەوە لەمەڕ بڕیارو سزای تووند من فیدراسیۆنی پەیوەندیدار تا ئەندازەیەکی زۆر بە لاواز دەبینم. ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکیە بۆ ئەوەی ئاژاوەگێڕی و ھێرشی سەر ناوبژیوانان و تووندووتیژی ھاوشێوە بە بەردەوامی ببینین. 

کەوابێ گەر ستافی یەکیەتی تۆپی پێ دوور لە حزبایەتی و شارچێتی و بەرژەوەندییە ھەمەجۆرەکان بڕیاڕێکی تووند سەبارەت بە رووداوە ناشارستانی و نا وەرزشیەکەی یارییەکەی ( ھەندرێن و برایەتی) نەدەن، نەک ھۆلیگێنزەکان ناوەستێندرێن، بگرە تووندووتیژییەکان ھەموو سنوورێک دەبەزێنن و شەڕە بۆکس و دامبۆکس لە یاریگاکانەوە بۆ بەر دەرگای ماڵ بە ماڵی ھەموو وەرزشکارێک دەگوازرێتەوە!
میدیا ئەرکی راستکردنەوەشە، نەک تەنھا رووماڵ میدیاکان و میدیاکارانیش بە ئەندازەیەکی زۆر پشکیان لە بوونی ئەو تووندووتیژیانە ھەیە، مەخابن بەھۆی نا ئەکادیمیبوون و خۆڕسکبوونی بەشی زۆری رۆژنامەنووسان، ھەروەھا ھەژاری لە زانیاری و نەزانینی ئەرک و مافی پیشەکەی، راگەیاندکاری کوردی کارەکەی تەنھا لە رووماڵ و گەیاندنی دیمەنی یارییەکان و نووسینی چەند دێرێکی کلاسیکی کورت کردۆتەوە، بێ ئاگا لەوەی ئەرکە گرنگەکەی چاودێریکردن و پێدانی میکانیزم و راستکردنەوەی خوارییەکانی وەرزشیشە. ساڵانێکە ئاژاوەگێڕی و تووندووتیژی تەنگی بە وەرزشی کوردستان ھەڵچنیوە، کەچی لە تیڤیەکان راپۆرتێکمان نەبینی ئاماژە بێ بە وشیارکردنەوەو رێگاو شێوازە دروستەکەی ھاندان، لە کاتێکدا ھەزاران راپۆڕت لەسەر مێسی و رۆناڵدۆو بگرە شتگەلێگ وەشان کراون کە ھەوادارانی وەرزشی بەھۆی ماڵپەڕەکانەوە زیاتر لە ریپۆرتەر ئاگەدارین و زانیاریان لەبارەیەوە ھەیە. 

کەوابێ چی بکەین؟ 

سەرەتا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی وردو زانستی لەمەڕ ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تووندووتیژی یاریگاکان لە کوردستان بکەن، ئینجا بەھەند وەرگرتنی ئەم خاڵە گشتیانەی خوارەوە کە من پێموایە بە پراکتیزەکردنی دەرەنجامی خێراو ئەرێنیمان دەست دەکەوێت. 

١- بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئەو شێرپەنجە ترسناکە ھەموو جەستەی وەرزشەکەمان داگیر بکات، پێویستە سەرەتا ھەماھەنگیەکی خێراو درێژ مەودا لە نێوان فیدراسیۆنی تۆپی پێ و میدیاکان و کەسانی پسپۆر لەم بوارە دروست ببێت. 
٢- رێکخستن و دابینکردنی ئاسایش و ئارامی یاریگاو پاراستنی گیانی ناوبژیوانان و ستافی ھەردوو تیپ، پێویستی بە ئامادەبوونی رێژەیەکی بەرچاو لە پۆلیسی شارستانی مەدەنی ھەیە. 
٣- بەدەر لە ستافی ھەردوو تیپی کیبڕکێکەر، نابێ دوای یارییەکان رێگە بە ھیچ کەسێک بدرێ بچێتە نێو گۆڕەپانی یاریگا. 
٤- بۆ کەمکردنەوەو دووبارە نەبوونەوەی ھەموو دیاردەکانی تووندووتیژی، پێویستە فیدراسیۆنی تۆپی پێ بوێرانەتر سزاکانی بەسەر سەرپێچیکاران دەربکات، بەمەرجێک ھیچ پاشگەزبوونەوەو بەخشینێک ئەم حاڵەتانە نەگرێتەوە. 
٥- پێویستە بە بڕیارێک یەکیەتی تۆپی پێی کوردستان، یانەکان ناچار بە دروستکردنی دەستەی ھاندەران بکات، بەمەرجێک سەرپەرشتیاران و ئەندامانی ئەو دەستەیە لای یانەو یەکیەتی ناوبراو ناسراو بن. 
٦- زۆر گرنگ و پێویستە ساڵانە بەر لە خولەکە کۆنفرانسێکی گەورە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی ئاژاوەگێڕی و تووندووتیژی یاریگاکان بە بەشداری ( ئەندامانی فیدراسیۆن، میدیاکاران، سەرۆک و ئەندامانی یانەکان، دەستەی ھاندەرانی یانەکان، کەسانی ئەکادیمی و خاوە پڕۆژەو چەکی بەرەنگاربوونەوە) ساز بکرێت. 
٧- میدیاکاران دەبێ لە رێگەی نووسین و ریپۆرتاژی تەلەفزیۆنی و فاکتەرەکانی دیکەی گەیاندن، وێنەو شێوازە زانستی و سەردەمیانەکەی ھاندان نیشانی بینەرو ھەوادارانی وەرزشی بدەن.


PM:09:14:09/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 2240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌