هۆكاری توشبوونه‌ به‌ ده‌والی


 

ته‌ندروستی‌ - 

دەوالی، بریتیە لەگەورە بوونێكی بەردەوامی بۆری خوێن كە لەژێر پێستدا دروست دەبێت  و لەشێوەی كرمدایە و هەندێك جار ڕەنگی (شین ،پەمەیی ، مۆر)  دەردەكەوێت و ئەم نەخۆشیە زیاتر تووشی ژنان دەبێت بەراورد بە پیاوان.

سەبارەت بە نەخۆشییەكە و هۆكار و نیشانە و چارەسەرەكانی دەوالی ، دكتۆر (ئارام بارام محمد) پزیشكی نەشتەرگەری بۆرییەكانی خوێن لە دیدارێكدا لەگەڵ سایتی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی "dohsuli" روونكردنەوەی زیاتری خستەڕوو.

Dohsuli: هۆكاری دەوالی چیە ؟
د.ئارام بارام : زۆربەپێوەوەستان و ماندووبوونێكی زۆرهۆكارن بۆ دروست بوونی نەخۆشی دەوالی یان قەڵەوی و بەهەمان شێوە زۆربەی ئەوكەسانەی قەڵەون تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ، هەروەها بوونی نەخۆشی لەناوسك یان حەوز بۆنموونە (لیمفەگرێكان، ڕەحم ، گرێ‌ لەسەر بۆرییەكانی ناوسك) ئەوانیش ئەگەری دروست بوونیان هەیە بەونەخۆشییە.

Dohsuli: جۆرەكانی دەوالی چیە ؟
د.ئارام بارام : نەخۆشی دەوالی بەشێوەیەكی ناشرین لای ئافرەتان دەبینرێن كەلە پێ و دەستدا دەردەكەون و چەند جۆرێكی هەیە وەك (لولەیی ژێرپێست) كەئەم جۆرەیان لەژێرپێستدا لولپێچییە ولە شێوەی كرمدایە و جۆری (لولە و دەمار) ئەمەش لولەییە و دەمارەكە دەتەقێت و جۆری (كێشانی دەمار) دەمارەكە دەكشێت بەو جۆرە لولە دەمار دروست دەكات و جۆری (دەوالی برین) دەوالیەكە كاتێك دەتەقێت دەبێت بە برین لە ژێرپێستدا وهەروەها جۆری ( خوێن بەربوون) ئەم جۆرەیان مولولە خوێنەكان كاتێك دەتەقن ئەو كەسە تووشی خوێن بەربوون دەكات و (خوێن بەربوونی بەردەوام) كەسەكە تووشی خوێن بەربوونێكی بەردەوام دەكات و چاك بوونەوەی زۆر زەحمەت دەبێت.

Dohsuli: ماوەی نەخۆشی دەوالی و زیانەكانی چین ؟
د.ئارام بارام : ئەم نەخۆشییە لەگەڵ گەورەبوونیدا زیانی دەبێت بەجۆرێك كەلەهەندێك كەسدا (1ملم) یان زیاترە بەپێی گەورەبوونیشی ئازار دروست دەكات ، ئافرەتانی دووگیان دەوالیان تووش دەبێت بۆنمونە ئەگەر پێش دووگیانی (1ملم) بێت ئەوا لەكاتی دووگیانیدا ڕێژەكەی بەرزدەبێتەوە بۆ (10ملم) ئەوكات كڵۆیەك لەخوێندا دروست دەكات و زیان بەتەندروستی دایك و منداڵەكە دەگەیەنێت هۆكارەكەشی گەورەبوونی ڕەحمی دایكە لەكاتی منداڵبوونیدا كەفشاردەخاتەسەر بۆری خوێن و بەمەش خوێن ناگەڕێتەوە لەگەڵ مانگەكانی دووگیانیدا ڕێژەكە زیاد دەكات.

Dohsuli: خۆپاراستن و چارەسەرەكانی نەخۆشی دەوالی چیە ؟
د.ئارام بارام : خۆپاراستن و دووركەوتنەوە لەخواردنی چەوری و شیرینی  و حەپی رێگرتن لە دووگیانی هۆكارە بۆ دووركەوتنەوە لە تووشبوون بە دەوالی و هەروەها دەبێت هەوڵ بدرێت زۆر بەپێوە ڕانەوەستیت و پێ‌ خستنە سەرپێ‌ زیانی دەبێت ، نەشتەرگەری و ڕێگای لیزەر یەكێن لە چارەسەرەكانی دەوالی.

بەپێ‌ ی ئامارێك ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئەم پزیشكەیان كردووە دەركەوتووە (%70 ) تووشبووانی دەوالی ئافرەتن و (%10-20)پیاوانن بەمەش دەركەوتووە ڕێژەی تووش بوون بەو نەخۆشیە لەئافرەتان زیاترە وەك لە پیاوان. 


PM:02:46:11/06/2018




ئه‌م بابه‌ته 1788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌